کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەلدا هێمای هەرمان و هەستانەوەمانە

21:56 - 30 سەرماوەز 2719

کۆمیسیۆنی ئامووزشی حیزبی دێموکرات و یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەبۆنەی هاتنەوەی شەوی یەلدا ڕێوڕەسمێکیان بەڕێوەبرد. لەم ڕێوڕەسمەدا کە ئەمڕۆ شەممە، ٣٠ی سەرماوەز و لە ئێوارەی شەوزستاندا گیرا، سەرەتا پێشەوا عەلیپوور، سکرتێری یەکیەتیی لاوان لەسەر ڕێکخستنی بۆنەکە و لە پەسنی د. قاسملووی ڕێبەر و سێ ساڵەی یادی شەهیدانی یەلدای خوێناویی قەڵای دێموکراتدا قسەی بۆ بەشداران کرد. لە درێژەی ئەم ڕێوڕەسمەدا کۆمەڵێک سروود و گۆرانی بە دەنگی هونەرمەندان جەمیل سەرمەستی، سەناریا خزرپوور، عەلی لەێلاخ ، حەمەدەمین کەریمی و کاروان حەکیمزادە پێشکێش کران. دواتر خەڵاتێک لەژێر ناوی "شکۆی خۆڕاگری" پێشکێش بە بنەماڵەی شەهیدانی شەوی یەلدای قەڵای دێموکرات کرا. بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدانی شەوی یەلدای خوێناویی دێموکرات ڕێزنامەی ئەمەگناسیی بەڕێوەبەرانی ڕێوڕەسمەکەیان لەد ەستی بەڕێز مامۆستا عەبدوڵلا حەسەن‌زادە وەرگرت. لە بڕگەیەکی دیکەی ئەم ڕێورەسمەدا مامۆستا عەبدوڵلا حەسەن‌زادە، کەسایەتی و سیمای خەبات و شۆڕشی کورد و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە وتەیەکی کورتدا باسی لە کەسایەتیی کاریزماتیکی شەهید قاسملووی ڕێبەر کرد و پێی لەسەر ئەوە داگرت کە دیکتاتۆرەکان بەرەو فەنا چوونن و ئەوە نەتەوەکانن کە دەمێننەوە و سەرکەوتنی دواجار هەر بۆ حیزبی دێموکرات دەبێ، چونکی میراتگر و دریژەدەری رێی شەهیدان و ئاڵاهەڵگری خەباتی شوناسخوازیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. دوابڕگەی ئەم ڕێوڕەسمە نواندنی شانۆیەک بوو کە لەلایەن بەشدارانەوە بەگەرمی پێشوازیی لێکرا.