کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆتایی هاتنی دەورەی ٢٣٧ی فێرگەی پێگەیاندنی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستان

22:30 - 29 رەشەمه 2719

ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٩ی ڕەشەمەی ١٣٩٨ی هەتاوی، دەورەی فێرگەی پێگەیاندنی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە بەشداری بەرپرسانی فێرگە و مامۆستایان کۆتایی پێهات. سەرەتای ڕیوڕەسمەکە بە سروودی ئەی ڕەقیب و ڕیژەی پێشمەرگەکانی بەشداری دەورەوە دەستی پێکرد ودواتر بۆ ڕێزگرتن لە ڕوحی پاکی شەهیدانی کوردستان ساتێک بێدەنگی ڕاگەیەندرا. لە بەشێکی تری ڕێوڕەسمەکەدا، لە لایەن محەممەد سلێمانی بەڕێوەبەری ڕێوڕەسمەکە کورتە پەخشانێک و باسێکی کورت لەسەر ڕێوڕەسمی ئەم دەورەیەی فێرگە پێشکەش کرا. دواترخاتوو "ئارەزوو نستانی" ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دیموکراتی کوردستان وتارێکی پێشکەش کرد. خاتوو ئارەزوو وێڕای پیرۆزبایی لە پێشمەرگەکانی دەورەی ٢٣٧ی سەرەتایی پێشمەرگە، باسێکی کورتی لەسەر پێشمەرگە و ئەرکی پێشمەرگە پێشکەش کرد و ئاماژەی بە ڕۆڵی پێشەوا قازی محەممەد کرد لە دیاریکردنی ناوی پیرۆزی پێشمەرگە لە سەردەمی کۆماری کوردستاندا. ئارەزوو نستانی بە ئاوڕدانەوەیەک لە خەباتی مافخوازانەی گەلی کورد، باسێکی لەسەر زوڵم و زۆری ڕێژیمە یەک لەدوای یەکەکانی حاکم بەسەر کوردستاندا کرد و ڕۆڵی پێشمەرگەی وەک بەرگریکارێکی خۆنەویست لە بەگژداچوونەوەی داگیرکەرانی کوردستان بەرز نرخاند. نستانی لە درێژەی وتەکانیدا پڕژایە سەر ٤٠ ساڵ تەمەنی کۆماری ئیسلامی و زوڵم و زۆر و کوشتنی خەڵک لە لایەن حاکمانی تارانەوە و بێزراوی ڕێژیم لە نێوخۆی ئێران و لەنێو کۆمەڵگەی جیهانیدا و لەوبارەوە بەوردی ئاماژەی بە سیاسەتی هەڵە و چەواشەکارانەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد و لە کۆتاییدا هیوای خواست کە لاوانی پێشمەرگە لە ئەرک و کارەکانیاندا سەربەرز و سەرکەوتووبن. دواتر پەیامی پێشمەرگەکانی دەورە لە لایەن ئەوین دوستی خوێندرایەوە و پاشان لە لایەن کچان و کوڕانی دڵ پر لەهەستی کوردایەتی و نیشتمانپەروەری چەند شێعر و سروود و گۆرانی پێشکەش کران و لەنێو شادی و خۆشی بەشدارانی دەورە و مامۆستایان ڕێوڕەسمەکە کۆتایی پێهات.