کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی پازدەهەمین کۆبوونەوەی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

18:08 - 3 بەفرانبار 2719

رۆژی دووشەممە ٢ی بەفرانباری ٩٨ی هەتاوی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە بارەگای ناوەندی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران پازدەهەمین کۆبوونەوەی خۆی بەڕێوە برد. لەو کۆبوونەوەیە دا ناوەندی هاوکاریی باس و گفتگۆی تێر و تەسەلیان لەسەر کار و چالاکییەکانی ناوەند کرد و رووداوە دڵتەزێنەکانی ماوەی رابردووی ئێران بە وردی شڕۆڤە کرا. لە سەرەتای کۆبوونەوەکە کاک ساڵح شەریفی ئەندامی دەفتەری سیاسیی کۆمەڵە کە بەرپرسایەتیی دەورەی رابردووی ناوەندی هاوکاری لە ئەستۆ بوو وێڕای بەخێر هاتنی هەیئەتەکان، دەستووری کاری کۆبوونەوەکەی خستە بەر باس و پاشان راپۆرتێکی گشتیی لەسەر کار و چالاکییەکانی دەورەی رابردووی ناوەندی هاوکاری پێشکەش بە بەشداربووانی کۆبوونەوەکە کرا. دەستووری کاری دیکەی کۆبوونەوەکە باس و لێکدانەوەیەک بوو لەسەر بارودۆخی ئەم دواییانەی ئێران و کوردستان. سەرکوتی بێبەزییانەی خەڵک لە لایەن کۆماری ئیسلامی و قبووڵ نەکردنی دەنگی جیاواز بەشێکی جیانەکراوەیە لە مێژووی نگریسی کۆماری ئیسلامی و ئەم رووداوانەی مانگی ڕابردووش بۆ جارێکی تر ئەم ئیدعایەی سەلماندەوە. ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران وێڕای مەحکووم کردنی چەند جارەی ئەم هەڵسوکەوتە دڕندانەیەی کۆماری ئیسلامی، داوا لە هەموو کۆڕ و کۆمەڵە جیهانی و نێونەتەوەییەکان دەکات کە لە ئاست ئەم کردارە دژە مرۆییانەی کۆماری ئیسلامی بێدەنگ نەبێت و هەوڵ بدات کە لانیکەم چارەنووسی بێ سەروشوێن کراوان و زیندانییانی ئە رووداوانە مەعلووم کرێت. هەر لەم کۆبوونەوەیە بڕیاری هەندێک کردەوەی کردەیی درا کە دواتر دەقەکەی لە راگەیاندنێکی جیاواز پێشکەش بە جەماوەری خەڵکی کوردستان دەکرێت. بڕگەیەکی تری کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە ناو هەڵبژاردنەکانی پارلمانی ئێران و هەر چوار لایەن هەڵوێستی خۆیان لەسەر ئەو بابەتە دەربڕی و هاودەنگییەکی تەواو لەسەر چۆنییەتی هەڵسوکەوتی ناوەند لە سەر ئەم بابەتە پێک هات. لە رۆژانی داهاتوو دا دەقی هەڵوێستی ناوەند لەم بارەشەوە پێشکەش بە ڕای گشتیی دەکرێت. لە درێژەی کۆبوونەوەکە دا باسێک لەسەر چۆنییەتی پەیوەندی زیاتری ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لەگەڵ کوردانی دانیشتووی دەرەوەی وڵات کرا و هاوکات بڕیار درا کە پێشنیارەکان تاوتوێ بکرێت و هەنگاوی جدی و کردەییان بۆ هەڵبگیرێت. لە کۆتاییش دا بە پێی پەیڕەوی ناوخۆی ناوەند بەرپرسایەتی دەورەیی ناوەند کە لە ئەستۆی کۆمەڵەی شۆرشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بوو، ناوەند وێڕای دەسخۆشی و ماندوو نەبوون لەو هاوڕێیانە بەرپرسی دەورەیی بە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سپێردرا و کۆبوونەوەکە بە سەرکەوتووانە و لە کەشێکی دۆستانەدا کۆتایی پێهات. ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران ٢ی بەفرانباری ١٣٩٨ی هەتاوی