کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداری بەرپرسی بەشی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لە کۆبوونەوەی ئەنیستیتۆی نێونەتەوەیی لە ئوتریش

04:41 - 17 رێبەندان 2719

لە وڵاتی ئوتریش بەرپرسی بەشی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان بەشداریکرد لە کۆبوونەی "ئەنیستیتۆی نێونەتەوەیی بۆ ئاشتی". ڕۆژی پێنج شەممە، ٩ی ڕێبەندان ، بەرامبەر بە (٣٠/١/٢٠٢٠ ز)،لە سەر بانگهێشتی فەرمی خاتوو فینکارت بەڕێوبەریی ئەنیستیتۆی نێونەتەوەیی بۆ ئاشتی، بەرپرسی بەشی پێوەندییە نێونەتەوەییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان ، دکتور “عەلی مازووچی” لە وڵاتی ئوتریش ، بەشداری کۆبوونەوەیەکی کرد کە بۆ پەردەلادان و ناساندنی کتێبێک لە سەر ئابووری ئێران و هەروەها بۆ گۆڕینەوەی بیروڕا لە سەر بارودۆخی ئابووری ئێران بە گشتی پێکهاتبوو. شایانی باسە کە زیاتر لە ٢٠٠ کەس بەشداری ئەم کۆرە بوون و لە نێو بەشداربووان، لایەنگرانی رێژیمی کۆماری ئیسلامی ، تەیفە جیاوازەکانی ئۆپۆزیسیۆن و هەروەها خەڵکی ئوتریش بەشدار بوون. جێگای ئاماژەیە کە لایەنگرانی ڕێژیم و نووسەرانی کتێبەکە لە هەوڵی ناساندنی وڵاتی ئێران بە یەکێک لە باشترین وڵاتان لە ئاستی ئابووری واتە بە پلەی یازدەهەم لە دنیادا بوون و هەموو هەوڵی خۆیان دەدا کە سەرنجی بەشداربووان بە مەبەستی سەرمایەگوزاری زیاتر لە ئێران ڕابکێشن و وڵاتی ئێران بۆ سەرمایەگوزاری کەلان بە وڵاتێکی گونجاو و بە ئەمنیەت نیشان بدەن . لە درێژەی ئەم کۆبوونەوەیەدا بەرپرسی پەیوەندییە نێونەتەوییەکانی حیزب، دکتورمازووچی ئیشارەی بەم چەند خاڵەی خوارەوە کرد و وتی : "ئابووری ئێران لە دەستی سپای پاسداران دایە و ئابوورییەکە کە ڕەنگ وڕووی میلیتاریزە کراوی پێوە دیارە، لە بەرنامەو پلانی ئابووری میلیتارێزە کراوە، گەشەی سەرمایەگوزاری لە لایەن ئوروپاییەکانەوە سنووردار دەبێت و ئەو جۆرەی پێویستە کاردانەوەی باشی نابێت. لە لایەکی دیکەوە لە بەشە دوورەدەستەکان و لە دەرەوەی شارە گەورەکان، خەڵک لەوپەڕی نەداری و هەژاریدا دەژین، کە بۆ بژێوی ژیانیان کاری کۆڵبەری دەکەن و ڕۆژ نییە لە سەر بارودۆخی پارێزگا دووردەستەکان هەواڵی ناخۆش لە پەیوەندیی لەگەڵ هەژاری خەڵک نەبیسین ، بۆ نموونە دەکرێ ئاماژە بە ڕۆژهەلاتی کوردستان و پارێزگای بەلوچستان بکەین" . ئەمانە و زۆر خاڵی دیکە سەلماندوویەتی کە خەڵکی ئێران بەشداری بەرنامەو پلانی ئابووری وڵاتی ئێران ناکەن و لە ئەنجامدا نەک هەر ئابووری وڵات باش نییە بەڵکوو خەڵکەکەی لە نەداری و هەژاری دا دەژین، کە ئەمەش دەبێتە هۆکاری دروست بوونی کۆمەڵگەیەکی بە گشتی ناتەندروست لە هەموو بوارێکەوە. لە کۆتایی باسەکەدا بەشداربووان بە نموونە هێنانەوە و پرسیاری زیاتر و ڕەخنە و پێشنیارەکانیان دەربارەی ئابووری ئێران بە نیسبەت خەڵکی نێوخۆ و بارودۆخی ژیانی هاوڵاتییە ئێرانییەکان چالاکانە بەشداری کۆبوونەوەکە بوون.