کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەمارۆی ئەمریکا بۆسەر ٣ سەرکردەی عێراقی نزیک لە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی

17:23 - 16 سەرماوەز 2719

وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا ڕۆژی هەینی ١٥ی سەرماوەز سێ سەرکردەی عێراقی نزیک لە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێرانی بەبۆنەی سەرکوتی خەڵکی خۆپێشاندەری عێراق، خستە نێو لیستی گەمارۆکانەوە. مایک پۆمپێئۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە ڕاگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە خەڵکی عێراق دەیانەوێ وڵاتەکەیان سەقامگیر بێ و کۆماری ئیسلامی لە عێراق بچێتە دەرەوە. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، "قەیس خەز عەلی" بەرپرسی "عصائب اهل حق" کە سەر بە ڕەوتێکی حەشدی شەعبییە و براکەی " لیث خزعلی" و "حسین فالح اللامی" یەکێکی تر لە فەرماندەرانی حەشدی شەعبییە، وەکوو تۆمەتبار لە کوشتاری خەڵکی ناڕازیی عێراق دەناسێت و بەبۆنەی وەرگرتنی یارمەتی و هاوکاری لە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دەخرێنە نێو لیستی گەمارۆکانەوە. هەروەها کەسێکی دیکە بە ناوی خەمیس فەرعان خەنجەر عیساوی یەکێک لە سیاسەتمەدارانی عێراقی خستە لیستی گەمارۆکانەوە. دیوید شانکر جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند کە گەمارۆی ئەو چەند بەرپرسەی حەشدی شەعبی پەیامێکە بۆ هەر دوو دەوڵەتی ئێران و عیراق. کۆماری ئیسلامی کە بە ئاشکرا دەستی لە سەرکوتی خەڵکی ناڕازیی عێراقدا هەبووە و کردەوەی سەرکوتکەرانەی ڕێژیم لە مێدیا نێوخۆییەکانی عێراق و جیهاندا بڵاوکراوەتەوە.