کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی سمینارێک لە واشینگتۆن لە سەر پرسی کورد لە ئێران

15:08 - 11 رەشەمه 2719

لە شاری واشینگتۆنی ئەمریکا سمینارێک لەسەر پرسی کورد لە ئێران بە بەشداری لێکۆڵەر و سیاسەتوان و چەند کەسایەتی کورد و ئەمریکایی بەڕێوەچوو. ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٦ی فێوریەی ٢٠٢٠ی زایینی، ئەنستیتۆی کورد لە واشینگتۆنی پێتەختی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کۆڕێکی لەسەر کوردی ئێران بە بەشداری لێکۆڵەر و سیاسەتوان و کەسایەتی کورد و ئامریکایی بەڕێوە برد. لەم کۆڕەدا نوێنەرانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ئامریکا چەند وتەیێکیان پێشکەش کرد و پاشان وڵامی پرسیارەکانی ئامادە بووانیان دایەوە. ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران یەکێک لە تەوەرە گرینگەکانی باسەکە بوو کە نوێنەرانی ئەحزابی کوردستانی لەو دانیشتنەدا بە کۆدەنگی پێداگرییان لە سەر کرد و ڕایانگەیاند کە ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران کۆڕبەندییەکی گرینگە لە پانتایی سیاسی لە کوردستانی ئێران و هەموو حیزب و ڕێکخراوەکانی ئەندام تێیدا هەوڵ دەدەن کە پێکەوە یەکدەنگ بن و ببنە خاوەنی پلاتفۆرمێکی هاوبەش. لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا کامڕان باڵنوور نوێنەری حیزب لە ئەمریکا باسێکی لەسەر چۆنیەتی ھەلومەرجی نالەباری ئابووری خەڵکی ڕۆژھەلاتی کوردستان و مافی مرۆڤ پێشکەشی ئامادەبووان کرد. باڵنوور لە بەشێک لە وتەکانیدا ڕایگەیاند کە گەلی کورد هەر لە سەرەتای شۆڕشەوە کەوتە بەر ڕق و ھێرشی نیزامی ڕێژیم و لە ھەمان کاتدا گەمارۆی ئابووری خرایە سەر کوردستان. سیاسەتی دوژمنکارانەی ڕێژیم نە تەنیا لە بواری ئابوری بەڵکوو لە ھەموو بوارەکاندا، بوو بە سیاسەتی ھەمیشەیی. خەڵکی کورد بە ھەموو چین و توێژەکانیەوە و بە شێوەی سیستماتیک بوون بە قوربانیی سیاسەتی دوژمنکارانەی ڕێژیم و بە داخەوە ئەم سیاسەتە تا ئەمڕۆ بەردەوامە و لە ئاکام دا کەموکوڕی و نەھامەتی لە ھەموو بوارەکانی ژیانی خەڵکدا بە باشی بەدی دەکرێ. کامڕان باڵنوور لە درێژەی وتەکانیدا ڕایگەیاند، فرۆشی زیاتر لە ٨ میلیۆن و ٣٠٠ هەزار بۆشکە نەوت و بەرهەمهێنانی زێڕ و گاز و ھەروەھا بەرھەمە کشتوکاڵییەکان نەک هەر یارمەتیدەری نەبوون بۆ باشکردنی ھەلومەرجی ئابووری کوردستان، بەڵکوو بە گشتی ھیچ یارمەتییەکی بە ژیانی ڕۆژانەی خەڵکی ئێران نەکردوە. سیاسەتی ڕێژیم تەنیا و تەنیا لە پێناو قازانجی سیاسەتی دەرەکی واتە یارمەتی کردن بە ئیدئۆلۆژی پاوانخوازانەی خۆی لە ژێر ئاڵای ئایین و توندڕەوی ئایینی و خزمەت بە تێرۆریزمی نێودەوڵەتیدا بووە. ھەر بۆیە گوشاری ئابوری ولاتانی ڕۆژئاوا و بە تایبەت ئامریکا کاریگەریی لە سەر ڕێژیمی تاران هەبووە و خستوویەتە تەنگانەوە و خەڵکی ئێران پێش گەمارۆکانی ئەمریکاش بەھۆی سیاسەتی ئەو ڕێژیمەوە ھەر لە تەنگانەدا بوون. پڕوپاگەندەی دەست و پەیوەندییەکانی رێژیم لە دەرەوە بە تایبەت نایاک NIAC( National Iranian American council ) لە ئامریکا، تەنیا بۆ یارمەتیدان بەو ڕێژیمە و کاربەدەستانی و درێژکردنەوەی تەمەنی پڕ لە شوورەیی ئەو ڕێژیمە نگریسەیە. ھیچ کام لە دەست و پێوەندەکانی ڕێژیم یارمەتیدەری خەڵکی ئێران نیین و نەبوون. لە مێژووی ٤١ ساڵی ڕابردوودا بەداخەوە لە ئەنجامی بەکارھێنانی ئەم سیاسەتە دژی مرۆڤانەی ڕێژیم خەڵکی کورد تووشی گرفتی جددی ئابووری بوون و کێشەی کۆڵبەری و گیان لەدەستدانی بەشێک لە ھاووڵاتیانمان لە پێناو بژێوی ژیاندا لە لایەک و لە لایەکی دیکەوە کێشەی بێکاری و خووگری بە ماددەی هۆشبەر و ھەزاران کێشەی دیکە بوون بە بەشێک لە ژیانی ڕۆژانەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان .