کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێوڕەسمی ڕێزگرتن لە خەباتی پێشمەرگە دێرینەکانی حیزبی دێموکرات

19:33 - 3 بەفرانبار 2719

ڕۆژی سێشەممە ٣ی بەفرانباری ١٣٩٨ی هەتاویی ڕێورەسمی پێدانی لەوحی ڕێز لێنان بە بەشێک پێشمەرگە دێرینەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە یەکێک لە بنکەکانی دەفتەری سیاسی حیزب بەڕێوەچوو. سەرەتای ڕێورەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب و ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە ڕوحی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد. پاشان پێشکەشکاری ڕێوڕەسمەکە خاتوو شەونم هەمزەیی پێشەکییەکی پێشکەش بە ئامادەبوان کرد. دواتر بەڕێز مستەفا مولوودی جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لە چەند وتەیەکی کورتدا پیرۆزبایی لەو پێشمەرگە فیداکارانە کرد کە تەمەنێکە لە خزمەت حیزب و شۆڕشدان و هەروەها بەخێرهاتنی میوانەکانی لە حیزبی شێوعی کوردستان و مامۆستا مەلا محەممەد جوانڕۆیی کرد کە لە ڕێورەسمەکەدا بەشدار بوون. لە بەشێکی وتەکانیدا باسی لە بیرۆکەی خەڵاتکردن و ڕێز لێنان لە پێشمەرگە دێرینەکان و هەروەها ناوەندی ڕاگەیاندن کرد کە بەشێوەی جۆراوجۆر پێشمەرگە دێرینەکان بەسەر دەکەنەوە و ڕێزیان لێدەگرن. دوای قسەکانی جێگری سکرتێری گشتی، بەڕێز مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەنزادە تێکۆشەری دێرینی حیزبی دێموکڕات و سیمای ناسراوی گەلەکەمان چەند وتەیەکی لەسەر پێوەندییەکانی نێوان حیزبی شیوعی کوردستان و حیزبی دێموکراتی کوردستان و بەڕێز مەلا محەممەد جوانڕۆیی پێشکەش کرد. مامۆستا حەسەنزادە لە بەشێک لە قسەکانیدا ئاماژەی بە پێوەندی دێرین و دۆستایەتی دوو حیزبی خاوەن رابردوو کرد کە لە ماوەی دوورودرێژی خەباتدا دۆستایەتی و پێوەندییەکی نزیک و بێ خەوشی ئەم دوولایەنەی کرد و هەروەها لە وەسفی بەڕێز مامۆستا مەلا محەممەد جوانڕۆیی‌دا باسی لە قارەمانەتی و هاوکاریی ناوبراو کرد کە لە کاتێکی پێویست و سەخت و هەستیاردا وەک پێشمەرگەیەک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئامادەی فیداکاری و هاوکاریی بوو لەگەڵ حیزبی دێموکڕات و شۆڕشی گەلی کورد لەو بەشەی کوردستاندا و هەر لەو ڕێگایەشدا بە سەختی بریندار بووە. لە بڕگەیەکی دیکەی بەرنامەکەدا پێشکەشکاری کۆڕەکە نامەی ڕێزلێنانی مامۆستا مەلا محەممەد جوانڕۆیی خوێندەوە کە لە لایەن دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە ئامادە کرابوو. ئەو لەوحی ڕێزلێنانە لە لایەن بەڕێز جەلیل گادانی تێکۆشەری دێرینی نێوڕیزەکانی حیزبی دێموکرات پێشکەش بە بەڕێز مەلا محەممەد جوانڕۆیی کرا . دواتر کاک مەلا محەممەد لەسەر چۆنییەتی بەشداربوونی لە شۆڕشی گەلی کورددا و پێوەندی لە گەڵ حیزبی دیموکراتی کوردستان چەند وتەیەکی پێشکەشکرد. ناوبراو باسی لەوە کرد کە یادگار و بیرەوەری زۆری لایە بەڵام ئێستا پێویست ناکا باس بکرێ و سپاسی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی کرد کە ڕێزیان لە رابردووی ناوبراو و پێشمەرگە دێرینەکان گرتوە. هەروەها باسێکی لە ڕابردووی حیزبی شیوعی کوردستان و هەڵوێستەکانی حیزبی شیوعی عیراق کرد کە لە کاتە سەختەکاندا پشتیوانێکی بەهیزی مافەکانی گەلی کورد بووە. لە بڕگەیەکی دیکەی بەرنامەکەدا عەلی بوداغی نامەی ڕیزلێنانی پێشمەرگە دێرینەکانی حیزبی دێموکڕاتی خوێندەوە کە لەلایەن دەفتەری سیاسییەوە ئامادە کرابوو و دوابەدوای خویندنەوەی نامەکە، ناوی کۆمەڵێک لە تێکۆشەرانی دێرینی حیزب کە ٤٠ ساڵ و سەرووی چل ساڵ لە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا خەباتیان کردووە و لەوحی ڕیزلێنان لە لایەن بەڕێز مستەفا مەولوودی جێگری سکرتێری گشتیی حیزبەوە پێشکەشی ئەو تێکۆشەرانەی دێموکڕات کرا. دواتر مامۆستا عەبدووڵلا حەسەن‌زادە لەوحی ڕێزلێنانی پێشکەشی کاک مستەفا مەولوودی کرد. لە بڕگەیەکی دیکەی بەرنامەکدا لە لایەن بەڕێزان، کەماڵ کەریمی، عومەر باڵەکی و حەسەن قادرزادەوە لەوحی ڕیزلێنان پێسکەشی ئەو پێشمەرگە دێرینانەی حیزب کرا کە ماوەی دەیان ساڵە لە ڕیزەکانی حیزبدا بەرگی پیرۆزی پێشمەرگایەتیان پۆشیوە و تا ئێستاش هەر لە خزمەت حیزب وگەلەکەیان دان.