کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی جێژنی دووی ڕێبەندان لە وڵاتی دانمارک

14:26 - 23 بەفرانبار 2719

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١١ی ژانویەی ٢٠٢٠، بە بەشداری ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات و کوردانی دانیشتووی ناوچەی یوولەندی وڵاتی دانمارک، جەژنی دووی ڕێبەندان، ۷٤مین ساڵوەگەری دامەزرانی کۆماری کوردستان بەڕێوەچوو. ڕێوڕەسمەکە بە خوێندنەوەی سروودی نەتەوایەتی ئەی رەقیب دەستی پێکرد و دواتر ساتێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدان ڕاگەیاندرا . پەیامی کۆمیتەی دانمارکی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە لایەن "عیسا مەحموودی"یەوە پێشکەش کرا. ناوبراو لە پەیامەکەدا، وێڕای ئاوڕدانەوە لە چۆنێتی دامەزران و هەلومەرجی جیهانی ئەو کات ، باسی لە کارنامەی پڕشنگداری تەمەنی کۆماری کوردستان کرد. "مەحموودی" وێڕای ئاماژە کردن بە چۆنیەتی سەرهەڵدان و تێکەوەپێچرانی خەلافەتی ڕەش (داعش)، لەسەر دوایین ڕووداوی ناوچەکە دوا، کە کوژرانی گەورە تیرۆریست و بەواتایەکی دیکە ڕێکخەر و سەرپەرشتیاری سەرەکی زۆربەی هەرە زۆری گرووپە تیرۆریستییەکانی ناوچەکە قاسم سولەیمانی بوو. بابەتێکی دیکەی جێی سەرنجی پەیامەکەی، ئاماژە کردن بە ڕوانینی ئەو حکوومەتانەیە کە تا ئێستا لە تاران هاتوونەتە سەرکار. لەم ڕوانگەیەوە تەنیا گۆڕینی سیستەم و ڕێژیمەکان لە تاران ئەقڵییەتی ڕوانین لە پرسی کورد و نەتەوەکانی دیکە ناگۆڕێ، بۆیە یەکگرتوویی و یەکڕیزی کورد و لایەنە کوردییەکان گرەنتی ماف و داهاتوومان دەکا. پاشان پەیامی سازمانی دێموکراتیکی یارسان لە لایەن نوێنەری ئەو ڕێکخراوە خوێنرایەوە. دواتر سروودی "هاتەوە دووی ڕێبەندان" بە مێلۆدی و ئاوازێکی نوێوە لە لایەن "پێژمان ڕەسووڵزادە"وە پێشکەش بە ئامادەبووان کرا. "بۆ ڕێبوارانی ڕێگەی کۆمار" ناوی پەخشانێکی پڕ سۆز بوو کە لە لایەن "ئەحمەد ڕەحمانی"یەوە پێشکەش کرا. دواتر لە لایەن کۆمیتەوە داوا لە خاتوونە بەڕێزەکان کرا بەیادی ٧٤ مین ساڵڕۆژی کۆماری کوردستان، حەفتاوچوار مۆم داگیرسێنن و چەپکە گوڵی کۆمیتە وەک دیاری وەرگرن. کۆمیتەی دانمارکی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەم بۆنە  پیرۆزەوە، بە پێدانی لەوحێک لە لایەن ڕەحیم خالید نژاد بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لە دانمارک بە هەندێک لە تێکۆشەرانی حیزب، ڕێزی لە هەڵسووڕان و کار و خەباتی ئەو ماندوونەناسانە گرت. کورتە پەخشانێک لە لایەن "ئیبراهیم ڕەسووڵزادە" و شێعرێکی حەماسی لە لایەن "حامید بێلکامە"وە پێشکەشکران. دوابەشی جێژنەکە بە گۆرانی و موزیکی هونەرمەندان "خەلیل زەهاوی" و "ئاڕمان ڕەزایی" و شادی و خۆشی ئامادەبووان درێژەی پێدرا.