کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرێوە چوونی ڕێوڕەسمی ٢ی ڕێبەندان، لە وڵاتی ئاڵمان

17:43 - 7 رێبەندان 2719

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ۲٥ی ژانویەی ٢٠٢٠، بە بەشداری پڕ شکۆی ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و به هاوکاری یەکیەتی ژنان و لاوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە شاری کۆڵن، جێژنی ٢ی ڕێبەندان بەڕێوە چوو. سەرەتا هاوڕێیانی پێشکەشکار، کاوە شەریفیان و فەرزانە ڕەشید زادە بە خێرھاتنی بەشداربوانیان کرد و دواتر لە لایەن گروپی سروودی یەکیەتیی لاوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، سرودی نەتەوایەتی ئەی رەقیب خوێندرایەوە ودواتر بۆ ڕێزگرتن گیانی پاکی شەھیدانی کورد و کوردستان.ساتێک بێ دەنگی راگیرا. مەحموود شەریفی، کادری حیزبی دێموکراتی کوردستان پەیامی کۆمیتەی پێشکەش کرد. دوای تەواو بوونی پەیامی کۆمیتەی ئاڵمان، کەسایەتی سیاسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، "حوسێن بەخشی"، وتارێکی لە ژێر ناوی "کـۆماری کوردستان و دەرئەنجامەکانی" پێشکەش بە بەشداربوان کرد. حسێن بەخشی، بە گوڵبژێر کردنی دەسکەوتە نەتەوایەتیەکانی کۆماری کوردستان، باسی لە تەمەنی کورتی کۆمار و دەسکەوتەکانی کۆمار کرد کە ئێستا بوونەتە ڕێبازی ڕاستەقینەی کوردپەروەران و نیشتمانپارێزان و مافخوازی و مافپەروەری ئەندامانی کۆماری کوردستانیشی وەک وێنایەک لە ڕەسەنایەتی کۆماری کوردستان پێناسە کرد دەرحەق بە نەتەوەکەمان. دواتر بەکر شوانی، وتارێکی لە ژێر ناوی پێگەی ژنان لە کۆماری کوردستان دا و بایەخ پێدانی پێشەوا قازی محەممەد بە پرسی ژنان، پێشکەش بە بەشداربووان کرد. دوای وتارەکان، خەبات مودەڕەسی چەند گۆرانیەکی هەڵپەڕکێی پێشکەش کرد. لە بڕگەیەکی دیکەدا لە لایەن حیزبی دێموکراتی کوردستان ــ کۆمیتەی ئاڵمان، لەوحی ڕێزلێنان لە لایەن حەمە خان مروەتی، خاتوو ئەسمەر و ڕەحمان قوربانی، پێشکەش بە کۆمەڵێک لە تێکۆشەرانی گەلەکەمان کرا. دواتر وتاری یەکیەتیی لاوان لە لایەن خاتوو سروە مودەڕەسی، خوێندرایەوە. دوای پەیامی لاوان، هونەرمەندی لاو، ڕاڤە شنۆیی، ئاوازێکی ناوازەی پێشکەش بە بەشدار بووان کرد و دوای ئەو، لە لایەن خاتوو حەلیمە ڕەسووڵی، پەیامی یەکیەتی ژنان خوێندرایەوە. پاش تەواو بوونی پەیامی یەکیەتی ژنان، هونەرمەندی ڕپ بێژ و ناودار، "کاریگەر" چەند گۆرانیەکی ڕەپی پێشکەش بە بەشدار بووان کرد. شایانی باسە کە لەو ڕێوڕەسمەدا نوێنەرانی چەند حیزب و ڕێکخراوی سیاسی بەشدار بوون کە بریتی بوون لە: پارتی دێموكراتی كوردستان كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان پارتی دێموكراتی كوردستان سوریە پارتی ئیسلامی كوردستان باكوور رێكخراوی جیهانی كورد لە ئاڵمان ناوەندی لێكۆلینەوە كوردی لە ئاڵمان بەشی کۆتایی ڕێوڕەسمەکە، تەرخان کرا بە گۆرانی هەڵپەڕکێ کە تا ١١ی شەو درێژەی هەبوو.