کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپێشاندانەکانی خەڵکی عێراق بەردەوامن

17:19 - 16 سەرماوەز 2719

خۆپێشاندانەکانی خەڵکی عێراق بۆ گۆڕینی حکوومەت و دەستەبەرکردنی مافەکانیان بەردەوامن . خۆپێشاندانەکانی خەڵکی عێراق کە زیاتر لە دوو مانگە بەردەوامە و داوا دەکەن کە کاربەدەستانی ئەو وڵاتە واز لە دەسەڵات بێنن و بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانیان شەو و ڕۆژ لە شەقامەکان دان، لەگەڵ ئەوەی کە سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە لەژێر گوشاری خۆپێشاندەران وازی لە دەسەڵات هێناوە، خەڵک هەروا درێژە بەخۆپێشاندانەکان دەدەن. لە ڕۆژی یەکەمی ئەو خۆپێشاندانانەوە خەڵک لە گەڵ کوشتن و توندوتیژی بەرەوڕووبوونەوە و تا ئێستا زیاتر لە ٤٤٠ کەس کوژراون و ٢٠ هەزار کەسیش بریندار بوون. پێشتر خۆپێشاندەران باسیان لەوە دەکرد کە میلیشیاکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی و چەکدارەکانی ئەو ڕێژیمە تەقەیان لەخەڵک کردووە، ئەوەی جێگەی سەرنجە، ڕۆژی ڕابردوو کۆمەڵێک کەس بە چەک و چەقۆوە چوونەتە نێو خۆپێشاندەران و چەند کەسیان لە خۆپێشاندەران کوشتوە و بریندار کردووە. شایانی باسە کە لە بەغدا و چەند شارێکی شیعەنشینی عێراق خۆپێشاندەران دژ بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران دروشمیان دا و داوای چوونەدەری ئەو ڕێژیمەیان کرد لە وڵاتەکەیان و چەند جارێک کۆنسولگەرییەکانی ڕێژیمیان لەو وڵاتە سووتاند و وێنەی ڕێبەرانیان خستە ژێر پێ و ناڕەزایەتی توندی خۆیان لە دەستێوەردان و ئاژاوەگێڕییەکانی ئەو ڕێژیمە سەرەڕۆیە لە وڵاتەکەیان دەربڕێ.