کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە وڵاتی نۆروێژ ڕۆژی ئاڵا و پێشمەرگەی کوردستان بەرز ڕاگیرا

17:42 - 3 بەفرانبار 2719

ئێوارەی رۆژی شەممە ٢١ی دێسامبری ٢٠١٩ی زایینی، بە بۆنەی ٢٦ی سەرماوەز رۆژی ئاڵا و پێشمەرگەی کوردستان، کۆمیتەی نۆروێژی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە هاوکاریی یەکێتی ژنانی دێموکراتی کوردستان و بە بەشداری بەشێکی بەرچاو لە ئەندامان و لایەنگرانی حیزب و نوێنەرانی حیزب و لایەنە سیاسییە کوردستانی و نۆروێژییەکان و چەند هونەرمەندی ناسراوی گەلەکەمان، رێوڕەسمێکی بەشکۆی بەڕێوە برد. سەرەتای رێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتی “ئەی رەقیب” و چەند ساتێک وەستان و بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی رێگای رزگاریی کوردستان بەتایبەت شەهیدانی راپەڕین و خۆپێشاندانەکانی ئەو دواییانەی رۆژهەڵاتی کوردستان و بەخێرهێنانی بەشداران و نوێنەرانی حیزب و لایەنە سیاسییەکان لە لایەن پێشکەشکاری بەرنامە خاتوو “بەفرین رۆستەمی”یەوە، دەستی پێ کرد. پاشان پەیامی کومیتەی نۆروێژی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە لایەن “حەسەن غەمبار” بەرپرسی کومیتەی نۆروێژەوە پێشکەش کرا. لە بەشێک لە پەیامەکەدا وێڕای پیرۆزبایی ئەو رۆژە لە سەرجەم هێزی پێشمەرگە و خەڵکی کوردستان، هاتبوو: ” ڕۆژی ٢٦ی سەرماوەز ئەو ڕۆژە پیرۆزەیە کە ئاڵای کوردستانی تێدا هەڵکرا و ئێستا هەموومان لەژێر ئەو ئاڵایەدا کۆبووینەوە و هەموومان شانازی پێوە دەکەین. هەر ئەمڕۆژە یەکێک لە ڕۆژە مێژووییەکانی گەلی کوردستانە کە فیداکارترین ڕۆڵەی کوردستانی بە نێوی پێشمەرگە تێدا نێودێر کرا و پێشمەرگە و ئاڵا بوونە دوانەیەکی لێکدانەبڕاو و هەموو کورد بە چاوی ڕێز و ئەمەگناسییەوە سەیریان دەکا. بەدوای ئەودا پەیامی کومیتەی نۆروێژی یەکێتی ژنانی دێموکراتی کوردستان لە لایان “خاتوو فەریبا رەشیدی” ئەندامی چالاکی یەکێتی ژنانەوە خوێندرایەوە، کە وێڕای پیرۆزبایی ئەو رۆژە، گوتی: ئێمه‌ ئه‌مڕۆ وه‌ك ژنانی میراتگری كۆماری سه‌ربه‌خۆی كوردستان وانه‌كانی پێشه‌وامان له‌بیر ناكه‌ین. ئێمه ئه‌مڕۆ لافاو لافاو دێینه‌ مه‌یدان و سنووره‌كانی مه‌یدانداری له‌ به‌شدارییه‌وه‌ ده‌بڕین بۆ پێشه‌نگایه‌تی، و شەهیدانی ١٧ خه‌رمانان، سوهه‌یلا قادری و نه‌سرین حه‌داد هه‌ڵگری ئه‌و په‌یامه بوون. ئەوجار هەریەک لە خاتوو “یانە برۆتن” بە نوێنەرایەتی حیزبی سەنتەر پارتی نۆروێژ، “هالودان بەرگ” بە نوێنەرایەتی پارتی (ئێس ڤێ)، “پیتەر تۆرپ” بە نوێنەرایەتی حیزبی سووری نۆروێژ و “شیلاند” بە نوێنەرایەتی حیزبی ژینگە (ئیم دێ گێ)، بەم بۆنەوە پەیامیان هەبوو و پشتیوانی خۆیان لە خەباتی رەوای گەلی کورد دووپات کردەوە و پیرۆزبایی ئەو رۆژەیان لە هێزی پێشمەرگەی کوردستان کرد و گوتەکانیان بە بژی پێشمەرگە و بژی کوردستان دەست پێ کرد. هەر بەم بۆنەوە و بە دوای ئەو پەیامانەدا، “رەحمەت مەحموودپوور” بە پەخشانێک و شاعیری هەست ناسک “کارۆ ئاسنگەر” بە پارچە هۆنراوەیەک بەشدارییان لەو رێوڕەسمەدا کرد و رێزیان لەو یاد و لەو رۆژە مەزنە گرت.. لە بڕگەیەکی دیکەی ئەو رێوڕەسمەدا، هەریەک لە هونەرمەندانی ناسراو و خۆشەویستی گەلەکەمان مستەفا دادار، شنۆ ئەحمەدی و قادر ئەسعەد بە هاوکاری موزیکژەنانی بەتوانا “دارەوان بەرزەنجی” “پێشڕەو زەرد”، بە چەندین گۆرانیی خۆش و سروودی شۆڕشگێڕی و نیشتمانی، جۆش و خرۆشێکی تایبەتییان بەم بۆنەیە بەخشی و رێوڕەسمەکەیان هەرچی زیاتر رازاندەوە و لە لایەن ئامادەبووانەوە پێشوازییەکی گەرمیان لێکرا.