کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێکهێنانی سمینارێک لە ژێر ناوی "چەمکی نەتەوەسازی" لە ناوەندی ٣ی کوردستان

22:42 - 24 بەفرانبار 2719

پێش نیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە، ٢٣ی بەفرانباری ١٣٩٨ی هەتاوی. ناوەندی٣ی کوردستان سمینارێکی لەژێر ناوی "چەمکی نەتەوەسازی" بۆ دوکتور سمایل بازیار، مامۆستای زانکۆ پێک هێنا. لەو سمینارەدا سەرەتا کۆڕگێڕ، کاک محەمەد عەلی نەعیمی وێڕای بەخێرهێنانی بەشداربووان و مامۆستا سمایل بازیار، باسی لە سەردێری بابەتەکە کرد. د. سمایل بازیار باسەکەی بە چۆنیەتیی هاتنەسەرکاری ڕەزاشا دەست پێکرد و پێی وابوو ناسیونالیزمی فارس(ئێرانی) بە هاتنەسەر دەسەڵاتی ڕەزاشا بە پشتیوانی کەسانی شارەزا و چەواشەکاری مێژوو هاتۆتە ئاراوە. بەڕێزیان لە درێژەی باسەکەیدا گوتی: "وشەی ئێران و ئاریا لەو دەستەواژانەن کە لەو سەردەمدا هاتنە نێو کایەی سیاسی ئێران و ئەوە ڕەزاشا بوو کە واتای دەوڵەتی وەک چەمکێکی مۆدێڕن و ئەمڕۆیی بەسەر جۆغرافیای ئێراندا سەپاند. د. بازیار لە بەشێکی دیکەی باسەکەیدا ئاماژەی بە بەشێک لە شێعرەکان و سەرچاوە کۆنەکانی قەومی فارس کرد کە پڕن لە دژوازی کە ناتوانرێ بەشی ناسیونالیزمی فارس یا ئێرانی لێ دەربێنن و خۆی پێ ببەستنەوە. بەڕێزیان لە ئاکامگیریی ئەو باسەدا گوتی: "ئێران نەک نەتەوە نییە بەڵکوو بە جوغرافیایەکی بچووکی لەو خاکە دەگوترێ و سیستەمی سیاسی زاڵ بەسەر ئێراندا بۆ یەکدەست کردنی سەرجەم دانیشتوانی ئەم جوغرافیایە کە بە یەک نەتەوە و یەک دەوڵەت دەناسرێ، کاری بۆ کردوە". دوای باسەکەی کاک سمایل، بە کۆمەڵێک پرسیار و بابەتی بەشداران سمینارەکە کۆتایی هات.