کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیداری بەشی پەیوەندیەکانی حدک لە وڵاتی سوئێد لەگەڵ سکرتێری نێونەتەوەیی حیزبی سۆسیال دێموکرات

16:45 - 24 سەرماوەز 2719

ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ١٠/١٢/٢٠١٩ لە پارلمانی سوئێد ئارێز ڕەمەزانی بەرپرسی بەشی پەیوەندیەکانی دەرەوەی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لە وڵاتی سوئێد چاو پێکەوتنێکی لەگەڵ "یووهان هاسێل" سکرتێری نێونەتەوەیی حیزبی سۆسیال دێموکرات و "کاسیرگا"نوێنەری پارتی سۆسیال دێموکرات لە پارلمانی ئەو وڵاتە" لە پارلمانی سوئێد ئەنجامدا و چەند بابەتێکی گرینگیان هێنایە بەرباس. سەرەتا ئارێز ڕەمەزانی سوپاس و پێزانینی حیزبی دێموکراتی کوردستانی بەو بەڕێزیانە ڕاگەیاند بۆ سەردانیان لە بنکە و بارەگاکانی حدک لە باشووری کوردستان. پێویستە بگوترێ کە مانگێک لەمەوبەر ئەوان بۆ جاری دووهەم لە ماوەی دوو ساڵی رابردوو سەردانی ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانیان کرد و لە دوایین سەفەردا چاوپێکەوتنیان لەگەڵ سکرتێری گشتی و بەرپرسانی حیزب ئەنجامدابوو. مانۆڕی سیاسی و دیپلۆماسی ئێران لە ئەوروپا بە تایبەت وڵاتی سوئێد تەوەرێکی دیکە باسی نێوان ڕەمەزانی و هەیئەتی سۆسیال دێموکراتەکانی سوئێد بوو. رەمەزانی هیوای خواست وڵاتی سوئێد رێگە نەدات ئەم وڵاتە ببێتە مەیدانی مانۆڕە دیپلۆماسیەکانی کۆماری ئیسلامی و دەستی تێرۆریزمی دەوڵەتی ئێران و با لەوە زیاتر دەستی سپای پاسداران و لەشكری قودس لە وڵاتانی ئەوروپا ئاواڵا نەبێ و وەک ڕابردوو مەترسی نەخەنە سەر چالاکوانانی سیاسی. لە درێژەی ئەم چاوپێکەوتنەدا باس لە خۆپێشاندانەکانی ئێران بەگشتی و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی کرا. ڕەمەزانی بەوردی لەم دیدارەدا باسی لە دڕندەیی کۆماری ئیسلامی کرد و ئەم بەرپرسانەی لە دۆخی ناوخۆی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئاگادار کردەوە وهەروەها بە باشی ئاماژەی بە کوشت و کوشتاری کوردانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەدەستی کۆماری ئیسلامی کرد. لە کۆتایی ئەم چاوپێکەوتنەدا باسێک لە خۆپێشاندانەکانی وڵاتانی عێراق و لوبنان کرا و ئارێز رەمەزانی بە پشت بەستن بە سروشتی شەڕانگێزی کۆماری ئیسلامیی ئێران، باسی نەخش و رۆڵى راستەوخۆی رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێرانی لەم قەیرانانە دا کرد کە ئەم ناڕەزایەتیانەیان لێ كەوتوونەوە. بەڕێزان هاسێل و کاسیرگا خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی بۆ بەڕێوەچوون و کۆتایی کۆنگرەی حیزب و پیرۆزبایی خۆیان لە ڕێگای بەرپرسی بەشی پەیوەندیەکانەوە ئاڕاستەی هەموو ئەندامانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان کرد.