کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرێوە چوونی سیمینارێک لە شاری ستوکهوڵم لە سەر هەڵبژاردنەکانی مەجلیس

17:00 - 30 رێبەندان 2719

ڕۆژی یەکشەممە ۱٦ی فێوریەی۲٠۲٠ی زایینی، بە دەسپێشخەری ناوەندی سیاسی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە مەبەستی ڕوونکردنەوە و وشیارکردنەوەی خەڵک لە بە نێو هەڵبژاردنی دەوری یازدەهەمی مەجلیسی شۆرای ئیسلامی سمینارێکی لە ستۆکهۆڵمی پێتەختی وڵاتی سوئێد بەڕێوە چوو. لەو سمینارەدا کە بە بەشداری نوێنەرانی هەر چوار حیزب و کۆمەڵێک میوان بەڕێوەچوو،لایەنەکان پێداگریان لە سەر ناڕەوایی و مەشروع نەبوونی دەنگدان لە سیستەمی کۆماری ئیسلامیدا کردەوە کە ڕژیم بە بێ ئەوەی بڕوای بە هەڵبژاردن هەبێ و گرینگی بدات بە مافی هاووڵاتیان، وەک ئەمرازێک بۆ وەرگرتنی مەشروعیەتی خۆی هەوڵدەدا بە فێڵ و تەڵەکە و بەرتیل و تەنانەت هەڕەشە بەشداری بە خەڵک بکات تا لەو ڕێگایەوە چەواشەکارانە بە جیهان بسەلمێنێ کە هەڵبژاردن لە سیستەمی کۆماری ئیسلامی دا هەیە و خەڵک ئازادە چ شتێک هەڵبژێرێ! لەو سمینارەدا هەر یەک لە چیا عەلیار بە نوێنەرایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، زاگروس خوسرەوی بە نوێنەرایەتی کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، حەسەن حاتەمی بە نوێنەرایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستان وئەسعەد درودی بە نوێنەرایەتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان قسەیان کرد و سیاسەتی حیزبەکانیان لە هەمبەر شانۆگەری دەورەی یازدەهەمی هەڵبژاردنەکانی ئێران باسکرد. نوێنەرانی هەر چوار حیزبی ئەندام لە کومیتەی هاوکاری، تێڕوانیی خۆیان بۆ بەشداری نەکردنی خەڵک لە بەنێو هەڵبژاردنی ڕێژیم دووپات کردەوە و داوایان لە خەڵکی کوردستان کرد کە لە وەها هەڵبژاردنێکدا کە قازانجەکەی بۆ ڕێژیمە، بەشداری نەکەن . لە بەشی دووهەمی ئەو سمینارەدا بەشدارانی کۆڕەکە، هێندێک تێبینی و پرسیاریان ئاراستە نوێنەری حیزبەکان کرد کە وەڵامیان درایەوە. لە کۆتایی دا داواکاریەک بە تێکرایی دەنگ پەسەند کرا کە دەقی داواکارییەکە بەم شێوەیە: ژنان، پیاوان و لاوانی هێژا ! جارێکی دیکە ڕژیم بۆ مانەوەی خۆی شانۆی هەڵبژاردنی مەجلیس وەڕێ دەخا،کارنامەی ئەم حکوومەتە نیشانی داوە کە درۆتان لە گەڵ دەکا، مەچنە سەر سەندووقەکان، مەبنە دەستەچیلەی ئەم حکوومەتە، دەنگ نەدان، مافی هەر تاکە کەسێکە، ڕێژیم ناتوانێ لە ڕێگای یاساییەوە گرفتتان بۆ پێک بێنێ، دەنگ مەدن مەچنە ناو سەفی دەنگ دان، دەنگ مەدەن بە نادادپەروەی و دڕێژەی کارەساتەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران.