کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی ڤۆرکشۆپێک بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک لە هەولێر

15:06 - 6 رەشەمه 2719

پێشنیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە، ٥ی ڕەشەمەی ٩٨ی هەتاوی، زانکۆی لوبنانی – فەڕەنسیی هەولێر سمینارێکی تایبەت بە زمانی دایکی بۆ هەرکام لە بەڕێزان: دوکتور "ئاسۆحەسەن‌زادە"، دوکتور "کوردستان موکریانی " و مامۆستا "ژۆلی گێبخێتۆی" فەڕانسەویی بەڕێوەچوو. لەو ڤۆرکشۆپە زانستییە‌دا هەر کام لەو بەڕێزانە لە گۆشە نیگای زانستییەوە گرینگی زمانی دایکی و سیاسیەتی زمانەوانییان خستە بەرباس و ڕاو بۆچوونی خۆیان باس کرد. سەرەتا دوکتور کوردستان موکریانی پانێلێکی لە ژێر ناوی" ناسنامەی نەتەوەیی و سیاسەتیی زمانی" بەڕێوەبرد. دوکتۆر کوردستان موکریانی باسەکەی خۆی لە ژێر ناوی زمانی دایک وەکوو ناسنامەی شارستانییەتی هەر نەتەوەیەک دەسپێکرد و لەو بوارەدا بۆ ئامادەبووان قسەی کرد. ناوبراو سەرەتا بە ئاوڕدانەوەیەک لە مەبەستی ناولێنان لە ڕۆژی ٢١ی فێورییە وەکوو ڕۆژی ناوزەدکراو بە ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک لەوبارەوە درێژەی بە قسەکانی خۆی دا و، دواتر بە هێنانە ئارای پرسیارێک کە مادام زمانی دایک وا گرینگە! ئێمەی کورد بۆ زمانی کوردی دەبێ چ بکەین؟! درێژەی بە قسەکانی خۆی دا. ناوبراو لە کۆتایی‌دا بە باسکردن لە هەلومەرجی سیاسی و کۆمەڵایەتی باشووری کوردستان لەو سۆنگەیەوە کۆمەڵێک پێشنیاری بۆ باشترکردن و بە هێزکردنی پرسی زمانی کوردی ئاڕاستە کرد. لە پانێلی دووهەم‌دا دوکتور ئاسۆ حەسەن‌زاد بابەتێکی لە ژێر ناوی سیاسەتی زمانی و ڕوانگەی نێونەتەوەیی پێشکەش کرد. لەو پانێلە‌دا دوکتور ئاسۆ بە ئاماژەدان بە گرینگی زمان بەگشتی و بەتایبەتی زمانی دایک باسەکەی دەستپێکرد و لەسەر چۆنیەتی پارێزگاری کردن لە زمانەکان درێژەی بە باسەکەیدا. دوکتور ئاسۆ حەسەن‌زادە لە درێژەی قسەکانی‌دا پڕژایە سەر چەمک و پێناسەی زمانی دایک و چەند خاڵێکی لەو پێوەندییە‌دا خستە ڕوو. ناوبرا بە سەرنجدان بە یاساکانی زمانیی لە یاسای نێودەوڵەتیی‌دا میکانیزمە نێونەتەوەییەکانی بۆ پارێزگاریکردن لە مافە زمانییەکان شیکردەوە. دوکتور ئاسۆ حەسەن‌زادە لە بەشی کۆتایی‌دا بە هەڵسەنگاندنی دۆخی ئێستای زمانی کوردی و مەترسییەکانی سەرڕێی زمانی دایکی کرد و خەسارناسی بۆ کرد. لە پاننێلی سێیەمی ئەو ڤۆرکشاپە زانستییە‌دا مامۆستا ژۆلی بە فەڕانسەیی باسێکی تایبەت بە یاسا زمانییەکانی وڵاتی فەڕانسە پێشکەش کرد، کە لە لایەن دوکتور ئاسۆحەسەن‌زادەوە وەرگێڕدرایە سەر زمانی کوردی. باسەکەی مامۆستا ژۆلی تەرخانکرابوو بۆ چۆنیەتی مامەڵە کردنی دەوڵەت و خەڵکی فەڕانسە لە گەڵ زمانی دایک و زمانە بیانییەکان و هەروەها ئاماژەدان بە سیستەمی پەروەردەی ئەو وڵاتە. لە کۆتایی‌دا چەند کەس لە مامۆستایان و خوێندکاران پرسیار و تێبینی خۆیانیان باس کرد و لە لایەن دوکتور کوردستان موکریانییەوە وڵامدرانەوە.