کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێهەمین کۆنفڕانسی شوڕای دێموکراسیخوازانی ئێران لە شاری ستۆکهۆڵم،ی پێتەختی وڵاتی سوئید بەڕێوەچوو

06:09 - 21 رێبەندان 2719

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٩ی ڕێبەندانی ١٣٩٨ی هەتاوی، بەرامبەر بە ٨ی فێوریەی ٢٠٢٠ی زایینی لە شاری ستۆکهۆڵم،ی پێتەختی سوئید، حیزبەکانی پێکهێنەری شوڕای دیموکراسیخوازانی ئێران کۆنفڕانسی سێهەمیان بەڕێوە برد. لەم کۆنفرانسەدا کە بە بەشداریی بەشێک لە ئەندامانی حیزب و ڕێکخراوە سیاسییە کوردستانی و ئێرانی و لەژێر چەتری ناوەندی شۆڕای دێموکراسی‌خوازانی ئێران و، بە ئامادەبوونی بەشێکی بەرچاو لە سیما ناسراوەکانی گۆڕەپانی سیاسیی ئێران، چالاکانی سیاسی، حیزب و لایەنەکانی دژبەری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و چەند کاناڵی تەلەفزیۆنی ئێرانی و عەرەبی وەک تەلەفزیۆنی ئێران ئینتێرناشناڵ، تەلەفزیۆنی ئەلعەرەبییە، تەلەفزیۆنی ئەلحەدەس و تەلەفزیۆنی "هەم ئاوا" بەڕێوەچوو. شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە سەرپەرەستیی کاک خالید عەزیزی، سکرتێری گشتیی حیزب بەشداری کۆنفڕانسەکە بوو. ئەم کۆنفڕانسە سەرەتا بە بەخێر هێنانی میوانان لە لایەن بەڕێوەبەری بەرنامە هێرۆ نامداری دەستی پێکرد، پاشان کەمال حەسەنپوور بە دوو زمانی سوئیدی و ئینگلیسی، ناسنامەیەکی پوخت و تێرو تەسەلی سەبارەت بە چۆنیەتی دامەزرانی شۆڕای دێموکراسیخوازان و سیاسەت و کارکردی ئەو شۆڕایە پێشکەش کرد. بە دوای ئەو دا ئەحمەد مورتەزایی ئەندامی کومیتەی ناوەندی کۆمەڵە و وتەبێژی دەورەیی شۆڕای دیموکراسیخوازان، بە ڕەسمی کۆنفڕانسەکەی کردەوە. بەرنامەی کاری کۆنفڕانس دابەش کرابوو بە سەر دوو پانێل دا و بەشی کۆتاییش تەرخان کرا بۆ وتاری میوانان. وتاربێژی یەکەم کاک خالید عەزیزی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بوو. سکرتێری گشتیی حیزب لە باسەکەی خۆیدا ئاماژەی بەوە کرد کە، خودی ئۆپۆزیسیۆن بوون ناتوانێ ئەرکی سەر شانی حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان کەم بکاتەوە، لەبەر ئەوەی زۆرینەی خەڵکی ئێران ئێستا لە بەرەی دژبەری کۆماری ئیسلامی‌ دان، هەر بۆیە پێویستە حیزبە سیاسییەکان لە ئاستی ئۆپۆزیسیۆن بوون تێپەڕن و بیر لە بوون بە ئاڵتێرناتیڤی کۆماری ئیسلامی بکەنەوە. بەڕێزیان لەم بەشە لە وتارەکەیدا پێی وابوو ئەگەر کەشوهەوای شۆڕش بەسەر ئێراندا زاڵە و خەڵک بە بەردەوامی ناڕەزایەتی دەردەبڕن؛ بەڵام بەبێ ڕێبەرییەکی کارامە، بێتوو شۆڕشیش سەر بگرێ دەتوانێ لە داهاتوودا لێکەوتەی نەرێنیی هەبێ. لە درێژەی وتەکانیدا، کاک خالید عەزیزی بە لەبەر چاوگرتنی فرەنەتەوەیی بوونی ساختاری جوغرافیایی ئێران باسی لە، مێژووی هاوچەرخی ئەم وڵاتە و هەروەها سیستمی دەسەڵاتی ناوەندگەرای ئەم وڵاتە لەم ماوە زەمەنییەدا کرد و، لەسەر ئەم باوەڕە بوو کە ئەگەر پێشتر سەرنج بدرایەتە سەر گەلانی تری ئێرانیش؛ ئێستا هیچ کام لە گەلانی ئەم وڵاتە بە تایبەتی گەلی کورد بەرەوڕووی ئەم کێشە هەنووکەییانە نەدەبوونەوە. سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە بەشێکی تری باسەکەیدا بەشداریی چالاکانەی گەلانی ئێران لە سیستمی ئیداریی ئەم وڵاتە، یارمەتیدەری بەرەوپێشچوونی وڵات لە ڕووی سیاسی، ئابووری، ئەمنیەتی و کۆمەڵایەتییە و، ئەوەی کە خەڵک لە