کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەواڵە پێوەندیدارەکان بە دۆخی ئاڵۆزی عێراقەوە

15:06 - 18 سەرماوەز 2719

گرژی و ئاڵۆزی و خۆپێشاندانەکان لە عێراق بەردەوامن و زۆر جار تێکهەڵچوون لەنێوان خۆپێشاندەران و چەند گرووپێکی چەکدار ڕوودەدا. لە تازەترین رووداوەکاندا لە ماڵپەڕێکی حەشدی شەعبی بڵاوکرایەوە کە چەکدارەکانی ئەو گرووپە دەستیان هەبوو لە تەقەکردن لە خۆپێشاندەران لە شەوی هەینی ڕابردوو بەڵام دوای ماوەیەک هەواڵەکە لەسەر ماڵپەڕەکە لادرا. لە بەغدا ھەزاران خۆپیشاندەر لە گۆڕەپانی تەحریر و چەند شوێنێکی تری بەغدا ماونەتەوە و داوای ئاشكراكردنی بكوژانی خۆپێشاندەران و چاكسازی ریشەیی دەكەن. خۆپێشاندەرانی عێراقی لەسەر دیواری کۆنسۆلخانەی ئێران لە نەجەف نووسیویانە " عێراقتان لێ حەرام بێ" و هەروەها خۆپێشاندەران ڕایانگەیاندووە کە لە ئاگرتێبەردانی مەزارگەی " شەهیدی مێحڕاب" پەشیمان نین و بۆ بەرگری لەخۆیان هێرشیان کردۆتە سەر مەزارگەکە. شایانی باسە کە تا ئێستا ٣ جار کۆنسولخانەی کۆماری ئیسلامی لە نەجەف لەلایەن خۆپێشاندەرانەوە سووتێنراوە. سێ دەوڵەتی فەڕانسە و ئاڵمان و بریتانیا داوایان لە عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق کردووە ئەو کەسانەی لە پشت کوشتنی خۆپیشاندەرانەوەن سزا بدرێن، هەروەها نابێ رێگە بە هیچ گرووپێکی چەکدار بدرێت لەدەرەوەی فەرمانی حکومەت هیچ جموجووڵێک ئەنجام بدا. محەممەد خالیدی، سەرۆکی هاوپەیمانیی "بیارق خەیر" لە پەرلمانی عێراق راگەیاند کە پێویستە لەسەر کوشتن و بریندارکردنی خۆپیشاندەران، عادل عەبدولمەهدی وەک فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، وەزیرانی بەرگری، ناوخۆ و ئاسایشی نیشتمانی و بەشێک لە فەرماندە ئەمنی و پارێزگارەکان دادگایی بکرێن، چونکە ئەوانە بەرپرسن لەو رووداوانەی ئەم دواییانەی خۆپێشاندانەکانی عێراق. لەنێو گرژی و ئاڵۆزییەکانی عێراقدا شەوی ڕابردوو لە بەغدا دوو مووشەک کە ئاڕاستەی باڵوێزخانەی ئەمریکا کرابوون لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی عێراق کەوتنە خوارەوە و پێنج کەس بریندار بوون کە برینی دوو کەسیان سەختە.