کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سیمیناری ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بەبۆنەی ٢ی ڕێبەندان

00:21 - 3 رێبەندان 2719

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە درێژەی چالاکییەکانی خۆیدا بە بۆنەی ٧٤مین ساڵیادی دامەزرانی کۆماری کوردستان وەکوو بۆنەیەکی گرینگ لە مێژووی خەباتی گەلی کورد سیمینارێکی لە چوار پانێڵی جیاجیادا بەڕێوە برد. لەو سیمینارەدا کە لە ژێر ناوی" کۆماری کوردستان ئەزموونێکی شکۆدار و هێمای یەکڕیزیی نەتەوەییە بۆ بونیاتنانی سەروەریی نیشتمانی " پێکهاتبوو، نوێنەری هەرکام لە چوار حیزبی بەشدار لە ناوەندی هاوکاری باسەکانی خۆیانیان پێشکەش کرد. ئەم سمینارە پاشنیوەڕۆی ڕۆژی ٢ی ڕێبەندانی ٩٨ی هەتاوی لە هۆڵی پێشەوا لە شاری هەولێر بە ئامادەبوونی بەشێکی بەرچاو لە لایەن و نوێنەرانی ڕێکخراو و حیزبەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان و کەسایەتییە سیاسی و دیارەکانی کورد و ئەندامان و کادر و پێشمەرگەکانی حیزبەکانی کوردستان بەڕێوەچوو. لەم سمینارەدا هەیئەتێکی پایەبەرز لە حیزبی دێموکراتی کوردستان بە سەرپەرەستی بەڕێز خالید عەزیزی، سکرتێری گشتیی حیزب  بەشدارییان کردبوو. لەم سمینارەدا کەماڵ کەریمی، ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان باسێکی پێشکێش کرد لەژێر ناوی "هەلومەرجی مێژوویی و سیاسیی کۆماری کوردستان". حەسەن شەڕەفی، جێگری یەکەمی لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران باسەکەی بریتی بوو لە "تایبەتمەندیی نەتەوەیی و دێموکراتیکی کۆماری کوردستان و دەسکەوتەکانی". هەروەها عەبدوڵڵا ئازەربار، ئەندامی دەفتەری سیاسیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران باسێکی پێشکێش کرد لەژێر ناوی "کاریگەریی کۆماری کوردستان لەسەر پەرەسەندنی هەستی نەتەوەیی لە بەشەکانی دیکەی کوردستان". باسەکەی ڕەزا کەعبی، جێگری سکرتێری گشتیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانیش بریتی بوو لە "کەموکوڕییەکانی کۆماری کوردستان و هۆکارەکانی هەرەسهێنانی ئەو کۆمارە. سیمینارەکە پاش سروودی نەتەوایەتیی ئەی رقیب و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان، بە قسەکانی شەونم هەمزەیی، پێشکەشکاری ڕێوڕەسمەکە دەستی پێکرد کە کورتە باسێک بوو لەسەر گرینگیی کۆماری کوردستان. دواتر هێمن بایزیدی‌پوور بەڕێوەبەری پانێلەکان کورتەیەکی لە سەر مەبەست و ئامانجی ئەو سیمینارە بە لە بەرچاو گرتنی ڕووداوی گرینگی ٢ی ڕێبەندان بۆ بەشداربووان باس کرد. لە پانێلی یەکەمدا کەماڵ کەریمی، ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە خستنەڕووی چەندین فاکتەری گرینگی مێژوویی و سیاسی لە سەردەمی دامەزرانی کۆماری کوردستان لەو بارەوە بۆ ئامادەبووان دوا. کەماڵ کەریمی لە بەشێک لە قسەکانیدا گوتی: کۆماری کوردستان ڕووداوێکی یەک ڕۆژە نەبووە بەڵکوو بەرهەمی شۆڕشی کورد بووە لە پارچەکانی کوردستان کە هەموو کات پێوەندییان و کاریگەرییان لەسەر یەکدی هەبووە و بە ئاواڕدانەوەیەک لە شۆرشە کوردییەکان هاوپێوەندیی مێژوویی خەبات و شۆڕشەکانی بەشەکانی کوردستان لە کۆماری کوردستاندا بە جوانی دەردەکەوێ. ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا بەستێن و زەمینەی سەرگرتنی کۆماری کوردستانی لە باری سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە باس کرد و گوتی : دەبێ سەرنجی بەستێنەکانی دروست بوونی کۆماری کوردستان بدەین کە باگراوندی مێژوویی هەیە و ئەگەرچی کورد هەمیشە تەنیا بووەو و ئەو دەوڵەتانە کە کوردییان گەمارۆ داوە هەمووکات کوردیان وەکوو مەترسی زانیوە بۆ سەر دەسەڵاتی خۆیان و بە هەموو جۆرێک دژایەتیان کردوە و شۆڕشی کوردیان سەرکوت کردوە. کەماڵ کەریمی لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بە یارمەتییە دەرەکییەکان کرد بۆ خۆشکردنی بەستێنی ساز بوونی کۆماری کوردستان  و بە ئاوڕدانەوەیەک بە دامەزرانی کۆمەڵەی ژێکاف باسی لە هۆکارە سەرەکییەکان و هەلومەرجی