کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی هاودەردی ناوەندی هاوکاری

04:38 - 29 سەرماوەز 2719

جەماوەری تێکۆشەر و خەباتکاری کوردستان! هه‌روەك ئاگادارن له‌ رۆژانی رابردوو چەند لاوێكی كورد خەڵكی مەریوان و دەورووبەری کە بۆ بەدەست هێنانی بژێوی ژیان خۆیان و بنەماڵەکانیان بۆ کۆڵبەری روویان لە سنوورەکانی کوردستان كردبوو تووشی سەرماو بەفر و بۆرانی قورس دەبن کە بە داخەوە کەسێکیان گیانی لە دەست داوە.بەداخەوە تەنیا لە یەک حەوتووی ڕابردوودا ١٠ کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکانی مەریوان، پیرانشار، سەردەشت و بانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی کۆماری ئیسلامی یان بەهۆی سەرما و بەفرەوە گیانیان لەدەستداوە و بریندارکراون و چارەنووسی کۆڵبەرێکی تەمەن١٤ ساڵان بە ناوی "فەرهاد خوسرەوەی" خەڵکی "گەورە دێی نێ" سەر بە شاری مەریوان هێشتاکە نادیارە. جێگای ئاماژەیە کە دامودەزگا حکومییەکان تا ئێستا لە پەیداکردنی ناوبراو و بەدواداچوون بۆ چارەنووسی ناوبراو کەمتەرخەمبوون و هەوڵەکان لەڕێگای خەڵکی سڤیلی ئەو ناوچانەوە بەردەوامە. پێشهاتنی ڕووداوی لەم چەشنە لە كوردستان دیاردەیەکی نامۆ نییە و ڕەهەندەکانی هەتا دێت پەلوپۆی نوێی لێدەکەوێتەوەو رۆژ نییە ئێمە هەواڵی دڵتەزێنی كوژران و برینداربوونی كۆڵبەرانی كورد نەبیستین. هۆکاری سەرەکی کۆڵبەری‌کردن لەلایەن خەڵک و لاوانی کوردستانی ڕۆژهەڵاتەوە بۆ سیاسەتی پشتگوێ خستن، هەڵاواردن و گەشەنەسەندنی ئابووری و ڕێژەیەکی بەرز لە بێکاری دەگەڕیتەوە کە وای کردووە تەنیا لە یەک بنەماڵەدا ٢ لاوی تەمەن ١٤ و ١٧ ساڵان بۆ بژێوی ژیان ڕوو بکەنە سنوورەکانی کوردستان. هاوکات ئەوەی کە جێگای سەرنجە، هەڵوێست و تێڕوانینی ئەمنییەتی ڕژیم و دەستوپەیوەندییەکانیەتی کە لە جیاتی هەست بە بەرپرسایەتی کردن لەهەمبەر گیانی خەڵکی ئەم ناوچەیە و چارەسەرکردنی کێشەوگرفتەکانیان بەشێوەی کوێر و بێبەزەییانە دەیاندەنە بەر دەستڕیژ و گیانیان لێ دەستێنن و کاتێکیش کە کۆڵبەران تووشی ڕووداوێکی سروشتیی دەبنەوە کاربەدەستان و ئیداراتی پەیوەندیدار هیچ هەوڵێکی جیددی بۆ بەدواداچوون و چارەسەرکردنیان نادەن. ئەگەرچی پرسی کۆڵبەران لەم ساڵانەی دواییدا جیا لە ڕای گشتیی و ناوەند و دامودەزگاکانی ڕژیم، سنوورەکانی تێپەڕاندووە و لە ڕێکخراوەکانی جیهانیی مافی مرۆڤ و کۆڕوکۆبوونەوە نێونەتەوەییەکان باسی لێدەکرێت بەڵام تا ئێستایش لە لایەن کاربەدەستانی ڕیژیمەوە ئاوڕێکی ئەوتۆی لێنەدراوەتەوە. ئێمە ئەم کوشتار و کردەوانەی کۆماری ئیسلامی بەتوندی مەحکووم دەکەین و سەرەڕای چڕ کردنەوەی هەوڵە ناوخۆیی و دەرەکییەکانمان بۆ گوشارخستنە سەر ڕژیمی ئێران و پاراستنی گیانی کۆڵبەران، هەستی هاوسۆزی و هاوخەمی خۆمان بۆ بنەماڵەی قوربانیانی نان و ژیان دەردەبڕین هەروەها كۆماری ئیسلامی بە بەرپرس و هۆكاری سەرەكی ئەم چەشنە روداوانە دەزانین و هەر لەو پێناوەدا جارێكیتر دووپاتی دەكەینەوە پێویستە سیاسەتی هەڵاواردن و پشتگوێ خستنی کوردستان کۆتایی پێبێت و دەسەڵاتی ناوەند لەبەرامبەر كێشەی كۆڵبەران و پاراستنی گیانیان بەرپرسیار بێت. ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران ٢٨ی سەرماوەزی ١٣٩٨ی هەتاوی ١٩ی دێسامبری ٢٠١٩ی زایینی