کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی سیمینارێکی سیاسی لە وڵاتی نۆروێژ

17:50 - 6 رێبەندان 2719

پاشنیوەڕۆی ڕۆژی شەممە ٢٨ی بەفرانباری ١٣٩٨ی هەتاوی، لە بەرەبەری ٢ی ڕێبەندان ٧٤ەمین ساڵوەگەری دامەزرانی کۆماری کوردستان، کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتی نۆروێژ، سیمینارێکی سیاسی تەشکیلاتی بۆ هاوڕێ “سەعید بەگزادە” ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی حیزب لە دەرەوەی وڵات پێک هێنا. ئەو سیمینارە کە بە بەشداری کۆمەڵێکی بەرچاو لە ئەندامانی حیزب و چەند هاوڕێیەکی ڕێبەری بەڕێوەچوو، بە سروودی نەتەوایەتی “ئەی رەقیب” و راگەیاندنی خولەکێک وەستان و بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری کوردستان لە لایەن “جەماڵ فەرخەپوور” ئەندامی کۆمیتەی نۆڕوێژەوە دەستی پێکرد. دواتر”حەسەن غەمبار” بەرپرسی کۆمیتەی نۆڕوێژ، وێڕای بەخێرهێنانی ئەندامانی ڕێبەری و ئەندامانی حیزب و هاوکات پیرۆزبایی٢ی ڕێبەندان، مەبەست و گرنگی ئەو سیمینارەی بۆ ئامادەبووان خستە ڕوو. ئەوجار هاوڕێ “سەعید بەگزادە” وێڕای پیرۆزبایی ٧٤ەمین ساڵوەگەری دامەزرانی کۆماری کوردستان، باسێکی پوختی لە سەر بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کێشەکانی ئەو دواییانەی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ دنیای دەرەوە و ڕووداوەکانی دوای کوژرانی قاسم سولێمانی فەرماندەی سوپای قودسی کۆماری ئیسلامی بەدەستی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و دژکردەوەی کۆماری ئیسلامی و خستنە خوارەوەی فڕۆکە نەفەرهەڵگرەکەی ئۆکراین و کوژرانی ١٧٦ کەسی مەدەنی و دەرهاویشتە و لێکەوتە و هەڵوێستە نێودەڵەتییەکان لەمەڕ ئەو ڕووداوانە، پێشکەش کرد. “بەگزادە” وێڕای ئاماژە بە بارودۆخی هەنووکەی ناوخۆی ئێران و ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانەکانی ئەم دواییانە و چەند مانگی ڕابردووی خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران و کوردستان دژ بە کۆماری ئیسلامی، لە بەشێک لە قسەکانیدا گوتی: “کۆماری ئیسلامی تووشی قەیرانێکی جیددی هاتووە و ئەگەر لە لایەک کەوتووەتە ژێر گوشاری خەڵک و گەمارۆ ئابوورییەکانی ئەمریکا، لە لایەکی دیکەشەوە سەرەڕۆییەکانی ئەو نیزامە کارێکی وای کردووە کە ئیدی وڵاتانی ئورووپاییش هاواریان لێ بەرز بووەتەوە و بەرە بەرە خەریکن گوشارەکانیان بۆ تەریک خستنەوەی کۆماری ئیسلامی ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ زیاد و زیاتر دەکەن کە ئەمەش ئاسۆیەکی ڕوونی بۆ گەلانی ئێران لێ بەدی دەکرێ”. هاوڕێ “سەعید بەگزادە” هەروەها باسی لە ئەگەری ئاڵوگۆڕەکانی ئێران و ناوچەکە و پەیوەندی هێزە سیاسییەکان کرد و گوتی: “یەکگرتوویی هێزە سیاسییەکان بە تایبەت لەو قۆناغە هەستیارەدا، زەروورییە و لەو ڕاستایەشدا حیزبی دێموکراتی کوردستان یەکێک لەو حیزبانە بووە کە بەردەوام لە هەوڵی یەکگرتوویی هێزەکاندا بووە و هەنگاوی کردەیی بۆ هەڵگرتووە”. ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران دەستکەوتێکی باشە و پێویستە هەوڵی زیاتر بدرێ بۆ فراوانکردنی ئەو ناوەندە. بەشی دووهەمی سیمینارەکە کە تەرخان کرابوو بۆ ڕاو سەرنج و تێبینی و ڕەخنەی ئەندامانی حیزب و لەو بەشەشدا ئەندامانی حیزب زۆر چالاکانە بەشدارییان کرد و کۆمەڵێک بابەتی بەسوود و جێی سەرەنجیان وروژاند و هاوکات وڵامی پرسیارەکان لە لایان بەرپرسی کۆمیتەی دەرەوەی وڵاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە درانەوە. شایانی باسە، سیمینارەکە دوای زیاتر لە ٤ کاتژمێر، کۆتایی بە کارەکانی خۆی هێنا