کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەی هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەگەڵ عوسمان بایدەمیر

18:06 - 13 رێبەندان 2719

بەمەبەستی پەرەپێدان بە پێوەندیی نێوان کەسایەتی و هێز و لایەنە کوردستانییەکان، هەیئەتێکی پێوەندییە کوردستانییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە دەرەوەی وڵات لەگەڵ بەڕێز عوسمان بایدەمیر، کەسایەتی سیاسی دیاری کورد کۆبووەوە. ڕۆژی شەممە، ١ی فێوریەی ٢٠٢٠ زایینی بەرانبەر بە ١٢ی ڕێبەندانی ١٣٩٨ی هەتاوی، هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستان پێکهاتوو لە "مادح ئەحمەدی"، ئەندامی ڕێبەری و بەرپرسی پێوەندییە کوردستانییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە دەرەوەی وڵات و" ڕێبوار قادرزادە"، ئەندامی کۆمیتەی بریتانیا، لەگەڵ "عوسمان بایدەمیر"، کەسایەتی سیاسی دیاری کورد و ئەندامی پێشووی پارلەمانی تورکیا، لە بریتانیا کۆبوونەوە. لە سەرەتای دیدارەکەدا مادح ئەحمەدی وێڕای بەزر نرخاندنی خەبات و تێکۆشانی بەڕێز بایدەمیر و کورد لە باکووری کوردستان، جەختی لەسەر گرنگی پتەو کردنی پێوەندیی نێوان کەسایەتیی و هێز و لایەنە سیاسییەکان لە هەموو بەشەکانی کوردستان کردەوە. بەرپرسی پێوەندییە کوردستانییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە دەرەوەی وڵات لە بەشێکی دیکەی قسەکانی دا، تیشکی خستە سەر دۆخی هەنووکەیی خەباتی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و سیاسەتی حیزبی دێموکراتی کوردستان، لەو بارەیەوە  ئاماژەی بەوەدا کە ئێستا چوار حیزبی ڕۆژهەلاتی کوردستان لە چوارچێوەی ناوەندیی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێراندا پێکەوە هاوکارییان هەیە. ناوبراو لە درێژەی باسەکەیدا گوتی: “لەبەرانبەر سیاسەتی سەرکوتی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، حیزبی دێموکرات هەوڵ بۆ بەهێز کردنی پێوەندیی و هاوکاریی زیاتری نێوان هێز و لایەنە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەدات و لەو بارەوە ئەوەی لە دەستی هاتبێ درێغی نەکردووە” . هەروەها لەم دیدارەدا، بەڕێز عوسمان بایدەمیر، بە ئاماژە بە دۆخی خەباتی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان، جەختی لەسەر پێویستی هاوکاریی و تەبایی نێوان هێز و لایەنە سیاسییەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان کردەوە و ئاماژەی بەوەدا کە حیزب و لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان پێویستە لە پێناو بەرژەوەندییە باڵاکانی خەڵکی کوردستاندا و بەتایبەتی لە پرسە ستراتیژی و نەتەوەییەکاندا یەکگرتوو و تەبا بن و پێکەوە بەرپەرچی پلانی دوژمنکارانەی داگیرکەرانی کوردستان بدەنەوە. بەڕێز بایدەمیر لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا پشتیوانی خۆی بۆ بزووتنەوەی کورد و خەباتی ڕەوای خەڵکی کوردستان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دووپات کردەوە و ڕایگەیاند کە بۆ ئەو مەبەستە ئەوەی لە دەستی بێ درێغی ناکات. لە کۆتایی دیدارەکەدا، هەیئەتی حیزبی دێموکراتی کوردستان بۆ بردنە سەری ئاستی قورسایی کورد لە هاوكێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناویندا، پێوەندیی زیاتری نێوان هەموو بەشەکانی کوردستانی بە گرینگ زانی و ئامادیی حیزبی دێموکراتی بۆ ئەو مەبەستە دووپات کردەوە.