کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

برینداربوونی کۆڵبەرێکی کورد لە بانە

16:38 - 19 سەرماوەز 2719

کۆڵبەرێکی کورد لە سنووری بانە، بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی بریندار بوو. ڕۆژی دووشەممە ١٨ی سەرماوەزی ٩٨ی هەتاوی، دەستەیەک لە کۆڵبەران لە سنووری بانە دەکەونە کەمینی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و تەقەیان لێدەکرێ و لە ئاکامدا کۆڵبەرێک بە ناوی "یادگار ئیسماعیلی" بە سەختی بریندار دەبێ و بۆ چارەسەری برینەکەی بۆ نەخۆشخانەی شاری بانە ڕاگوێزراوە. شایانی باسە کە ناوبراو خێزاندار بووە و باوکی دوو منداڵە و بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانی خۆی و بنەماڵەکەی کۆڵبەری کردووە، جێگەی وەبیر هێنانەوەیە کە بەشێکی بەرچاو لە خەڵکی ناوچە سنووریەکانی کوردستان لەبەر نەبوونی کار و بۆ دابینکردنی بژێوی ژیان بە ناچار ڕوو دەکەنە کۆڵبەری و بەداخەوە لەو ڕێگایەدا ساڵانە بە سەدان کەس لە لایەن هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم بەبێ ئاگادار کردنەوەی پێشوەخت و بە تەقەی ڕاستەوخۆی ئەو ‌هێزانە گیانیان لە دەستدەدەن یا بە سەختی بریندار و نقوستان دەبن.