کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوە چوونی ڕێوڕەسمی دووی ڕێبەندان لە وڵاتی فینلاند

13:45 - 8 رێبەندان 2719

لە یادی حەفتاوچوارەمین ساڵوەگەری کۆماری کوردستاندا، لە وڵاتی فینلاند ڕێوڕەسمێک بۆ بەرز ڕاگرتنی ئەو ڕۆژە مێژووییەی گەلی کورد بەڕێوەچوو. ئێوارەی ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ۲٥ی ژانویەی ٢٠٢٠، بە بەشداری بەرچاوی ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، نوێنەرایەتی حیزب و ڕێکخراوە کوردستانیەکان، کۆمەڵە و ڕێکخراوە مەدەنیەکان و کوردستانیانی نیشتەجێ لە وڵاتی فینلاند، به هاوکاری یەکیەتی ژنان و لاوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ، لە وڵاتی فینلاند ڕێوڕەسمی ساڵیادی ۷٤ ساڵەی دامەزراندنی کۆماری کوردستان، بەڕێوە چوو. لە سەرەتای ڕێوڕەسمەکەدا، بەڕیوەبەرانی بەرنامەکە جەلال فاتمی و ئەوین ئەلیاسی دەسپێکی بەرنامەکەیان ڕاگەیاند. سرودی نەتەوایەتی ئەی رەقیب لە لایەن کۆڕی سروودی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان خوێندرایەوە و دەقیقەیەک بێدەنگی بۆ ڕوحی پاکی شەهیدانی گەل ونیشتمان بە تایبەتی سەرقافڵەی شەهیدان ودامەزرێنەری کۆماری کوردستان پێشەوا قازی محەممەد ڕاگەیەندرا. لە درێژەی ڕێوڕەسمەکە دا، مۆمی ۷٤ ساڵەی دامه‌زرانی کۆماری کوردستان، لەلایەن فەقێ حەسەن ئیبراهیمی و ئاوات حەسەن پوور بە نوێنەرایەتی بنەماڵەی شەهیدان داگیرسا. لە بەشێکی تری ڕێوڕەسمەکەدا بەیاننامەی دەفتەری سیاسی حیزبی دێموکراتی کوردستان کە بەم بۆنە پیرۆزەوە ئامادە کرابوو لەلایەن قادر مەکڵاوەیی بەرپرسی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتی فینلاند، خوێندرایەوە. له بڕگەیەکی تری ڕێوڕەسمەکەدا، پەیامی پارتی دێموکراتی کوردستان لە لایەن بەختیار ئیسماعیل و بەرپرسی لێژنەی ناوچەی پارتی لە فینلاند، پەیامی بزووتنەوی گۆران مەکۆی فینلاند لەلایەن سیروان سابیر، پەیامی کۆمەڵەی دۆستایەتی کورد وفینلاند لەلایەن شیرین زەکی، پەیامی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان پژاک لە لایەن سنور حوسێنی، پەیامی کۆمیتەی پێشمەرگە دێرینەکان لە لایەن هیوا شوانی، پەیامی فیدراسێونی کوردانی فینلاند لە لایەن ئەیووب سووری و هەروەها پەیامی پیرۆزبایی پارتی کرێکارانی کوردستان پ ک ک، پەیامی پیرۆزبایی کۆمەڵەی  زەحمەتکێشانی کوردستان _ کۆمیتەی فینلاند، پەیامی پیرۆزبایی مامۆستا ئەبووبەکر فەلسەفی تێکۆشەری دێرینی دێموکرات، خوێندرانەوە. لە بەشی کۆتایی ڕێوڕەسمەکە دا، هونەرمەندان شۆڕش بۆکانی و فەرهاد ئالانی و ئەوین ئەلیاسی، بە دەنگە ڕەسەنەکەیان، کۆڕی هەڵپەڕکێی ساڵیادی دامەزراندنی کۆماری کوردستانیان، گەرمتر کرد و بە پێشکەش کردنی چەند ئاوازێکی ڕەسەنی کوردی لە لایەن ئەو هونەرمەندانەوە، کوتایی بە ڕێوڕەسمەکە هات.