کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چالاکیی تەبلیغیی ئەندامانی حیزب لە ناوچەی سنە

15:32 - 30 سەرماوەز 2719

لە ناوچەی سنە ئەندامانی حیزب بەبۆنەی شەوی یەڵدا چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد. لە درێژەی چالاکییەکانیان لە ناوچەی سنە، ئەندامانی حیزب بەبۆنەی شەوی یەڵدا، درێژترین شەوی ساڵ و شەوی لە دایکبوونی شەهید دوکتور عەبدولڕەحمانی قاسملوو، بەنووسینی پۆستێری تایبەت بەو ڕۆژە مێژووییەیان بڵاو کردەوە و هاوسۆزی خۆیان لەگەڵ ئەو ڕێبەرە مەزنەی گەلی کورد دەربڕی. شەهید دوکتور عەبدولڕەحمانی قاسملوو سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لە شەوی یەڵدا لە دایکبووە و ساڵانە بەو بۆنەوە و بە بۆنەی شەوی یەڵدا وەک شەوێکی مێژووی ڕێوڕەسمی جۆراوجۆر بەڕێوە دەچێ. لە ساڵی ١٣٩٥ی هەتاوی لە شەوی یەڵدا لە کاتێکدا کە حیزبی دێموکڕاتی کوردستان ڕێوڕەسمێکی بەشکۆی لە یەکێک لە بنکەکانی حیزب بەو بۆنەوە پێکهێنابوو، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە دانانەوەی بۆمبێک لە ڕێگەی کەسێکی خائین و خۆفرۆشەوە، پێنج پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات و دوو پێشمەرگەی ئاسایشی حکوومەتی هەرێمی کوردستان شەهید بوون و هەر بەهۆی ئەم ڕووداوە تاڵەوە شەوی یەڵدا بە یەڵدای خوێناوی ناودەبرێ. لە لایەن بەشی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە دەستخۆشی لە ئەندامانی دڵسۆزی حیزبەکەمان دەکەین کە لە هەموو کات و بۆنەیەکدا ناوی کورد و حیزبی دێموکڕات و ڕۆژە مێژوویییەکانی بەرز ڕادەگرن.