کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی شەوی یەلدا لە شاری هەولێر

02:49 - 30 سەرماوەز 2719

ئێوارەی ڕۆژی ٢٩ی سەرماوەز ڕێوڕەسمێک بەبۆنەی شەوی یەڵدا درێژترین شەوی ساڵ و ساڵوەگەڕی لە دایکبوونی شەهید دوکتۆر عەبدولڕەحمانی قاسملوو بەڕێوەچوو. سەرەتای بەرنامەکە بە سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب دەستی پێکرد. دواتر لە لایەن ڕەسووڵ گەوهەری و هەڵاڵە ئیبڕاهیمی بەخیرهاتنی بەشدران و میوانەکان کرا. لە لایەن چیا مەللاک بەرپرسی کومیتەی حیزب لە هەولێر وێڕای بەخێرهاتنی میوانەکان چەند وتەیەکی کورتی پێشکەش کرد. دواتر ئارەزوو نستانی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی دێموکراتی کوردستان باسێکی لەسەر شەوی یەڵدا و یادی شەهید دوکتۆر قاسملوو ثێشکەش کرد. نابراو لە بەشێک لە وتەکانیدا گوتی: " شەوی یەڵدا بۆ ئێمە هەڵگری چەند واتایە، شەوی یەڵدا درێژترین شەوی ساڵ کە تێێدا زۆربەی گەلانی ناوچە بەشێوەی جۆراوجۆر جێژن دەگرن، جێژنی کۆتایی هاتن بە تاریکی و گەڕانەوەی سروشت بەرەو ڕووناکی، جێژنی هیوا بە داهاتوو و بڕوا بە تێپەڕ بوونی نەهامەتییەکانە". لەبەشێکی دیکەی باسەکەیدا لە پێوەندیلەگەڵ شەهید دوکتۆر قاسملوودا گوتی: " لە مێژووی گەلەکەماندا زۆر کەسایەتی و ڕێبەری هەڵکەوتەمان هەبووە کە هەرکام لە جێگە و پێگەی خۆیانەوە توانیویانە خزمەت بە گەلەکەیان بکەن و شوێن پەنجەیان بە ڕووداوەکانەوە دیار بێ. بەڵام گومانم نییە لەگەڵم هاوڕا دەبن ئەگەر بڵێم دوکتۆر قاسملوو سەرقافڵەی ئەو ڕێبەرانەیە کە بلیممەتی و پێگەیشتووییی زاتیی خۆی بە تەواوی بۆ بزووتنەوەیەک و حیزبێک تەرخان کرد کە ڕوانگە، هەڵوێست و بیروباوەڕەکانی پاش تێپەڕبوونی سێ دەیە لە شەهیدبوونی، لەگەڵ هەنگاو بە هەنگاوی ژیانی سیاسی و حیزبیمان بوونی هەیە". دواترکاک فەرهاد ئەکبەری باسێکی لەسەر مێژووی شەوی یەڵدا و ڕابردووی کورد پێوەندی بە کورد بەیەلدا باسکرد. دوای وتەکانی کاک فەرهاد، بەڕێز مەلا محەممەد جوانڕۆیی ناسراو بە ئەبوو تارا ، دۆستی نزیکی شەهید دوکتۆر قاسملوو و یار و یاریدەدەری شۆرشی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەلایەن مەکتەبی سیاسی حیزبی شیوعی کوردستانەوە چەند وتەیەکی بە پێز و بە نرخی پێشکەشی ئامادەبوان کرد. ئەبوو تارا وێڕای باس لە شەهید بوون و ڕۆڵی شەهید دوکتۆر قاسملوو، باسێکی لەسەر شەوی یەڵدا و جوولانەوەی گەلی کورد و هەروەها باسی لەدۆخی ئێستا و داهاتووی کورد و کوردستان کرد. دواتر لەلایەن گرووپی ئاڵا، گرووپی کچە هونەرمەندەکانی عەزیزیان چەند گۆرانییەکی هەست بزوین بەم بۆنەوە پێشکەش کرا و بە دەنگە خۆشەکەیان ڕێوڕەسمەکەیان ڕازاندەوە. دوای گرووپی ئاڵا لە لایەن شاڕوخ حەسەنزادەوە دوو پارچە هۆنراوە بەم بۆنەوە پێشکەش کران. ڕەسووڵ گەوهەری وێرای بەشدارانی ڕێوڕەسمەکە سروودی خوایە وەتەن ئاواکەی پێشکەش کرد لە کۆتایی بەرنامەکەدا هونەرمەندی لاو ئاوات بۆکانی هەست و سۆزی خۆی بۆ ئەم شەوە مێژووییە دەربڕی.