کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەردانی شاندێکی پارتی یەکیەتیی دێموکرات (پەیەدە) بۆ سکرتاریای حیزبی دێموکڕاتی کوردستان

18:36 - 22 سەرماوەز 2719

لە دیدار و کۆبوونەوەی شاندێکی پەیەدە و حیزبی دێموکراتی کوردستاندا پرسە ڕۆژەڤەکانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوای کوردستان تاوتوێ کران. دوانیوەڕۆی ڕۆژی پێنجشەممە، ۲۱ی سەرماوەز شاندێکی پارتی یەکیەتیی دێموکرات پەیەده بە سەرپەرستیی سلێمان عەرەب، نوێنەری پەیەدە لە  هەرێمی کوردستان سەردانی بارەگای دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی کرد و لە لایەن هەیئەتی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان بە سەرپەرستی کاک خالید عەزیزی، سکرتێری گشتیی حیزب پێشوازییان لێکرا. لە سەرەتای ئەم دیدارەدا بەڕێز سلێمان عەرەب، نوێنەری پەیەدە لە سلێمانی پیرۆزبایی گرتنی کۆنگرەی 17ی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی لە هەیئەتی خانەخوێ کرد و  هیوای خواست کە حیزبی دێموکراتی کوردستان لەژێر تیشکی بڕیار و راسپاردەکانی کۆنگرەدا خۆی بۆ بەرپرسیارەتییە مێژووییەکانی لە گۆڕانکارییەکانی ئێستای ئێران و ناوچەدا پتر ئامادە بکا. شاندی پەیەدە پێی لەسەر ئەوە داگرت کە کوردانی ڕۆژاوا بە چاوی ڕێزەوە لە پشتیوانی و هاوپێوەندیی خەڵکی ڕۆژهەڵات بەنیسبەت خەباتی کورد لە ڕۆژاوا دەڕوانن. لەو دیدارەدا  کاک خالید عەزیزی وێڕای هێنانە بەر باسی چەند بابەتێکی سیاسیی ئێران و کوردستان و شیکردنەوەی سیاسەت و خوێندنەوەی حیزبی دێموکرات بەنیسبەت پرسە ڕۆژەڤەکانی ئێران، خەبات و خۆڕاگریی کچان و کوڕانی ڕۆژاوای لە تێکشکاندنی داعش و بەربەرەکانی لەگەڵ هێزەکانی داگیرکەر بەرز نرخاند. تاتوێ و هەڵسەنگاندنی باروۆخی سیاسیی ئێران و سووریە و پێگەی کورد لە هاوکێشەکانی ئەم وڵاتانە چەند تەوەرێکی دیکەی باسەکانی ئەم دیدارە بوون و، لە بڕگەیەکی دیکەی ئەم دیدارەدا هەیئەتی میوان سەردانی موزە شەهیدانی 17ی خەرمانانی قەڵای دێموکراتی کرد و؛ وێڕای هاوخەمیی دووبارەیان لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕێزیان لە یاد و بیرەوەریی ئەم شەهیدانە گرت.