کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان: نیگەرانی ئەشکەنجە و لە سێدارەدانی خۆپێشاندەرانی ئێرانین

17:20 - 16 سەرماوەز 2719

ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان ڕۆژی هەینی ١٥ی سەرماوەزی ١٣٩٨ی هەتاوی نیگەرانی خۆی لە ئێعدام و ئەشکەنجەدانی ئەو خۆپێشاندەرانە لە زیندانەکانی ئێران ڕاگەیاند کە لە ناڕەزایەتییەکانی ئەمدواییانەی ئێراندا بەشدار بوون. بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی فەڕانسە، کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان لە دۆخی زۆر نالەباری خۆپێشاندەرانی ئێرانی لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیدا نیگەرانە. میشێل باشلە، بەرپرسی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان وێرای ڕەخنە لە ناڕوونی دۆخی خۆپێشاندەرانی دەسبەسەرکراو گوتی: " من زۆر نیگەرانی ئەشکەنجەکردن و پێشێلکردنی مافی خۆپێشاندەرانم وەک دادگایی کردنێکی عادڵانە و نیگەرانی ئەوەم کە لەسەر مەسەلەیەک دادگایی بکرێن سزاکەی لەسێدارەدان بێ". باشلە ڕایگەیاند کە لەگەڵ ئەوەی کە خەڵکێکی زۆر دەسبەسەر کراوە و لە زیندان دان، تا ئێستاش گرتن و دەسبەسەرکردنی خۆپێشاندەران هەر درێژەی هەیە. قسەکانی میشیل باشلە لە کاتێکدایە کە ڕۆژی هەینی برایان هۆک نوێنەری تایبەتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران ڕایگەیاند کە لە خۆپێشاندانەکانی ئەمداواییانەی گەلانی ئێراندا زیاتر لە هەزار کەس کوژراون. هۆک هەر لەوبارەوە ڕایگەیاند کە لەپێوەندی لەگەڵ پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤدا سزای توند بۆ کاربەدەستانی ئەو دۆسیە بەڕێوەیە. ناوبراو ڕایگەیاند کە ماوەی چل ساڵە کۆماری ئیسلامی مافی مرۆڤ پێشیل دەکا و هەڵسوکەوتی ئەوجارەی لەگەڵ خۆپێشاندەران وەحشیانە بوو و ئەو کردەوەیەی ڕێژیمی ئاخەندەکانی مەحکووم کرد.