کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشەنگایەتیی ژنان لە خۆپیشاندانەکانی ئەمجارەدا

18:16 - 16 سەرماوەز 2719

یەک لەو گرینگترین پێوەرگەلەی کە پێناسەی کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتوو و ئازاد و زیندوو دەکا پێوەری ئازادیی ژنان و یەکسانیی مرۆڤە، واتە لە هیچ ماف و ئەرکێکدا هیچ جیاوازییەک لە نێوان ڕەگەزی نێر و مێدا نەبێ و ژن و پیاو شانبەشانی یەکدی و بەبێ جیاوازی، ئەرکی کۆمەڵگە ڕاپەڕێنن و وەکوو یەکیش مافیان هەبێ. سەرەڕای چەوساندنەوە و کۆیلە کردنی ژنان و هەروەها پشتگوێ خستنی مافەکانیان لە کۆمەڵگە دواکەوتووەکاندا بەهۆی ئایین، فەرهەنگ، نەریت و هەموو ئەو هۆکارانەی دەسەڵاتدارە توتالێتێر و دیکتاتۆرەکان بۆ مانەوەی خۆیان لە دەسەڵاتدا بەردەوام هەوڵی هێشتنەوەی مرۆڤەکانیان لە بازنەیەکی داخراو و خەیاڵیدا داوە، بەڵام کەم نەبوون و نین ئەو ژنگەلەی لە بوارە جۆراوجۆرەکانی هونەری، زانستی، کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابووری و بەتایبەت لە بواری پەروەردەدا بوونەتە مەشخەڵی ڕێگەی ژیانی مرۆڤایەتی و هەر وەکوو ئەستێرەی پرشنگدار لە ئاسمانی کۆمەڵگە تاریکەکاندا دەدرەوشێنەوە. بێگومان کۆمەڵگەی کوردەواریش دوور نەبووە و نییە لەم هەڵاواردنە ڕەگەزییە و کپ کردنی دەنگ و توانای ئافرەتان و بیری پیاوسالارانە. ناشمانەوێ ئاماژە بە مێژوو و هۆکارە مێژووییەکانی ئەم هەڵاواردنە لە کۆمەڵگەی خۆماندا بکەین کە خۆی باسێکی تایبەتی دەوێ، ئەوەی مەبەستمانە تیشک خستنە سەر دەور و نەقشی ژنانە لە ئەمڕۆدا. بەتایبەت لە ماوەی دەسەڵاتی نگریسی کۆماری ئیسلامی بەسەر ئێراندا. دوا بەدوای ڕووخانی حکوومەتی حەمەڕەزاشا، خومەینی هەلەکەی قۆستەوە و دوای سەرکوت و دەمکوتی نەیارانی، دەسەڵاتی ئێرانی گرتە دەست و یاسای بنەڕەتیی ناتەبا لەگەڵ مافی ئینسان و پڕاوپر لە هەڵاواردن ودواکەوتوویی مەزهەبیی بەسەر خەڵکی ئێراندا سەپاند، کە یەک لەو یاساگەلە جیاوازیی ڕەگەزی یان هەڵاواردنی ڕەگەزییە دژبە ژنان. بەشێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ هاوکات لەگەڵ سەرکوتی گەلانی ناڕازی، سەرکوت و دەمکوتی ژنانیش بەشێوەیەکی سیستماتیک و یاسایی و بەتایبەت لە ڕوانگەی ئایین و مەزهەبەوە بە هەموو شێوەیەک دەستی پێکرد و بەردەوام لەڕێگای پەروەردە و ئایین و دەزگا حکوومەتییەکانەوە هەوڵی لاوازکردن و بچووککردنی کەسایەتیی ژن و کۆیلەکردنی دراوە و ویستوویانە ژنان کە بەشی کاریگەر و نیوەی کۆمەڵ و تەنانەت بزوێنەری کۆمەڵگەشن بێدەنگ بکەن، کە تاڕادەیەکی زۆریش لەم بوارەدا سەرکەوتوو بوون، بەڵام بە هەوڵ و ماندووبوونی ڕووناکبیران و چالاکانی بوارە جیاجیاکان و بەتایبەت پاش ئەوەیکە تێکنۆلۆژی و ئینتێرنێت، جیهانی چکۆلە کردەوە و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان توانییان سنوورەکان نەهێڵن و زانست و زانیاری بە شێوەی زیندوو و بەربڵاو، تەقە لە دەرگای مێشکە خوازیار و تەنانەت مێشکە خەوتووەکانیش بدا و بیرە کۆنەکان تێک