کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی دووی ڕێبەندان لە وڵاتی سوئێد

13:55 - 8 رێبەندان 2719

لە وڵاتی سوئێد ڕێوڕەسمێک بەبۆنەی ٧٤ ساڵەی دامەزراندنی کۆماری کوردستان بەڕێوەچوو. ڕۆژی شەممە، ڕێکەوتی ۲٥ی ژانوێ٢٠٢٠،  یادی دووی ڕێبەندان، ساڵڕۆژی دامەزراندنی کۆماری کوردستان، بە بەشداری ژمارەیەکی بەرچاوی ئەندامان و لایەنگران و دۆستانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و کوردستانیانی وڵاتی سوئێد بەرز ڕاگیرا. دەسپێکی ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب بوو کە لە لایەن کۆرسی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێشکەش کرا و پاشان بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردو کوردستان ساتێک بێدەنگی ڕاگەیەندرا. بەڕێوەبەرانی بەرنامە، مەریوان نستانی و ڕێزان باڵەکی بە زمانی کوردی و سوئێدی بەخێرهاتنی بەشداربوانیان کرد و داوایان لە نەبەز عەلیدوست جێگری بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لە وڵاتی سوئێد کرد کە پەیامی کۆمیتەی سوئێد پێشکەش بکات. هاوڕێ عەلیدوست پاش بەخێرهاتنی بەشداربووان بە کورتی باسی لەسەر مێژووی دووی ڕێبەندان و دەسکەوتەکانی کرد و هیوای خواست کە ئامانجەکانی کۆمار بێنەدی و کورد بە ئاواتە لەمێژینەکانی بگا. بەڕێز سەعید بەگزادە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی کۆمیتەی دەرەوەی وڵاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەم بۆنەوە پەیامێکی پێشکەش کرد. بەگزادە لە درێژەی باسەکەی دا ئاماژەی بە ناڕەزایەتیەکانی کۆمەڵانی وەزاڵەهاتووی ئێران و بێدەسەڵاتی ڕێژیمی لە ئاست ئەو تەوژمەدا کرد. ناوبراو لە درێژەی وتەکانیدا ڕایگەیاند کە ئەو ڕووداوە تازانە وا دەخوازن کە هەموو هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی کوردستان و ئێران بەرپرسیارانە و یەکگرتوانە بەرەوڕووی ڕووداوەکان ببنەوە. بەگزادە پێداگری لەسەر ڕۆڵی گرینگی ناوەندی هێزە کوردستانیەکان کرد و پێی گرینگ بوو کە لایەنەکانی دیکەش لە قەوارەیەکی یەکگرتوودا کۆببنەوە، تەنانەت چالاکوانان و ڕووناکبیران و هەموو تاکێکی کورد لە ئاست ڕووداوەکاندا بەرپرسایەتیی گرینگیان هەیە و هاوکات خەباتی ژینگەپارێزان و چالاکوانانی ناوخۆی کە پێشمەرگەئاسا هەنگاو دەنێن بەرز نرخاند. لە بڕگەیەکی دیکەی بەرنامەکەدا، پەیامی نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەلایەن د.سۆزان فەتحی، پەیامی حیزبی سوسیال دێموکراتەکانی سوئێد لەلایەن ئەندام پەرلەمان سەرکان کۆسە، پەیامی پارتی چەپی (ڤێنستر پارتی) سوئێد لەلایەن توبیاس تێنگسترۆم، پەیامی حیزبی ژینگەی سوئێد لەلایەن کەماڵ حەسەنپوور، پەیامی ڕێکخراوی لاوانی سۆسیال دێموکرات (SSU) لە لایەن شاهین خوسرەوی، پەیامی یەکیەتیی ژنانی دیموکراتی کوردستان کۆمیتەی سوئێد لەلایەن لەتیفە جەبباری، پەیامی یەکیەتیی لاوانی دیموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کۆمیتەی سوئێد لەلایەن ئاکار نستانی خوێندرانەوە. ھەروەھا ئەم حیزب و ڕێکخراوانەی خوارەوەش پەیام و بروسکەی پیرۆزبایی خۆیان بۆ ڕێوڕەسمی ٢ی ڕێبەندان ناردبوو. کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران کۆمیتەی سوئێد، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان کۆمیتەی سوئێد، ڕێکخراوی خەباتی شۆڕشگێری کوردستان کۆمیتەی سوئێد، پارتی دێموکراتی کوردستان، یەکیەتیی نیشتمانی کوردستان، بزوتنەوەی گۆڕان، فدراسیۆنی کۆمەڵەی کورد و کوردستانیەکان لە سوئێد، حیزبی کومونیستی ئێران، ڕێکخراو دێموکراتیک یارسان، پارتی سوسیالیستی کوردستان، سەید عەلی ھاشمی تێکۆشەری دێرینی دێموکرات، ڕێکخراوی خەباتی شوڕشگێڕی کوردستان و نوێنەرایەتی کۆمەڵە لە دەرەوەی وڵات. لە بڕگەیەکی دیکەی بەرنامەکەدا ڕەحمان نستانی بە وتنی حەیرانێک ڕێوڕەسمەکەی ڕازاندەوە. لە بەشێکی دیکەی بەرنامەکەدا سروودێک و نمایشی هەڵپەرکێی کوردی لە لایەن یەکیەتیی لاوانەوە پێشکەش کران کە لە لایەن بەشداربووانەوە بە گەرمی پێشوازیان لێکرا. بەشی کۆتایی ڕێوڕەسمەکە بە دەنگی هونەرمەندان، ڕۆژ کەریم، حەمید عوسمان، باوان کەریمی و چەند موزیکژەنێکی بەتوانا تاکو کاتژمێر ۱ی شەو درێژەی هەبوو.