کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی جێژنی نەورۆز لە پارلمانی بریتانیا

01:29 - 23 رەشەمه 2719

ناوەندی گەشە و پێشکەوتنی کوردی لە بریتانیا بەرنامەیەکی تایبەتیی بەبۆنەی هاتنەوەی نەورۆزەوە لە پارلمانی بریتانیا رێکخست. لەم بۆنە تایبەتییەدا کە ڕۆژی چوارشەممە، ٢١ی ڕەشەمە (١١ی مارسی ٢٠٢٠) لە تەلاری پارلمانی بریتانیا بەڕێوە چوو، بەشێکی بەرچاو لە ئەندامانی پارلمانی بریتانیا، ئاکادمیست و نوێنەری بەشێك لە حیزب و لایەنەکانی کوردستانی و ڕەوەندی کورد لە بریتانیا بەشدار بوون. لەم ڕێوڕەسمەا چەند ئەندام پارلمانی بریتانیا کە دۆست و هاوسۆزی پرسی کوردن وتاریان پێشکەش کرد کە بریتی بوون لە: "نەدیم زەهاوی" ئەندامی پارلمانی بریتانیا لە حیزبی محافزەکار؛ وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی کە بە ڕەچەلەك کوردە؛ "بۆب سێلی"، ئەندامی پارلمان لە حیزبی محافزەکاران؛ "کریس ستێفان"، ئەندامی پارلمان لە حیزبی نەتەوەیی سکۆتلەند و، "برایم دۆگلوز"،  لە دامەزرێنەرانی ناوەندی گەشە و پێشکەوتنی کوردی لە بریتانیا. پرسی کورد لە بارودۆخی ئێستای هاوکێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناڤین، بۆنەی مێژوویی نەورۆز و لێک‌گرێدراویی لەگەڵ خەباتی شوناسخوازیی کورد و بابەتە ڕۆژەڤەکانی ئێستای جیهان و کوردستان نیوەرۆکی قسەی وتاربێژانی ئەم کۆبوونەوەیە بوو. لەم ڕێوڕەسمەدا هەیئەتێکی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەشدار بوون و لە پەراوێزی بەرنامەکاندا لەگەل ژمارەیەکی بەرچاو لە بانگهێشت‌کراوەکان و ئەندام پارلمانەکانی دۆست وەک نەدیم زەهاوی، ئەندامی پارلمانی بریتانیا و وەزیری بازرگانی و پیشەسازی دیدار و چاوپێکەوتنیان هەبوو. بەشێکی دیکەی ئەم ڕێورەسمە چەند بڕگەیەکی هونەری و مۆسیقیی کوردی بوو.