کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ڕۆژی ئاڵا و پێشمەرگەی کوردستان لە شاری کۆیە

16:25 - 26 سەرماوەز 2719

حیزبی دێموکراتی کوردستان ڕۆژی ٢٥ی سەرماوەزی ١٣٩٨ی هەتاوی ڕێوڕەسمێکی بەشکۆ بەبۆنەی ڕۆژی ئاڵا و پێشمەرگەی کوردستان لە شاری کۆیە بەڕێوەبرد. سەرەتای بەرنامەکە بەسروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب دەستی پێکرد،دواتر بۆ ڕیزگرتن لە ڕوحی پاکی شەهیدان ساتێک بێدەنگی ڕاگەیەندرا. دوای کورتە پەخشانێک بۆ پێشمەرگە لە لایەن ژینا پاکدامەن، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەڕیز کاک خالید عەزیزی باسێکی لەسەر ڕۆژی پێشمەرگە و کوردستان و ئێران و ناوچەکە پێشکەش کرد. کاک خالید باسی لە گرینگی و بەرزی مەقامی پێشمەرگە کرد و بەڕیزەوە ئاوڕێکی لە ڕابردوو و خەبات و فیداکاری پێشمەرگەی کوردستان کرد و ڕایگەیاند کە پێشمەرگە و هێزی پێشمەرگە پێویستە وەک هێزێکی نیزامی بمێنێتەوە و بایەخی پێبدرێ. هەر لە درێژەی وتەکانیدا باسێکی لەسەر کوردستان و ئێران و خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکان و هاوکاری نێوان لایەنەکانی کورد و ئێرانی دژبەری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران پێشکەشی ئامادەبوان کرد. دوای قسەکانی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان سروودی پێشمەرگەی دێموکڕات لەلایەن کۆڕی هونەری حیزبەوە پێشکەش کرد. دواتر شاعیری دەروەستی گەلەکەمان، کاک ڕەسووڵ سوڵتانی شێعرێکی لە وەسفی پێشمەرگەدا پێشکەش کرد. لە بەشێکی دیکەی بەرنامەکەدا کاک حەسەن قادرزادە ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە چەند وتەیەکی کورتدا باسی لە ڕۆژ و ڕۆڵی پێشمەرگە کرد و باسی لە خەباتی قارەمانانە پێشمەرگەکانی کوردستان کرد. هەر لەمڕۆژەدا ڕایگەیاند کە ناوی کۆمیسیونی سیاسی نیزامی گۆڕاوە و بۆتە کۆمیسیۆنی پێشمەرگە. هەروەها باسی لە خەڵات کردنی کۆمەڵێک لەو پێشمەرگانە کرد کە ماوەی چل ساڵە لە ڕێزی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتدا خەبات دەکەن. دواتر سروودی بژی بژی ئەی پێشمەرگە لە لایەن کۆڕی هونەری حیزبەوە پێشکەش کرا. بەشێکی دیکەی بەرنامەکە بە چەند گۆرانییەکی هونەرمەندی لاو، کاروان حەکیمزادە ڕازایەوە.