بشکێنێ و؛ کۆمەڵگە بەگشتی و ژنان بەتایبەتی زیاتر خۆیان ناسی و زۆرتریش هاتنە مەیدان و داوای مافەکانیان کرد. بەم جۆرە ڕێکخراوی تایبەت بە ژنان پەرەیان سەند و دەسەڵاتی کۆنەپەرستان ڕۆژبەڕۆژ زیاتر کەوتە مەترسییەوە. کۆماری ئیسلامی دیارە چ نیزامێکە و بریتییە کە زوڵم و زۆرداری، دزی و گەندەڵی و شەڕ و ئاژاوە و دەسەڵاتێکی دژەمرۆیی و خوێنمژە و بۆ مانەوەی خۆی وەکوو دوو مارەکۆڵ تەنانەت بە خۆیشییەوە دەدا، چ بگا بەوەیکە خەڵکێک لە بەرامبەریدا ڕاوەستێ و داوای مافەکانی خۆی بکا، سەرەڕای ئەوەش هەمیشە کەسانێک هەم بە تاک و هەم بە کۆمەڵ نەیانتوانیوە، لە ئاست زوڵم و زۆری دەسەڵاتدارە ملهوڕەکاندا بێدەنگ و پەسیڤ بن و بە هەموو شێوەیەک هەوڵیان داوە ئازادی بۆ خۆیان و کۆمەڵگەکەیان مسۆگەربکەن و لەم ڕێگەیەشدا گیانی خۆیانیان کردۆتە قوربانیی ئامانجە پیرۆزەکانیان. ئەوان هەوڵیان داوە کە کۆمەلگە زیندوو کەنەوە و بە گژ دیکتاتۆرەکاندا چوونەتەوە. نموونەی کوردستان و ئەو بە هەزاران شەهیدەی کە لە پێناو ماف و ئازادیی نەتەوە و خاکەکەماندا بوونەتە پێشەنگی مافخوازی و ئازادی و بەدەیان ساڵ خۆڕاگری و بەرگری لە مافەکانیان لە بەرامبەر زاڵمترین و دواکەوتووترین حکوومەتەکانی دنیادا، واتە پاشایەتی و کۆماری ئیسلامی؛ هەڵبەت لە ماوەی دەسەڵاتداریی کۆماری ئیسلامیدا بەردەوام خەڵکی ئێران بەگشتی و کوردستان بەتایبەتی لە مەدەنییانەترین شێواز بۆ داخوازیی مافەکانیان کەلکیان وەرگرتووە و لەگەڵ دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا بەرەوڕووی یەکتر بوونەتەوە، بەڵام ئەوەی کە گرینگە و دڵخۆشکەر و نیشانەی زیندووبوونی کۆمەڵگەی ئێران و کوردستانە ڕادەی بەشداریی چالاکانەی ئەم‌جارەی ژنانە لە خۆپیشاندانەکانی کۆتایی خەزڵوەردا. هەرچەند کە ژنان لە بوارە جیاجیاکاندا بەتایبەتی لەم ساڵانەی دواییدا خۆیان بەباشی دەرخستووە و جێ‌پەنجەشیان دیارە و خەوی شەمشەمە کوێرەکانیان زڕاندووە، بەڵام ئەوەی کە جێگەی سەرنج و بایەخە دەور و نەقش و بوونی ژنانی ئازا و بوێر و مافخوازە کە شانبەشانی پیاوان و لە هێندێ شوێنیشدا وەکوو پێشەنگ و شکێنەری ترس و دڵەڕاوکێ، هێز و وزەیان بە پیاوانیش داوە و بە دەستی بەتاڵ بەڵام بە ئیرادە و باوەڕێکی قووڵ بە ئازادی و ڕزگاریی وڵاتەکەیان لەژێر چنگی دەسەڵاتدارە ملهوڕ و خوێنمژەکانی جەماران و قومدا، سینگیان کردە قەڵخانی گوللەی داگیرکەران و چەندین کەسیش لەو ڕێگە پیرۆزەدا گیانیان بەخت کرد. وەک بەرپرسانی ڕێژیم دەڵێن ئەم‌جارە مەترسیدارترین خۆپیشاندان بووە بۆ کۆماری ئیسلامی و ڕێژەی ژنان لەسەرووی سەتا ٢٥ بووە و پێشەنگایەتیی جەماوەریشیان کردوە. هەرچەند گیان لەدەست دانی خەڵکی بێتاوان خەمێکی قورسە بەڵام ڕوونە کە ئازادی، نرخی دەوێ و وادیارە بە خۆناسینی گشتیی خەڵک و بەتایبەت ژنان هیچ دیکتاتۆرێک ناتوانێ خۆی لەبەر هێزی خەڵکێکدا بگرێ کە خۆیان ناسیوە و دەزانن چیان دەوێ و هەروا کە دەڵێن : گەلێک کە واتای ژیان و ئازادی بزانێ، هیچ دیکتاتۆرێک ناتوانێ بەسەریدا زاڵ بێ.