کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

په‌یامی پیرۆزبایی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان به‌بۆنه‌ی کریسمەس و سەری ساڵی 2020ی زایینی

15:55 - 4 بەفرانبار 2719

هاونیشتمانییانی بەڕێز! بەبۆنەی هاتنەوەی جێژنی کریسمەس و نوێبوونەوەی ساڵی زایینی، پیرۆزبایی به‌ هه‌موو په‌یڕه‌وانی ئایینی مه‌سیحی، به‌تایبه‌ت هاونیشتمانییانی مه‌سیحی له‌ کوردستان و ئێران ده‌ڵێم. مەسیحییەکانی کوردستان لە کاتێکدا کریسمەس و ساڵی نوێی زایینی جێژن دەگرن کە کۆمەڵانی خەڵکی ئێران لە خەباتی سەخت و پڕتێچوویان لەدژی کۆماری ئیسلامی بەردەوامن. خەڵکی کوردستان و ئێران لە مانگی خەزەڵوەردا بەگوڕتر و بەربڵاوتر لە جاران دەنگی مافخوازانەی خۆیان بە گوێی جیهان گەیاند، کوژراو و بریندارێکی زۆتریان دا، بەندیخانەکانیان لێ پڕ کرا، بەڵام سەلماندیان کە خەبات و تێکۆشانیان لەپێناو دەستەبەری ماف و ئازادییەکانیان بەردەوامە. هەروەها ساڵی ٢٠١٩ی زایینی کە ڕابرد، خەبات و تێکۆشانی گەلانی ناوچە، بەتایبەت نەتەوەی مافخوازی کورد بۆ چەسپاندنی مافە ڕەواکانی درێژەی هەبوو، بۆیه‌ هیوادارم که‌ ساڵی نوێی زایینی بۆ جیهان به‌گشتی و بۆ نه‌ته‌وه‌ی کورد و ناوچه‌که‌مان به‌تایبه‌تی، زۆرترین خۆشی و ده‌سکه‌وتی تێدا بێ و، ئاشتی، ئازادی و دادپه‌روه‌ری بەرەو‌ سه‌رکه‌وتن و به‌ره‌وپێشچوون هەنگاو بنێ. جارێکی دیکه‌ وێڕای پیرۆزباییم لە سەرجەم پێڕەوانی ئەم ئایینە لە کوردستان و ئێران، هیوادارم لە ساڵی نوێدا خەباتی شێلگیرانە و یەکگرتووانەی کۆمەڵانی خەڵکی وەزاڵە هاتووی ئێران لەدژی کۆماری ئیسلامی بە هەموو پێکهاتە و جۆراوجۆرییه‌ ئاینییەکانەوە سەرکەوتنی زیاتر دەستەبەر بکا. هاوکات هیواخوازم کە لە ساڵی نوێی زایینیدا خەباتکارانی کورد و هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بتوانن بە یەکڕیزی، یەکخستنی وزەی خەباتگێڕی و هاوپێوەندیی زیاتری نێوانیان دەسکەوتی زیاتر بۆ جووڵانەوەی سیاسیی کورد بەدیاری بێنن. خالید عەزیزی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان 25ی دیسامبری ٢٠١٩