کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە بریتانیا ڕێوڕەسمێک بەبۆنەی دووی ڕێبەندان بەڕێوەچوو

14:30 - 9 رێبەندان 2719

لە بریتانیا یادی ٧٤ەمین ساڵوەگەڕی دامەزرانی کۆماری کوردستان بەرز راگیرا ڕۆژی یەکشەممە ٢٦ی جانیوێری ٢٠٢٠، بە بەشداری کۆمەڵێکی بەرچاو لە ئەندامان و لایەنگران و دۆستانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، جێژنی نەتەویی٢ی رێبەندان، ٧٤مین ساڵوەگەڕی دامەزرانی کۆماری کوردستان، لە شاری "بێرمینگھام" بەڕێوە چوو. سەرەتای ڕێورەسمەکە بە خوێندنەوی سرودی نەتەوایەتی "ئەی رەقیب" و چەند ساتێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەھیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد. سەرەتا لەلایەن پێشکەشکارانی بەرنامەکە "مینا سوارە" و "کاوە مودەڕیسی" یەوە وێڕای بەخێرهینانی ئامادەبووان، چەند کۆپلە شێعر و پەخشان و کورتە باسێک لەسەر دەستکەوتە نەتەوایەتییەکانی کۆماری کوردستان پێشکەش بە بەشداربووان کرا. لە بەشێکی دیکەی رێوڕەسمەکەدا "ئەدیسۆن فەرامەرزی"، بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لە بریتانیا، پەیامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەم بۆنەوە خوێندە.. پاش پێشکەشکردنی پەیامی دەفتەری سیاسیی حیزب، ٣ کەس لە پێشمەرگە دێرینەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە ناوەکانی عەلی شاداب، محەممەد میراوەیی و حەسەن مستەفا پوور (جەنگە)، کە لە سەنگەری خەبات و بەرگریدا کەمئەندام بوون و بەشێک لە جەستەیان لەدەست داوە، لە لایەن "مەولود سوارە"، وەك یەکێک لە بە رابردووترین پێشمەرگەکان و نۆێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستان لە بریتانیا، لەوحی رێزلێنانی دەفتەری سیاسی حیزبی دێموکراتی کوردستان و لە لایان "ئیدیسۆن فەرامەرزی"ــەوە چەپکەگوڵی رێز و خۆشەویستییان پێشکەش کرا. بڕگەی کۆتایی رێوڕەسمەکە تایبەت بوو بە چالاکیی هونەری کە لەو بەشەشدا، هەریەک لە هونەرمەندان "ئەیوب عەلی و سەباح رەواندزی" وێڕای پێشکەشکردنی چەند ئاهەنگی شۆڕشگێری و نیشتیمانی، بە دەنگە خۆشەکەیان ئاگەنگەکەیان زیاتر رازاندەوە و ئامادەبووان بە شایی ھەڵپەڕکێ و خۆشی، جێژنی نەتەوەیی کۆماری کوردستانیان بەرز و پیرۆز راگرت. هەر بەم بۆنەوە کۆمەڵێک پەیام و بروسکەی پیرۆزبایی لە لایەن ئەو حیزب و ناوەند و رێکخراوانەوە بە کۆمیتەی بریتانیای حیزبی دێموکراتی کوردستان گەیشتبوون. – پارتی دێموکراتی کوردستان -کۆمەلەی زەحمەتکێشانی کوردستان – کۆمیتەی بریتانیا – حزب مردم بلوچستان – شوراي دمكراسي خواهان ايران – حزب تضامن دمكراتيك الاهواز – جبهه متحد بلوچستان