کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆتایی دەورەی ٢٣٦ی سەرەتایی پێشمەرگە

04:12 - 2 رێبەندان 2719

ڕۆژی سێشەممە ١ی ڕێبەندانی ١٣٩٨ی هەتاوی، دەورەی فێرگەی سەرەتایی پێشمەرگە کۆتایی هات. ڕۆژی سێشەممە یەکی ڕێبەندانی ٩٨ی هەتاوی، ڕیوڕەسمی کۆتایی دەورەی ٢٣٦ی پێشمەرگە بە بەشداریی بەشێک لە ئەندامانی ڕێبەری، سیما دیار و ناسراوەکانی حیزب، کادر و پێشمەرگە و بنەماڵەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە یەکێک لە بنکەکانی ئەم حیزبە پێکهات. سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب و خولەکێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان دەستی پێکرد. ژینا پاکدامەن لە سەرەتای بەرنامەکەدا کورتەیەکی لەسەر کۆماری کوردستان پێشکەش کرد. بەڕێز کەماڵ کەریمی ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان وێڕای پیرۆزبایی جێژنی دووی ڕێبەندان و پیرۆزبایی جێژنی کۆتایی دەورە، چەند وتەیەکی پێشکەش کرد. کاک کەماڵ کەریمی لە سەرەتای وتەکانیدا هاوکاتیی کۆتایی دەورە و جێژنی دووی ڕیبەندانی بە ڕووداوێکی لەبیرنەکراو بۆ ئەو کۆمەڵە پێشمەرگەی کە لەو ڕۆژە مێژووییەدا چەکی پیرۆزی پێشمەرگایەتییان لە شان کرد، ناو برد. کاک کەماڵ لە درێژەی وتەکانیدا ئاماژەی بە خەباتی دوورودرێژی گەلی کورد و حیزبی دێموکرات کرد و باسی لەوە کرد کە ئەو ڕێگەیە خوێنی زۆری بۆ دراوە و خەڵکێکی زۆر زەحمەتیان تێدا کێشاوە و کاروانی ئەم شۆڕشەیان گەیاندووەتە ئێرە، هەر بۆیە حیزبی دێموکرات بە چاوی ڕێزەوە سەیری ئەو لاوانە دەکا کە دێن چەکی شەرەف و شانازی هەڵدەگرن، ڕێگەی ئەو شەهیدانە دەپێون و دەبنە هاوڕێی ئەو پێشمەرگانەی کە دەیان ساڵە لەو ڕێگەیەدا خەبات دەکەن و ئەوەش بۆ ئەم لاوانە شانازییەکی گەورەیە کە دەبنە هاوسەنگەری کەسانێک کە خاوەن تەمەنێک ئەزموون و خەبات و خۆڕاگرین. بەڕێز کەماڵ کەریمی لە درێژەی وتەکانیدا تیشکی خستە سەر خەباتی گەلانی ئێران و دۆخی نالەباری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران. ناوبراو ئاماژەی بەوە دا کە کۆماری ئیسلامی وەک چەکێکی تەبلیغی بۆ بیروڕای گشتی، پشتیوانیی خەڵکی ئێرانی وەک بەڵگەیەک بەکار هێناوە، بەڵام ڕاپەڕینی گەلانی ئێران و بە چاڵش کێشان و دروشمی مەرگ و وەلانانی عەلی خامنەیی و ڕێژیمەکەی وڵامیکی توند بوو بۆ ئەو چەواشەکارییانەی ڕێژیم کە ساڵانێکە دەیهەوێ خەڵکی پێ بەلاڕێدا بەرێ. لە بڕگەیەکی دیکەی بەرنامەکەدا سروودی "چەک هەڵگری خاکێکم دوژمن لەسەری زاڵە"، لە لایەن چەند لاوێکی خوێن گەرمی دەورەکەوە پێشکەش کرا. پەیامی بەشدارانی دەورە لە لایەن شەهاب کاکە خزری‌ـیەوە پێشکەش کرا. دواتر سۆران مەحموودی بە گۆرانییەک ڕێوڕەسمەکەی ڕازاندەوە. هۆنراوەیەک لە لایەن مراد کۆخە و گۆرانییەک لە لایەن سلێمان ئازەرییەوە پێشکەشی ئامادەبووان کرا. لە بڕگەیەکی دیکەی بەرنامەکەدا لە لایەن برایم چووکەڵی بەرپرسی فێرگە، خەڵاتی ڕێزلێنان درا بە خالید حەسەن‌خاڵی کە ١٢ ساڵە دڵسۆزانە و بێ‌پسانەوە وەک مامۆستایەکی ماندوویی‌نەناس لە فێرگە زەحمەتی کێشاوە. کۆتایی ڕێوڕەسمەکە بە هۆنراوەیەکی هێـمن ساڵە قارەمان و گۆرانیی دووکەسیی سلێمان ئازەری و سۆران مەحموودی و خۆشی و هەڵپەڕکێی پێشمەرگەکانی دەورە و بەشدارانی ڕێورەسمەکە کۆتایی پێهات.