کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قافڵەی خەباتکارانی ڕێی ئەوینی نیشتمان

17:39 - 16 سەرماوەز 2719

ڕۆڵە فیداکارەکانی سەدەی نەبەزین و نەسرەوتن، لە تاقوەسانانەوە تا ئاربابا و ئاگری و هەڵگورد، سڵاو لە قامەتی بەرزی شۆڕشگێڕانە و پێشمەرگانەتان. ئێوە شکۆی نەتەوەیەکن و دەمێکە سەرقافڵەی کاروانێکن کە ناو و نیشانی ئەو کاروانە لە پەرتووکی چوارچرادا لە کتێبخانەکەی کۆماری کوردستاندا بە خوێن نووسراوە. لەو کاتەوە کە ژێکاف ئەلفوبێی ژیان و ژیانەوەی نووسی و ئەستێرەی گەلاوێژ بوو بە پڕشنگی ڕووناکیدەری ڕێگەی ڕاپەرین و هەستانەوە، لەو کاتەدا بلیمەتێک بوو بە پێشەنگ و ئێوەش بێ سڵکردن و سڵەمینەوە بەگژ تەلیسم و ترس و تۆق و تۆفاندندا چوونەوە. سوێندی سەرۆک کۆمارەکەی کورد لە ڕێبەندانی ڕۆژگاری ڕەشی زوڵم و ستەمی ئەو سەردەمدا، ڕێگەی ڕزگاریی پێشان دان و پێناسەی ڕزگاری و سەربەخۆیی خستە سەر سینگتان، ئێوە ئاڵاهەڵگر و پێشەنگی ئەم کاروانە دەمێکە هەروا بەردەوام ئەم ڕێگەیە دەپێون. لەو کاتەوە تا ئێستا ئەم ڕێگەیە هەردەم پر لە ڕێبوار، هەردەم پڕ لە سەردار، ڕوح لەپێناو سەر لەسەر دار، بەرەو سەرکەوتن هەنگاو دەنێ. سوێندی قازییەکانی بەردەم سێدارەی پەیمان و وەفا، بوو بە هەوێنی خۆڕاگریی و وەفاداریی ئێوە ڕۆڵە بەئەمەگەکانی پێشەوا و هەڵگرانی پەیامی کۆمار و چوارچرا. ئێوە ئەویندارانی ڕێگەی کۆمار و ئۆگرانی ڕێگەی دێموکرات، لە ڕێبەنداندا شەختە و سەهۆڵی ڕێگە سەختەکانتان شکاند، بەر لە خاکەلێوە ئاڵای پێشەنگی کاروانی سەربەخۆییتان گرتە دەست و لە خاکەلێوەدا ئەم ڕێگەیەتان بە خوێن ڕەنگاند. ئێوەی سەوداسەری ئازادی هەردەم سەرفراز و بەپێوە، بێ نەوەستان بەرەو لووتکە هەر بەڕێوە، نەسرەوتن و کۆڵنەدانتان موژدەی بەهاری ئازادیی پێوە. ئێوە جەنگاوەرانی ڕۆژانی سەختی ڕێی خەبات و خەباتکارانی وڵاتی خۆر، بە خوێن ڕێگەی خەباتتان ڕەنگاند، لە ساتەوەختی ستەم و داپڵۆسیندا بەرەنگاری لەشکری شا بوونەوە، لەگەڵ فەرمانی جیهادی تاریک پەرەستی ئاخوندەکاندا بەگژ دێوەزمەی شەڕدا چوونەوە. لە شەوەزەنگی جەهالەتدا لەگەڵ پڕشنگی ئەستێرەکان موژدەی باوەڕ و بەیانیتان بە گەل دا. بە بانگی ئازادی خەڵکتان لە خەو ڕاپەراند و بە سروودی ئەی ڕەقیب خەونی دژمنتان خەواند. لە نیشتمانی من زیندان و بەندیخانە ساز کرا تا دەنگی ئازادی بەند کەن و هاواری هەقخوازی لە قوژبنی تاریکخانەکاندا بخنکێنن. لەو ڕۆژەوە کە لە وڵاتی من پەرتووک بەند کرا و پێنووس لە سێدارە درا، لە سەر لووتکە بەرزەکانەوە ئێوە بوونە بانگی ئازادی و ئازایەتی. ئەو کاتانەی هەوری ڕەشی ستەم ئەستێرەکانی هەڵلووشی، ئێوە بوونە مۆم و مەشخەڵ تا ڕێچکە تاریکەکان ڕۆشەن بکەنەوە. لەو ڕۆژەوە چەکی شەڕەف و شانازیتان کردە شان و بوێرانە هاتنە گۆڕەپانی جەنگ، لەو ڕۆژەوە غروور بوو بە پیناسە و ئێوەش بوونە ڕەمزی فیداکاری و نەبەزین. هاوڕێم، هاوسەنگەر، قرمژنی چەکی دەستت خەوی لە چاوی دژمن زڕاند، دەنگی هاواری بەرزی ئازادی و ئازادیخوازیت دەریای مەندی دەسەڵاتی زۆرداری هەژاند، ئەوە تۆ بووی دوێنی، ئەوە تۆی ئەمڕۆ سینگت کردۆتە سپەر و قەڵغان تا نیشتمان لەدەست داگیرکەر بپاریزی، ئەمڕۆ تۆ سپەر و سەنگەری، ورە و غیرەت و هێزی، لە نیشتمانی کورد لای خەڵکی بەرزی، ڕووناکیدەری ڕێی خەباتی، جێی ڕیزی. ناوی پێشمەرگە پێناسەی ئەو کچە تابۆ شکێن و ئەو کوڕە خەباتکارانەیە کە ئاڵا بەدەست و دەست لەسەر سینگ ، چەک بەدەست و ڕوح لە پێناو، بەرەو مەنزڵگەی سەربەخۆیی نیشتمان پشتی هەوراز دەچەمینن و بەرەو لووتکەی سەرکەوتن هەنگاو دەنێن. ڕۆڵە بە ئەمەگەکانی دایکی نیشتمان، لە نیشتمانی چاوەنواڕی ئازادی و ڕزگاریدا، دایکانی جەرگ‌سووتاو و پیرەباوکانی پشت چەماو، نەوبووکانی کۆست‌کەوتوو و مناڵانی چاوڕێ، هەردەم چاوەڕوانی ئێوە و موژدەی ئازادی وڵات و گۆڤەندی سەرکەوتنی کوردستانن. مێژووی ئیوە سەرانلێژە لە بەرخۆدان و بەرەنگاری، لاپەرە زێڕینەکانی میژووی نەتەوەی کورد بە گیانبازیی ئێوە و بە خوێنی ئێوە نووسراوە و ڕەنگاوە. نە هێز و هەڕەشەی دژمن دەترسێنێ و نە گرتووخانە چۆکت پێدا دەدا، نە لە بۆسەی داگیرکەر دەسڵەمێیەوە و نە باکت لە بەرەنگارییە، نە گوڕەگوڕ و قامچیی جەلاد دەتلەرزێنی و نە بۆمب و ناپاڵم دەتهەژێنێ، تۆ ڕۆڵەی کورد و بە شیری پاکی دایکێک گۆشکراوی کە بەهیوای ئازادی سەری نایەوە. چەکی دەست و جامەناکەت یادگاری باوکێکە کە لەپێناو پاراستنی نیشتمان بوو بە قوربانی و خوێنی ڕژایە ژێر داری ئازادیی نیشتمان و ئەم ڕێگە و ڕێبازەی بە تۆ سپارد.