کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داواکاریی چەند نوێنەرێکی پارلمانی ئێران بۆ لێکۆڵینە سەبارەت بە خۆپێشاندانەکانی ئەم دواییانەی ئێران

16:37 - 19 سەرماوەز 2719

چەند کەس لە نوێنەرانی پارلمانی ئێران داوای پێکهێنانی لیژنەیەک دەکەن بۆ زانینی زانیاریی زیاتر سەبارەت بە وردەکارییەکانی خۆپێشاندانەکانەوە. پەروانه سەلەحشووری، عەلی موتەهەری، عەبدولكەريم حوسەين‌زاده، ئەلياس حەزرەتی، بەهرام پارسایی، موحەممەد كازمی، عەبدولڕەزا هاشم‌زایی، مەهدی شەيخ و چەند نوێنەرێکی دیکەی ڕێفورم‌خواز لە مەجلیسی دەیەم داوایان کرد کە لیژنەیەکی تایبەت لەلایەن مەجلیسەوە پێک بێ تاکوو زیاتر تیشک بخاتە سەر زانیاری بەخشین سەبارەت بە خۆپێشاندانەکان و ناڕەزایەتی دەربڕینەکانی خەڵک دوای گرانبوونی بێنزین و پێداچوونەوە بە ئاماری کوژراوەکان و قوربانیانی ئەو خۆپێشاندانانەدا بکا. لە درێژەی خۆپێشاندانەکانی گەلانی ئێران بە دژی گرانیی بێنزین کە خێرا جەوێکی ئەمنییەتی بەسەریدا زاڵ بوو، " حوسێن نەقەوی حوسەینی" وتەبێژی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەوەی مەجلیسی شووڕای ئیسلامی ڕایگەیاند کە لانیکەم ٧ هەزار کەس لە خۆپێشاندەران دەسبەسەر کراون. وەزارەتی نێوخۆی ئێران و هەروەها دادستێنی گشتیی وڵات تا ئێستا ڕایانگەیاندووە کە ئاماری کوژراوەکان بە درووستی و بەشێوەی دەقیق ڕا ناگەیەنن و هیچ ئامارێک لەوبارەوە بڵاو ناکەنەوە. هەروەها جێگای وەبیرهێنانەوەیە کە ڕۆژنامەی"ئێعتێماد" باسی لەوە کردبوو کە تاقمێک لە بەرپرسانی ئەمنییەتی و نیزامیی ئێران بۆ باسکردن و شی کردنەوەی دۆخی خۆپێشاندانەکان بۆ پارلمانی وڵات بانگهێشت کران، بەڵام لە کۆتاییدا هیچ ئامار و ژمارەیەکیان لەوبارەوە بڵاو نەکردەوە و ئامادە نەبوون لانیکەم ڕادەی دەسبەسەرکراوان باس بکەن. هەروەها ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی بەپێی بەڵگەکان باسی لە کوژرانی ٢٠٨ کەس کردووە، بەڵام یەکێک لە بەرپرسانی ماڵپەڕی "کەلیمە" دەڵێ: بەپێی ئەو زانیارییانەی کە بە دەستی ئێمە گەیشتووە، ڕادەی کوژراوەکانی ناڕەزایەتییەکان ٣٦٦ کەس بووە کە هەموویان بە دەستی هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی کوژراون. هەر لەو پێوەندییەدا کاربەدەستێکی پلەبەرزیی ئەمریکایی ڕایگەیاند کە ڕادەی کوژراوەکانی خۆپێشاندانەکان نزیک بە هەزار کەسە و هەزاران کەسیش بریندارن.