کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەی هەیئەتی حیزبی دێموکراتی کوردستان و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان

19:16 - 15 رێبەندان 2719

هەیئەتێکی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان سەردانی سکرتاریای حیزبی دێموکراتی کوردستانی کرد. لەم کۆبوونەوەیە ئەگەرە سیاسییەکانی بەردەم جووڵانەوەی کورد لە ئێران و گۆڕانکارییە سیاسی و نێوخۆییەکانی ئێران تاوتوێ کران و ئاڵوگۆڕی بیروڕایان لەسەر کرا. ڕۆژی سێشەممە، ١٥ی ڕێبەندان هەیئەتێکی ڕێبەریی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان بە سەرپەرستیی کاک عومەر ئیلخانیزادە، سکرتێری گشتیی کۆمەڵە سەردانی سکرتاریای حیزبی دێموکراتی کوردستانی کرد و لە لایەن هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە سەرپەرستیی کاک خالید عەزیزی، سکرتێری گشتیی حیزبەوە پێشوازییان لێکرا. لەم دیدارەدا باس لەو سیناریۆ و ئەگەرانە کرا کە بەرەوڕووی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی دەبنەوە، وەک ئەگەری گۆڕانی ڕێژیم لە بەردەوامیی ناڕەزایەتییەکان، ئەگەری پاشەکشەپێکردن بە ڕێژیم لە بەردەوامیی گوشارەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و زۆر ئەگەر و پێشهاتی دی کە پێویستە هێزە کوردییەکان لە ڕۆژەڤی کار و بەرنامەکانی خۆیانی دابنێن و پلانی گونجاویان بۆیان هەبێ. لەم بەشە لە باسەکانی کۆبوونەوەکەدا باس لە بەهێزکردنی ئەدرەسی ڕوونی بزووتنەوەی سیاسیی کورد لە ئێران کرا و بۆ ئەو مەبەستە پێ لەسەر گوڕوتین بەخشینی زیاتر بە دیپڵۆماسیی بیانی، دیاریکردنی سیاسەتی ڕاشکاوانە بە نیسبەت داهاتووی ئێران و پرسی کورد لەگەڵ دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنی غەیرە کوردی کۆماری ئیسلامی و؛ دەستنیشان کردنی کۆمەڵێک پلان و پڕۆژە بۆ خەباتی پێشمەرگانە و مەدەنی داگیرایەوە. لە بڕگەیەکی دیکەی باسەکانی ئەم کۆبوونەوەیەدا بابەتە سیاسییەکانی ڕۆژەڤی ئێران، وەک گرژییەکانی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ کۆمەڵگەی جیهانی، قەیرانە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگە و ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکان بۆ گۆڕینی ئەم دۆخە کرا و بە لەبەرچاوگرتنی نیزیکبوونەوە لە وادەی هەڵبژاردنەکان ئەم خوێندنەوەیە هاتە گۆڕێ کە حاکمییەتی سیاسی لە ئیران هەموو هەوڵەکانی ئەوەیە نیزام و دەسەڵاتی سیاسی یەکدەست و تۆکمەتر بێ؛ بۆیە هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەی مەجلیس پتر لە هەموو کاتێک مهەندیسی کراون و دەکرێن. پرسی هاوکاریی پتری هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران بۆ بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ گۆڕانکارییەکان و قۆستنەوەی هەل و دەرفەتە ڕەخساوەکان و ڕەواندنەوەی مەترسییەکانی بەردەم  پرسی کورد لە هاوکێشەکانی داهاتووی ئێراندا، تەوەرێکی دیکەی باسەکانی ئەم دانیشتنە بوو. لەم بەشەشدا دوو لایەن کۆک بوون لەسەر ئەوەی ناوەندی هاوکاری دەبێ ئیرادەی سیاسیی جەمعیی خۆی لە پڕۆژەی کاری مەیدانیی هاوبەشدا بخاتە ڕوو. هەروەها ناوەند نابێ تابعێک بێ لە هەلومەرج، پێشهات و گۆڕانکارییەکان؛ بەڵکوو پڕۆژەیەکی گشتگیر و فرەڕەهەند بۆ بردنەپێشی پڕۆسەی سیاسیی کورد لە هاوکێشە نێوخۆییەکانی ئێران بێ. دوو لایەن لە درێژەی باسەکانی ئەم دانیشتنەدا کۆمەڵە بابەتێکی دیکەی پێوەندیدار بە ئاڵوگۆڕەکانی ئێران، کوردستان و ناوچەیان تاوتوێ کرد. - کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان - حیزبی دێموکراتی کوردستان