کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیداری بەرپرسی بەشی پەیوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ئوسترالیا

00:01 - 6 رەشەمه 2719

کاتژمێر ١ ی پاشنیوەرۆی ڕۆژی پینج شەممە، ٢٠ی فێوریەی ٢٠٢٠ی زایینی، سەلاح پورئەسەد، بەرپرسی بەشی پەیوەندییەکانی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ئوسترالیا، لە گەڵ خاتوو “لاریسا واترس” سناتۆر لە حیزبی سەوزەکانی ئوسترالیا کە ھاوکات سەرۆکی تیمی سناتۆرە سەوزەکانی ئوسترالیایە لە مەجلیسی سنا و جێگری سەرۆکی حیزبی سەوزە، کۆبۆوە. لەو کۆبوونەوەیەدا، سەلاح پورئەسەد باسێکی لەسەر کارنامەی ڕەشی٤١ ساڵەی دەسەلاتی دیکتاتوریی کۆماری ئیسلامی لە ئیران ، بە سیاسەتی سەرکوت، قەتڵی عامی بە کۆمەڵی خەڵکی کوردستان، کوشتاری کۆڵبەران، ئیعدامی زیندانیانی جودا بیر، پەرەپێدانی توند ئاژۆیی ئیسلامی لە ڕێگای تیرۆر و تەقاندنەوە بۆ دەرەوەی ئێران، تیرۆری ڕێبەران وکەسایەتی سیاسییەکانی کورد و ئێرانی لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات کرد. لە درێژەی باسەکاندا سەلاح پورئەسەد ، بە سەرنجدانێکی زیاتر بە ڕووداوەکانی دووساڵی ڕابردوو لە پەیوەندی لەگەڵ سیاسەتی سەرکوت و ناڕەوای کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە وەبیرهێنانەوە و ئاماژە کردن بە مووشەکبارانی قەڵای دێموکرات لە سێپتامبری ٢٠١٨ ، و هەڵسوکەوتی نامرۆڤانەی کۆماری ئیسلامی لە ئاست خۆپێشاندانەکانی ئەم دوایانەی لە شارەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لیستێکی ئامادەکراوی لە شەھیدان و زیندانیان لە پەیوەندی لەگەڵ خۆپێشاندانەکان، دایە دەست سناتۆر واترس. بەرپرسی بەشی پەیوەندیەکانی حیزب لە سەر ھەڵبژاردنی خولی یازدەهەمی مەجلیسی ئێران ، وێڕای ئاماژە کردن بە نادێموکرات بوون و فەرمایشی بوونی ئەم هەڵبژاردنە، ئیشارەی بە هەلوێستی ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە بایکۆت کردنی ئەم هەڵبژاردنە کرد. کۆتا باسی ئەم کۆبوونەوەیە لە سەر ھاتنە دەری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە پەیماننامەی بە کار نەھێنانی وزەی ئەتۆمی بۆ مەبەستی نیزامی( ئن پی تی) بوو ، کە لەم بەشەدا زیاتر سەرنج لە سەر داهاتووی باری ئەمنیەتیی ناوخۆی ئێران و ناوچە کرا. سناتۆر واترس وێڕای پێشوازی کردن لەم دیدارە ، بە سەرنجەوە گوێی بۆ قسەکان گرت و ڕایگەیاند وەک بزوتنەوەی سەوزەکانی جیھان کە لە ژێر چەتری ڕێکخراوێکدا کۆبوونەتەوە ئامادەن لەگەڵ حیزبی دێموکڕاتی کوردستان پەیوەندی زیاتر بگرن و پشتیوانی لە داوا ڕەواکانی گەلی کورد بکەن . هاوکات بەرێز لاریسا واترس بەڵێنی دا کە نامەیەک بۆ وەزیری دەرەوەی ئوسترالیا بنێرێ و لەو نامەیەدا لە سەر ئەو پێشێلکاریانەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دەرحەق بە گەلی کورد بە دواداچوون بکات و هەروەها ئەوەندەی لە دەستی بێت ھاوکار بێت بۆ ئازاد کردنی زیندانیان. سناتۆر واترس خۆشحاڵی خۆی لەو چاو پێکەوتنە دەربڕی و ڕایگەیاند کە خوازیارە لەمەوبەدوا زیاتر لە سەر کێشەکانی ڕۆژهەلاتی کوردستان ئاگادار بێت و لە پەیوەندی دابێ.