کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی کۆتایی هاتنی کۆنگرەی یەکیەتیی ژنانی دێموکڕاتی کوردستان

21:31 - 3 رەشەمه 2719

پێشنیوەڕۆی ڕۆژی شەممە، ٣ی ڕەشەمەی ١٣٩٨ی هەتاوی، ڕێوڕەسمی کۆتایی هاتنی کۆنگرەی پێنجەمی یەکیەتیی ژنانی دێموکڕاتی کوردستان لە یەکێک لە بنکەکانی دەفتەری سیاسی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان بەڕێوەچوو. سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە وەستانی خولەکێک بێدنگی بۆ ڕێزگرتن لە ڕوحی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد. لە دەسپێکی بەرنامەکەدا، خاتوو "سۆما حەکیم زادە" وێڕای بەخێرهێنانی میوانان و بەشدارانی ڕێوڕەسمەکە، پێشەکیەکی خوێندەوە. دواتر بەڕێز "مستەفا مەولوودی" جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان وێڕای پیرۆزبایی سەرکەوتنی کۆنگرەی پێنجەمی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان، لە لایەن دەفتەری سیاسی حیزبەوە پەیامێکی پێشکەش کرد. کاک مستەفا بە ئاماژەدان بە دامەزرانی یەکیەتیی ژنانی دێموکڕاتی کوردستان لە سەردەمی کۆمارەوە تا ئێستا، نەخش و ڕۆڵی ژنانی لە خەباتی مافخوازانەی گەلەکەمان بەگرینگ هەڵسەنگاند. ناوبراو ئاماژەی بە نەخشی دوو سکرتێری یەکیەتیی ژنان، شەهیدان نەسرین حەداد و سۆهەیلا قادری کرد و کار و زەحمەت و هەوڵەکانی ئەوانی لەبەرەوپێشچوونی کار و ئەرکەکانی یەکیەتی ژنان بەرز نرخاند. مەولوودی لەو بەشە لە وتەکانیدا ئاماژەی بە شەهیدبوونی دوو سکرتێری یەکیەتیی ژنان دا کە لە ١٧ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاویدا، لە مووشەکبارانی قەڵای دێموکڕاتدا شەهید بوون و دوای شەهید بوونیان کۆمەڵێک ژنی ئازا ئەم ئەرکەیان گرتە ئەستۆ و تا ئێستا بە سەرکەوتوویی لەو مەیدانەدا خزمەتیان کردووە. بەڕیز مەولوودی لە درێژەی وتەکانیدا ئاماژەی بە پێوەندی توندوتۆڵ و بەردەوامی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان و یەکیەتیی ژنانی دێموکڕاتی کوردستان کرد، کە لە دامەزرانی یەکیەتیی ژنانەوە تا ئێستا بەردەوام بە یەکەوە لەسەر خەت و پشت و پشیتوانی یەکتر بوون. دواتر خاتوو "موژگان عەلیپوور" سکرتێری هەڵبژێردراوی یەکیەتیی ژنانی دێموکڕاتی کوردستان چەند وتەیەکی پێشکەش کرد. خاتوو موژگان وێڕای پیرۆزبایی سەرکەوتنی کۆنگرە، باسێکی لەسەر هەلومەرجی گرتنی کۆنگرە و ڕاسپاردەکانی کۆنگرە پێشکەش کرد. ناوبراو ئاماژەی بە ڕۆڵی ژنان لە خەباتی ڕەوای گەلەکەماندا کرد و ڕۆڵی ژنانی لەنێوخۆی وڵات بەرز نرخاند. خاتوو موژگان لەبەشێکی دیکەی وتەکانیدا سپاسی خاتوو "شلێر مەحموودی" سکرتێری پێشووی یەکیەتیی ژنانی کرد کە بە دڵسۆزییەوە ئەرکە پێسپێردراوەکانی جێبەجی کردوە. بەشێکی دیکەی ڕێوڕەسمەکە بە چەند هەڵبەستی شاعیری هەست ناسک، خاتوو کوێستان عومەرزادە ڕازایەوە. کۆتایی بەرنامەکە بە گۆرانیەکانی هونەرمەند ڕێبوار حەسەنی و شایی و هەڵپەڕکێی بەشداران کۆتایی پێهات.