کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە شاری ستەڤانگێری وڵاتی نۆڕوێژ یادی کۆماری کوردستان بەرز ڕاگیرا

17:37 - 7 رێبەندان 2719

ئێوارەی ڕۆژی شەممە ٢٨ی بەفرانباری ١٣٩٨ی هەتاوی، بە بۆنەی دووی ڕێبەندان، ٧٤ەمین ساڵوەگەری دامەزرانی کۆماری کوردستان، بە بەشداری کۆمەڵێکی بەرچاو لە ئەندامان و لایەنگرانی حیزب، کۆمیتە ناوچەی “رۆگلاند”ی حیزبی دێموکراتی کوردستان، لە شاری “ستەڤانگێر”ی نۆڕوێژ، ڕێوڕەسمێکی بەشکۆی بەڕێوە برد. سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتی ئەی رەقیب و چەند ساتێک وەستان و بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری و بەختیاریی کوردستان دەستی پێ کرد. پاشان وتەی بەخێرهێنان لە لایەن پێشکەشکاری بەرنامە خاتوو “دڵنیا مەحموودی” یەوە پێشکەش کرا. پاشان پەیامی کۆمیتە ناوچەی “رۆگلاند”ی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە لایەن “قادر قازانی” بەرپرسی کۆمیتە ناوچەی “رۆگلاند”ەوە خوێندرایەوە. دوا بڕگەی ئەو ڕێوڕەسمە کە بڕگەی هونەری بوو، بە دەنگی خۆش و هەست بزوێنی هونەرمەندان “شێرکۆ مەریوانی” و “نەجمان سندی” و بە دەست و پەنجەی ڕەنگینی مووزیکژەنی بەتوانا “دیار کەریم”، هاوکات لەگەڵ شایی و هەڵپەڕکێی ئامادەبووان، تا درەنگانی شەو بەردەوام بوو. شایانی باسە، هەر لە سنووری کومیتە ناوچەی “رۆگلاند” و لە یەکێک لە کەمپەکانی پەنابەران، بە دەستپێشخەری دوو ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە ناوکانی “ڕامین رەحیم مستۆ” و “عەلی عەزیز پوور”، بۆ ڕێزگرتن لە یادی ٧٤ ساڵەی دامەزرانی کۆماری کوردستان، ڕێوڕەسمێک بەڕێوەچوو. ئەو ڕێوڕەسمەش بە سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب و چەند ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی سوورخەڵاتی گەل دەستی پێ کرد. سەرەتا پارچە هۆنراوەیەک لە لایەن “ڕامین رەحیم مستۆ”وە خوێندرایەوە. بەدوای ئەودا ” عەلی عەزیز پوور” باسێکی لەسەر هۆکار و مێژوو و تایبەتمەندییەکانی کۆماری کوردستان پێشکەش بە ئامادەبووان کرد. ئەو ڕێوڕەسمەش بە شایی و هەڵپەڕکێی ئامادەبووان تا دەرەنگانی شەو درێژەی کێشا.