کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیەندراوی خوێندکارانی زانستگەی کوردستان بەبۆنەی ڕۆژی خوێندکارەوە

16:50 - 19 سەرماوەز 2719

کۆمەڵێک لە ماڵپەڕەکانی خوێندکاریی زانستگەی کوردستان لە توێی بەیاننامەیەکدا هەواڵێکیان لە سەر سانسۆرکردنی دەقی بەیاننامەی خوێندکاران لەلایەن بەرپرسی ئەو زانکۆیە بڵاوکردەوە. ئەو کۆمەڵێک لە خوێندکارانی زانستگەی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا جیاوازدا، جیا لەوەیکە ئازادیی ڕادەربڕینیان بە مافی ئاشکرای خۆیان زانیوە و بە نیشانەی ناڕەزایەتی، ناوی ڕۆژی خوێندکاریان بە ناوی ڕۆژی بەرپرسەکانی زانکۆ نێودێر کردوە. ئەو خوێندکارانە زیاتر لەبەر ئەوەیکە بەرپرسانی زانستگە سانسۆڕیان خستووەتە سەر ڕاگەیەندراوەکەیان، ئەوانیش لە بەرانبەر ئەو کردەوەیەدا هەڵوێستیان گرتووە. لە بەیاننامەکەی ئەو خوێندکارانەدا هاتووە ، "ئەوەیکە لە ڕێوڕەسمی ڕۆژی خوێندکاردا لە زانکۆی کوردستان ڕوویدا، پێشێلکردن و بەرچاو نەگرتنی مافەکانی خوێندکار بوو لەلایەن بەرپرسانی زانستگەی کوردستانەوە. ئەو بەرپرسانە لە هەنگاوێکی نایاساییدا ، دەقی ڕاگەیەندراوی ڕۆژی خوێندکاریان دەستکاری کردووە و ئەوەی بە کەیفی خۆیان بووە نووسیویانە و بەسەر بڵاوکراوە خوێندکاریەکانیاندا سەپاندوە". هەر بەو هۆیەوە لە ڕۆژی خوێندکاردا، نوێنەری خوێندکارانی زانستگەی کوردستان لە خوێندنەوەی ئەو ڕاگەیەندراوە خۆی پاراست و بە نیشانەی ناڕەزایەتی، ناوی ڕۆژی خوێندکاری بە ناوی ڕۆژی بەرپرسان خوێندەوە. جێگای ئاماژەیە کە بەیاننامەیەکیش لەلایەن ناوەندە فەرهەنگییەکانی زانکۆی کوردستانەوە بڵاو کرایەوە، بەڵام بە زۆری بەرپرسانی زانستگە و هاوکاری هێندێک خوێندکاری هەلپەرەست بە لاڕێدا برا و ناوەڕۆکی دەقەکە بە جۆرێکی دیکە بڵاوکرایەوە. ئەو خوێندکارانەی زانستگەی کوردستان لە کۆتاییدا باسیان لەوە کردووە کە: ئێمە خوێندکارانی زانستگەی کوردستان هەموو کاتێک لە ژێر فشاری بەرپرساندا بووین و مافمان پێشێلکراوە و بە مافی ئاشکرای خۆمانی دەزانین کە پێداگری لەسەر داخوازییەکانمان بکەین. شایانی باسە کە بڵاوکراوەکانی "بیدار، دەنگی خوێندکار، هۆنە، گوڵان، پرسیار، بووتیقا و بڵاوکراوەی کۆمەڵ و فەرهەنگ" ، لە بڵاوکراوەکانی زانستگەی کوردستانن و داواکاری مافی سەرەکیی خۆیانن لە هەمبەر کاربەدەستان و بەرپرسانی زانستگەی کوردستاندا.