کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خالید عەزیزی بۆ بوریس جانسۆن: هیوادارین بریتانیا گوشاری زیاتر بخاتە سەر ئێران و پشتیوانی دۆزی ڕەوا و مافخوازانەی نەتەوەی کورد بێ

21:44 - 22 سەرماوەز 2719

سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەبۆنەی سەرکەوتنی بۆریس جانسۆن، سەرۆکی پارتی کۆنسێرڤاتیوی بریتانیا لە هەڵبژاردنەکانی پارلمانی ئەم وڵاتەدا پەیامێکی پیرۆزبایی بۆ ناردوە. لەم پەیامەدا کاک خالید عەزیزی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان داوای کردوە بریتانیا گوشاری زیاتر بخاتە سەر کۆماری ئیسلامی و پشتیوانی لە بزوتنەوەی مافخوازانەی کورد لە ئێراندا بکا.

دەقی پەیامی خالید عەزیزی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بۆ بۆریس جانسۆن

بەڕێز بۆریس جانسۆن، سەرۆکی حیزبی کۆنسێرڤاتیوی بریتانیا بەبۆنەی سەرکەوتنی حیزبەکەتان لە ھەڵبژاردنەکانی پارلمانی بریتانیا، لە لایەن حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە بەگەرمی پیرۆزبایتان لێدەکەم. ھیوادارم وەدەست ھێنانی متمانەی دەنگدەران لەو ھەڵبژاردنەدا هاندەر و پاڵپشتیەکی باش بێت بۆ بەڕێزتان لە پێناو ئەوەی گوشاری زیاتر بخەنە سەر کۆماری ئیسلامی بە مەبەستی دابین کردنی ئازادی و دێموکراسی لە ئێران و؛ ھەروەھا دەستەبەرکردنی پشتیوانیی بریتانیا لە دۆزی ڕەوا و مافخوازانەی نەتەوەی کورد لە ئێران.

لەگەڵ ڕێزدا خالید عەزیزی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان 13/12/2019