کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەیەکی سیاسی-تەشکیلاتی بۆ بەشێک لە ئەندامانی حیزب

17:40 - 6 رێبەندان 2719

دوانیوەڕۆی ڕۆژی شەممە، ٥ی ڕێبەندانی ١٣٩٨ـی هەتاوی، کۆمیتەی تەشکیلاتی ئاشکرای حیزبی دێموکراتی کوردستان، کۆبوونەوەیەکی سیاسی-تەشکیلاتیی بۆ بەشێکی بەرچاو لە ژنانی ئەندامی حیزب پێک هێنا. لەم کۆبوونەوەیەدا کە بە ئامادەبوونی سکرتێری گشتیی حیزب ، کاک “خالید عەزیزی” ، چەند کەس لە ئەندامانی ڕێبەریی حیزب و کومیسیۆنی تەشکیلات و دەیان کەس لە ژنانی تێکۆشەری دێموکرات بەڕێوەچوو، سەرەتا خاتوو “عیسمەت نستانی”، کادری کۆمیسیۆنی تەشکیلات وێڕای بەخێرهاتن ، سەبارەت بە سازماندەهی نوێی بەشی تەشکیلاتی ئاشکرای حیزب و ئەرکەکانی ئەم بەشە لە پێکهاتەی حیزب چەند وتەیەکی پێشکەش کرد. لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا بەڕێز کاک خالید عەزیزی، سکرتێری گشتیی حیزب قسەی بۆ بەشدارانی کۆبوونەوەکە کرد. بەڕێزیان وێڕای کورتە باسێک لەسەر ڕاسپاردەکانی کۆنگرەی ١٧ـی حیزب تایبەت بە کار و چالاکی و ئەرکی تەشکیلاتی حیزب، لەسەر ڕۆڵی ژنان لە خەباتی حیزبی دێموکراتی کوردستان قسەی کرد. کاک خالید وێڕای بەرز نرخاندنی ڕۆڵی ژنان لە ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات و بە گشتی بزووتنەوەی کورددا، باسی لە قۆناغی داهاتووی حیزبی دێموکرات کرد و لەم پێوەندییەدا جەختی لەسەر گرینگی پێدانی هەرچی زیاتری ژنان لە کاروباری سیاسی و تەشکیلاتی کردەوە کە حیزبی دێموکراتی کوردستان لە دوایین کۆنگرەی خۆیدا هەوڵی داوە لەم پێناوەدا بە کردەوە هەنگاوی جیددیتر بنێت. لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا کە تایبەت بوو بە باسێکی تەشکیلاتی و چۆنییەتی کاراترکردنەوەی کۆمیتەکانی حیزب لە باشووری کوردستان و کۆمیتەی ژنانی نێو ڕیزەکانی حیزب، “ئامانج زیبایی”، ئەندامی ڕێبەری و بەرپرسی بەشی تەشکیلاتی ئاشکرای حیزب لەم پێوەندیەدا قسەی کرد. بەڕێزیان وێڕای ڕێزگرتن لە کار و تێکۆشانی بەرپرسانی پێشووی ئەم بەشە لە تەشکیلاتی حیزب، لەسەر کار و بەرنامەکانی داهاتووی کۆمیسیۆنی تەشکیلات و ڕاسپاردەکانی ئەم کۆمیسیۆنە بە مەبەستی کاراکردنەوەی زیاتری کۆمیتەکان چەند وتەیەکی پێشکەش کرد. لەدوایین بەشی کۆبوونەوەکەدا بەڕێزان خالید عەزیزی و ئامانج زیبایی وڵامی بۆچوون و پێشنیار و ڕخنەی بەشدارانیان دایەوە.