دابەشبوونی ئێران دەترسێنێ؛ سیاسەتێکە بۆ ئەوەی حاشای لە نەتەوە بندەستەکان بکا و، دەبێ وەکوو فاکتۆرێکی گرینگی گەیشتن بە دێموکراسی سەیری گەلانی ئێران و بەتایبەت گەلی کورد بکرێ. خالید عەزیزی لە بەشی کۆتایی قسەکانیدا باسی لە سێ فاکتۆری سەرەکیی دابینکەری دێموکراسی لە داهاتووی ئێراندا کرد، کە بریتی بوون لە؛ یەکەم: سازان و تەوافوق، دووهەم: بە چاوی دەرفەت سەیری گەلان و کەمینەکانی ئێران بکرێ و، سێهەم: لەمپەر دروست نەکردن لەبەردەم گەیشتن بە مافی گەلی کورد لە داهاتوودا، لە بەر ئەوەی ئەگەری هەیە هەڵوێستی پەرچەکردارانەی لێ بکەوێتەوە. اشان محەممەد میسری بە نوێنەرایەتی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بابەتێکی لەسەر پێویستی هاودەنگبوون لەم کات و ساتە هەستیارەدا پێشکەش کرد. وتاربێژی سێهەم عەبباس خورسەندی لە بەرەی دێموکراتیکی ئێران بوو. ناوبراو ئاماژەی بە هاوکاری نێوان شۆڕا و هاوپەیمانەتییەکانی دیکەی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران و هەرەوها حیزب و ڕێکخراوەکانی سیاسیی ئێران و نەتەوەکانی جێگیر لە جوغرافیای ئێران کرد و وتی: "دەرگای شۆڕا بۆ گشت حیزب و لایەنەکانی تر ئاوەڵەیە". چوارەم وتاربێژی پانێلی یەکەم دکتۆر کەریم عەبدیان بوو کە باسێکی گرینگی لەسەر دۆخی نێوخۆ و نێودەوڵەتیی ئێران پێشکەش کرد. پاشان ئەحمەد لبادی لە حیزبی دیموکراتی کوردستان کە یەکێک لە ڕێکخەرانی ئەو کۆنفڕانسە بوو، بە ئاماژە بە خاڵ و بڕگەکانی پانێلی دووهەم، داوای لە کۆڕگێڕان کرد کە بۆ پێشکەش کردنی وتەکانیان خۆیان ئامادە بکەن. لە پانێلی دووەمدا ناسر بلیدایی سکرتێری گشتیی حیزبی خەڵکی بەلووچستان، خانم د.سیمین سەبری نوێنەری بیرلیک، فەرامەرز بەختیار سکرتێری گشتیی حیزبی لوڕستانات، یوسف کۆڕ لە ڕێکخراوی سیاسی و کەلتووری تورکمان، عەزیز دادیار لە بەرەی یەکگرتووی بەلووچستان وتارەکانیان پێشکەش کرد. بەشی کۆتایی ئەو کۆنفڕانسە تەرخان کرابوو بۆ وتاری میوانەکان کە بریتی بوون لە: شەهریاری ئاهی، حەسەنی ئیعتمادی، دوکتور یحیای، عەلی جەوانمەردی، سەدرالشرڕافی و بیژەن قارەمانی. پاشان چەند پارجە موزیکی ئازەری لە لایەن گرووپێکی موزیکەوە پێشکەش کرا کە جێی رەزامەندی ئامادەبووان بوو. بەشی کۆتایی ئەو کۆنفڕانسە بڕیاڕنامەی کۆنفڕانسەکە بوو کە بە دوو زمانی ئینگلیسی و فارسی لە لایەن د.کەریم عەبدیان و ئازاد مستۆفی خوێندرانەوە. لە بڕیارنامەکەدا پشتگیریی لە پێکهێنانی بەرەیەکی بەرفراوانتر بۆ ڕووخانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و هەروەها پشتگیریی لە هەموو بزووتنەوە مەدەنییەکانی نێوخۆ کرابوو. لە کۆتایی بڕیارنامەکەدا هاتووە، شووڕای دیموکراسیخوازان باوەڕی وایە ئەو هێزە دەتوانێ دێموکرات بێ کە دووچاوگی نەتەوەیی و ڕەگەزیی و مەزهەبی و شارۆمەندیی و هەروەها مەزهەبی فەرمی وڵاتی وەلا نابێ. حیزبەکانی پێکهێنەری شووڕای دیموکراسیخوازان بریتین لە: – حیزبی دێموکراتی کوردستان -کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران – ئیتحادی دێموکراتیکی ئاذربایجان، بیرلیک – جەبهەی دێموکراتیکی ئێران – بەرەی یەکگرتووی بەلووچستان – بزووتنەوەی یەکگرتووی دادخواە – حیزبی تەزامونی دێموکراتیکی ئەهواز – حیزبی لورستانات – حیزبی گەلی بەلووچستان – ڕێکخراوی فەرهەنگیی سیاسیی ئازەربایجان – ڕێکخراوی فەرهەنگی سیاسیی تورکمەن سەحرا