کۆماری کوردستان کرد. بەڕێزیان لە کۆتایی قسەکانیدا بە باسکردن لە هەڵسەنگاندنی دروست و ژیرانەی پێشەوا قازی محەممەد بۆ دامەزراندنی حیزبێک کە کۆماری کوردستانی پێ دابمەزرێنێ، گوتی: هەرچەند بەپێی بەڵگە مێژوییەکان کە هەیە پێشەوا قازی محەممەد دڵنیا نەبوو لە پشتگیری بەردەوامی یەکیەتیی سۆڤییەت و تەنانەت لەوەی کە کۆمارەکەی پەرە بستێنێ، بەڵام وەکوو ئەرکێکی مێژوویی وەکوو ڕێبەرێکی هەڵکەوتوو ئەو هەلەی قۆستەوە و کۆماری کوردستانی دامەزراند. لە پانێلی دوویەمدا حەسەن شەڕەفی، جێگری یەکەمی لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە باس کردن لە بارودۆخی ئەوکاتی کۆماری کوردستان وەکوو خەسارێک گوتی: ئەوەی گرینگە لەو سەردەمە لەگەڵ هەبوونی هۆز و عەشیرەتی زۆر، بەڵام توانی هەمووان لە ژێر ئاڵایەک و ویستێکی هاوبەشی نەتەوەیی کۆ بکاتەوە، بەڵام لەم سەردەمە‌دا کە سەردەمێکی پێشکەوتوویە و کوردی دەیان حیزبی هەیە بەڵام ناتوانن وەکوو سەردەمی پێشەواقازی هاوئاهەنگ و یەکڕیز بن! جێگری یەکەمی لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان ئیران لە دریژەی باسەکەیدا بە وەبیرهێنانەوەی هێندێک دەسکەوتی نەتەوەیی کە یادگاری کۆماری کوردستانن، چەند نموونەیەکی خستە بەرباس کە نە تەنیا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڵکوو لە بەشەکانی دیکەی کوردستانیش بە زیندوویی ماونەتەوە و ئەو ئاڵایەی کە بە ئالای کوردستان ناسراوە، لە هەرکوێی جیهان بشەکێتەوە هێمای نەتەوەیی کۆماری کوردستانە. حەسەن شەڕەفی باسی لە هەبوونی ئازادی ڕادەربڕین و دێموکراتیک بوونی کۆمەڵگە کرد لە سەردەمی کۆماری کوردستان و چەند نموونەیەکی لەو بارەوە وەکوو نەبوونی زیندان و هاتنە مەیدانی ژنان و لاوانی خستەڕوو. ناوبراو لە کۆتاییدا کۆماری کوردستان و ئەزموونی قازی محەممەدی بە وانەیەک زانی بۆ یەکڕیزی و یەکگرتوویی گەلی کورد. لە پانێلی سێیەمدا عەبدووڵلا ئازەربار، ئەندامی دەفتەری سیاسیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران باسی لە هەوڵەکانی ڕەزا شای پەهلەوی وەکوو سیاسەتی یەکدەست کردنی گەلانی ئێران و تواندنەوە و ئاسمیلەکردنیان لە نێو فەرهەنگ و زمانی دەسەڵاتدار و پەرەسەندنی بیری شوونیستی و ڕەگەزپەرەستیی ئێرانی کرد. عەبدووڵڵا ئازەربار لە دریژەی قسەکانیدا باسی لە هەلومەرجی دوای نەمانی ڕەزاشای پەهلەوی کرد و بە جەختکردن لەسەر دامەزراندنی کۆمەڵەی ژێکاف وەکوو کۆڕێکی ڕووناکبیری و ئەدەبی لەو سەردەمەدا ، ئاماژەی بە هۆکاری لە دایکبوونی حیزبی دێموکراتی کوردستان کرد کە توانی کۆماری کوردستانیش دابمەزرێنێ. ناوبراو کۆمەڵەی ژێکاف و کۆماری کوردستانی بە قۆناغێکی گرینگ لەسەر بلووغ و گەشەی ناسیونالیزم و شوناسخوازی لە کوردستانی ئێران و تەنانەت پارچەکانی دیکەی کوردستانیش لە قەڵەم دا. لە پانێلی کۆتاییدا ڕەزا کەعبی، جێگری سکرتێری گشتیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان بە باس کردن لە جیاوازی قوناغەکان و جیاوازی نێوان چین و نەوەکانی دوێنی و ئەمڕۆ خەسارناسییەکی کورتی لەو بارەوە باس کرد. جێگری سکرتێری گشتیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان بە ئاوڕدانەوەیەک لە هاوکێشە سیاسییەکانی سەردەمی کۆمار و هەلومەرجی ئەوکات، دامەزرانی کۆماری بە شانازییەک لە ژیری و بوێری و مافویستیی گەلی کورد زانی . ڕەزا کەعبی لە درێژەی قسەکانیدا ڕەوتی دروستبوونی کۆمەڵەی ژێکاف و پاشان حیزبی دێموکراتی کوردستان، چەند خاڵێکی وەکوو خەسار لەو بارەوە دەستنیشان کرد. ناوبراو لە بەشێکی دیکەی قسەکانی لێهاتووی و بیرتیژیی پێشەوا قازی محەممەدی لە ململانێیە سیاسییەکانی ئەوکات لە نێوان زلهێزەکان بە خاڵێکی جەوهەری باس کرد و پاشان چەند خاڵی لاوازی لەو بارەوە ئاماژە پێدا. ڕەزا کەعبی لە کۆتاییدا خەسارناسی کۆماری کوردستان و دەستنیشان کردنی هەڵەکانی ئەو کاتی بە قازانجی ئەمڕۆی خەباتی کورد زانی بۆ کاری هاوبەش و یەکگرتوویی حیزبەکانی کوردستان . ئەو سمینارە پاش چەند کاتژمێر کۆتایی بەکارەکانی خۆی هێنا.