کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەردانی بەرپرسانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بۆ پارلمانی دانمارک

14:48 - 16 سەرماوەز 2719

ئەندامانی کۆمیتەی دانمارکی حیزبی دێموکراتی کوردستان سەردانی پارلمانی دانمارکیان کرد. رۆژی دووشەممە رێکەوتی ١١ی سەرماوەزی ٩٨ی هەتاوی، هەیئەتێکی کۆمیتەی دانمارکی حیزبی دێموکراتی کوردستان، کە پێکهاتوو لە بەرپرسی کۆمیتە رەحیم خالیدنژاد، شاهۆ پیرانی و وریا مەللاک بەرپرسانی پێوەندییەکان و تەشکیلاتی حیزب، سەردانی پارلمانی دانمارکیان کرد و چاویان بە "لارس ئەسلان غاسمووسن" پارلمانتاری دانمارکی و سەرۆکی هەیئەتی دانمارک لە شوڕای ئورووپادا لە سەر ناوی حیزبی سۆسیال دێموکراتی دانمارک کەوت. لە چاوپێکەوتنەکەدا بە وردی ئاماژە بە ئاستی هاوکاری نێوان ئەم دوو حیزبە و گرینگی ئەم هاوکاریانە کرا و پلان و بەرنامەیان بۆ داهاتوو و هاوکارییەکانیان دانا کە بریتی بوون لە: بەڕێوەبردنی کۆمەڵە کۆنفڕانس و وۆرکشۆپێک لە پارلمانی دانمارک و سەردان و چاوپێکەوتنی دوو لایەن و ڕەخساندنی بواری زیاتر بۆ ئاشنایی سیاسەتمەدارانی دانمارکی لەگەڵ کورد و بابەتە پەیوەندیدارەکان بە کوردستان. لە میانەی چاوپێکەوتنەکەدا هەیئەتی حیزب بە ڕاشکاوی تێبینی و سەرنجی خۆی لەمەڕ ئەگەری پەیوەست بوونی دانمارک و پێنج وڵاتی دیکەی باکووری ئەورووپا بە رێکەوتنی ئێنستێکس هێنایە بەر باس و مەترسیەکانی دیکەی رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی لە ناوچەکە و جیهاندا هێنایە بەرباس. تێرۆریزمی نێودەوڵەتی، پێشێلکاری مافی مرۆڤ و مووشەکە دوورهاوێژەکانی ئێران، تیرۆری ئەندامانی ئەلئەهواز لە دانمارک و هێرشی مووشەکی بۆ سەر بنکەکانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لە کۆیە و کوشتوبڕی خۆپێشاندەرانی خۆپێشاندانەکانی ئەم دواییەی گەلانی ئێران لەو بابەتانە بوون کە لە کۆبوونەوەکەدا باسیان لێکرا. لارس ئەسلان بەڵێنیی هاوکاری زیاتری لەم بابەتانەدا و بڕیارە کۆبوونەوەیەکی تایبەت بەم کێشانە دەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بە بەشداری کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستان پێکبێنێ.