کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەردانی هەیئەتێکی "یەکیەتیی کوردستان_سووریە" لە دەفتەری نوێنەرایەتی حیزب لە هەولێر

17:57 - 8 رێبەندان 2719

هەیئەتێکی'' یەکیەتیی کوردستان_ سووریە'' سەردانی دەفتەری نوێنەرایەتی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی کرد. ڕێکەوتی ٧ی ڕێبەندانی ١٣٩٨ی هەتاوی بەرامبەر بە ٢٧ی ژانویەی ٢٠٢٠ی میلادی، هەیئەتیکی یەکیەتی کوردستان – سووریە، کە پێکهاتبوون لە نەواڤ حەسەن ڕەشید ئەندامی مەکتەبی سیاسی و خاتوو جەلیلە حووجە بەرپرسی ڕێکخستنی ژنان لە هەرێمی کوردستان، سەردانی دەفتەری نۆینەرایەتی حیزبیان لە هەولێر کرد، کە لە لایان خالید وەنەوشە نۆینەری حیزبی دێموکراتی کوردستان لە هەولێر و ئەندامانی دەفتەری نوێنەرایەتی حیزب پێشوازییان لێکرا . لە دانیشتنەکەدا وێڕایی بە خێرهێنانی میوانەکان، وەڤدی میوان وێڕای پیرۆزبایی یادی ٧٤ ساڵەی دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە سەرجەم ئەندامانی حیزب و هیوای بەردەوامی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان تا دەستەبەرکردنی ئامانجەکانی پێشەوا قازی محەممەد سەرۆک کۆماری کوردستان، باسی هەڵوێست وکارایی ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئیرانیان کرد و چالاکیەکانیان بەرز نرخاند بە تایبەتی کە لە یادکردنەوەی کۆماری کوردستاندا لە هەولێر هەموویان بەیەکەوە بەشدار بوون. پاشان خالید وەنەوشە بە تێروتەسەلی باسی لە مێژووی پڕشکۆی کۆماری کوردستان و خەباتی ٧٤ ساڵەی حیزب کرد و ئاماژەی بە وەزعی سیاسی و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە کرد. ناوبراو لە بەشیکی دیکەی قسەکانیدا باسی دۆخی خراپی ئابووریی ئێرانی کرد کە لەبەریەک هەڵوەشاوە و تووشی کێشەو گرفتی زۆر هاتوە و لە ناوخۆێ وڵاتیش ڕووبەڕووی ناڕەزایەتی خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران بۆتەوە و ئەو خۆپێشاندانانە کە لە مانگی خەزەڵوەری ١٣٩٨ی هەتاوی لە ئیران و کوردستان سەری هەڵداوە، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی تاساندوە و سەرەڕای زەبرو زەنگی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم و کوشتنی نزیک بە ١٥٠٠ کەس لە خۆپێشاندەران و گرتنی هەزاران ئازادیخواز و خۆپێشاندەر، دیسانیش خەڵکی ناڕازی لە ویست و داخوازییەکانیان پاشەکشەیان نەکردوە و بۆ دەستەبەرکردنی ویستەکانیان هەروا لە مەیدان دان. لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە یەکڕیزی نێوماڵی کورد کرا و کێشە و گرفتی نێوان لایەنە کوردییەکان لە ماوەی دەیان ساڵی ڕابردوودا باسی لەسەر کرا، کە هەمیشە جێی نیگەرانی خەڵک بووە و ئێستا کورد لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستی بە یەکڕیزی و یەکگرتووی هەیە و پێویستە هەموو لایەک لەهەوڵی ڕێکخستنی نێوماڵی کورددا بن و لە هەر دەرفەتێک بۆ سەرخستنی دۆزی کورد کەڵک وەربگرن. لە کۆتایی دانیشتنەکەدا هاوپێوەندی و دۆستایەتی دوولایەن جەختی لە سەر کرایەوە و هیوایان خواست کە لەسەر هاوکاری و پێوەندییەکان بەردەوام بن.