کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناڕەزایەتی دەربڕینی ٣ وڵاتی ئورووپایی بە پەرەپێدانی بەرنامەی مووشەکیی کۆماری ئیسلامی ئێران

13:41 - 16 سەرماوەز 2719

پەرەپێدانی بەرنامەی مووشەکیی ئێران بۆتە هۆی ناڕەزایەتی وڵاتانی جیهان و لەو پێوەندییەدا ٣ وڵاتی ئورووپایی نامەیەکیان ئاڕاستەی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان کرد. بە پێی هەواڵی هەواڵدەری "ئاسۆشیتدپرس" ٣ وڵاتی ئوروپایی لە نامەیەکدا کە بۆ "ئانتۆنیوگۆترێس" سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکانیان نووسیوە، ناڕەزایەتی خۆیان بە پەرەپێدانی بەرنامە مووشەکییەکانی کۆماری ئیسلامی ئیران کە توانای هەڵگرتنی کڵاوی ناوکی هەیە دەربڕی. لەو هەواڵەدا هاتووە کە ٣ وڵاتی، فەڕانسە، بریتانیا و ئاڵمان لە نامەیەکی هاوبەشدا ڕایانگەیاندووە کە ئەم کارەی ئێران لە گەڵ بڕیارنامەی پەسەندکراوی نەتەوەیەکگرتووەکاندا کە داوا لە ئێران دەکا دەست لە پەرەپێدانی بەرنامەی مووشەکی هەڵگری یەکناگرێتەوە. هەر بەپێی ئەو هەواڵە باڵوێزانی ئەو ٣ وڵاتە لە نەتەوەیەکگرتووەکان داوایان لە سکرتێری گشتی ئەو ڕێکخراوە کردووە کە لە ڕاپۆرتی ئەمجارەی خۆیدا بۆ ئەنجومەنی ئاسایش، ئەندامانی ئەو ئەنجومەنە لەو کردەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران ئاگادار بکاتەوە. شایانی باسە کە بەپێی بڕیارنامەی ٢٢٣١ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ساڵی ٩٤ی هەتاویدا کە بۆپاڵپشتی لە ڕێکەوتننامەی ناوەکی واژۆکراوە، هەندێ بەربەستی نیزامی بۆ کۆماری ئیسلامی دیاریکراوە کە دەبێ تا ٢٠٢٠پێوەی پابەندبێ. جێی ئاماژەیە کە ئەمریکا تێدەکۆشێ بەهاوکاری ١٤ وڵاتی ئەندام لە ئەنجومەنی ئاسایشدا ئەو بڕیارە دووبارە درێژبکرێتەوە، بەڵام کۆماری ئیسلامی هەمووی ئەوانە ڕەتدەکاتەوە و دەڵێ هیچ بەرنامەیەکی بۆدەست وێڕاگەیشتن بە چەکی ناوکی نییە.