کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەردانی شاندێکی پارتی یەکیەتیی کوردستانی سووریە لە سکرتاریای حیزبی دێموکراتی کوردستان

20:14 - 12 رێبەندان 2719

لە کۆبوونەوەی نێوان پارتی یەکیەتیی کوردستانی سووریە و حیزبی دێموکراتی کوردستاندا پرسی کورد لە هاوکێشەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا تاوتوێ کرا. ڕۆژی شەممە، 12ی رێبەندان، شاندێکی پارتی یەکیەتیی کوردستانی سووریە بە سەرپەرستیی ئیبراهیم برۆ، ئەندامی مەکتەبی سیاسی ئەم حیزبە سەردانی سکرتاریای حیزبی دێموکراتی کوردستانی کرد و لە لایەن هەیئەتێکی ڕێبەریی حیزب بە سەرپەرستیی خالید عەزیزی، سکرتێری گشتیی حیزبەوە پێشوازییان لێکرا. لەم دانیشتنەدا کە بەڕێز عەلی قازی، کوڕی پێشەوا قازی محەممەدیش تێیدا بەشدار بوو، کۆمەڵە بابەتێکی پێوەندیدار بە پرسی کورد لە ئێران و سووریە خرانە بەرباس و ئاڵوگۆڕی بیروڕایان لەسەر کرا. لەم دیدارەدا بە تیشک خستنە سەر ڕەوشی ئێستای ڕۆژئاوای کوردستان بەدوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا، باس لە چەندی‌وچۆنی نفووز و دەستێوەردانی ئێران لە پرسی سیاسی و نێوخۆیی سووریەدا کرا. خوێندنەوە بۆ مەبەستە سیاسییەکانی ئەمریکا، ڕووسیە، تورکیە، ئێران و وڵاتانی عەڕەبی لە دەستێوەردانەکانیان لە سووریەدا و چارەنووس و ئاسۆی پرسە سەرەکییەکانی خەڵکی ئەم وڵاتە لە پێکناکۆکیی بەرژەوەندییەکانی ئەم وڵاتانەدا؛ تەوەرێکی دیکەی باسەکانی ئەم دانیشتنە بوو. لە بڕگەیەکی دیکەی دیدارەکەدا هەیئەتی میوان کۆمەڵە پرسیار و بابەتێکی لە پێوەندی لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا هێنایە بەرباس کە لەلایەن کاک خالید عەزیزی و ئەندامانی دیکە هەیئەتی خانەخوێ‌وە قسەوباسیان لەسەر کرا.