کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشەوا ڕەمزی خەباتی شوناسخوازیی کوردە و کۆمارەکەشی ئیلهامە بۆ بنیاتنانەوەی کۆمارێکی دی

17:06 - 9 خاکەلێوه 2720

(پەیامی کۆمیسیۆنی کۆمەڵایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەبۆنەی 10ی خاکەلێوە، ڕۆژی شەهیدانی کوردستان)   بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان! هاوسەنگەرانی شەهیدان! پشتیوانانی بەهێزی جووڵانەوەی ڕزگاریخوازیی کوردستان! ئەمڕۆ، ١٠ی خاکەلێوە، ڕۆژی لە سێدارەدانی پێشەوای نەمر قازی محەممەد و هاوڕێیانی، ڕۆژی شەهیدانی سەربەرزی کوردستانە. ڕۆژی ئەو گیانبەختکەرانەیە کە بە خوێنی خۆیان سەنەدی ڕەوایی و بە حەقی بزووتنەوەی گەلەکەیان مۆر کرد و سەریان کردە بەردەبازی سەرکەوتنی گەلە بێبەشەکەیان. هەر بۆیە لەم ڕۆژەدا پێویستە لە بەرانبەر گەورەیی و خوێنی بە ناحەق‌ڕژاوی پێشەوای نەمر و هاوڕێیانی و گشت شەهیدان سەری کرنۆش و پێزانین دابنوێنین و لەم‌ڕۆژەدا کە بە ڕۆژی شەهیدان ناوزەد کراوە بڵێێن: هاورێیانی شەهید! ئەگەر ئێوە سەربازانی نیشتمان کە گیانتان بە سەخاوەتەوە لە سەر لەپی دەست دانا و بۆ ئاسوودەیی گەل و نیشتمان و بۆ چەسپاندنی و پاراستنی شوناسی نەتەوەکەتان پێشکەش کرد و چاوە پڕ هومید و ئاواتەکانتان لە سەریەک دانا، ئێمەش لە گەڵ ڕووحتان پەیمان نۆێ دەکەینەوە تا زەردەخەنە نەهێنینە سەرلێوی جگەرگۆشە و دایکانی جەرگ‌سووتاو و چاوەڕوان و خەڵکی تامەزرۆی ئازادی؛ لە خەبات و تێکۆشان ناوەستین و درێژەدەری ڕێگاتان دەبین. هەروەها بە ئیمان بە سەرکەوتنی خەباتی مافخوازانەمان، پێیان بڵێێن: ئێمە هاوسەنگەرانی وەفادار، لە سەر ڕێگا و ڕێبازتان قورس و قایم ڕاوەستاوین و لە پێناو ئامانجەکانتاندا بەبەردەوامی تێ‌دەکۆشین و تا وەدیهاتنیان کۆڵ نادەین.   بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان! وەک هەموو لایەک دەزانن حیزبی دێموکرات هەموو ساڵێک لە ١٠ی خاکەلێوە، ڕۆژی شەهیدانی کوردستاندا ڕێوڕەسمی تایبەت بەم ڕۆژە بە شکۆوە بەڕێوە دەبا و بە چەپکەگوڵی وەفا و پێزانینەوە سەردانی گڵکۆی شەهیدان و بنەماڵە سەربەرزەکانیان، لە هەر شوێنێکی ئەم جیهانە بن و سەریان نابێتەوە دەکا.  بەڵام ئەمساڵ بەو جۆرەی کە پێویست بوو نەمانتوانی ڕێوڕەسمی ١٠ی خاکەلێوە لەسەر مەزاری شەهیدانی خاک و نیشتماندا بەڕێوە ببەین. هۆکارەکەشی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆڕۆنا بوو کە دەبینین لە سەرتاسەری جیهاندا هەڕەشە لە گیانی مرۆڤایەتی دەکا و بەداخەوە کوردستانیشی گرتۆتەوە. بۆیە بە ڕەچاوکردنی ئەم پەیامە گشتییە کە (هەموومان لە ماڵەکانمان دەمێنینەوە) و لەبەر پاراستنی گیانی ڕۆلەکانمان، لەگەڵ داوای لێبووردن لە ڕووحی شەهیدان و بنەماڵەی شەهیدان، خۆمان لە بەڕێوەبردنی ڕێورەسم و سەردانی بەکۆمەڵی گڵکۆی شەهیدان پاراست. بەڵام هەموو دەتوانین لە ماڵەکانماندا بە ڕاگەیاندنی دەقیقەیەک بێدەنگی، ڕێز و حورمەتمان بۆ شەهیدان بە جێ گەیاندبێ و یادی هاوڕێ و هاوسەنگەرە شەهیدەکانمان کردبێتەوە.   خەڵکی خەباتکاری کوردستان! پێشەوا قازی محەممەد ٧٣ ساڵ پێش ئێستا، دوای نسکۆی ڕووخانی کۆمار و لەکاتی لەداردرانیدا فەرمووی بەکوشتنی من خەباتی نەتەوەی کورد و بیری ئازادیخوازی لە کوردستان لەبەین ناچێ، بەڵکوو ئەم خەباتە هەتا سەرکەوتنی ئەم میللەتە درێژەی دەبێ و لە داهاتوودا بەهێزتریش دەبێ. ڕێژیمی پاشایەتی بەهەڵە پێی‌وابوو کە بەو سەرکوتە خوێناوییە و ئێعدامی ڕێبەرانی حیزبی دێموکرات و کۆماری کوردستان دەتوانێ ئەم بیرە لە ڕەگ‌وڕیشەدا هەڵکێشێ. بەڵام ئەمڕۆ دەبینین کە پێشەوا بۆتە ڕەمزی کورد و خەباتە حەقخوازانەکەی لە هەموو بەشەکانی کوردستان، کۆمارەکەشی بووەتە نوێنگە و ئیلهامی بۆ بنیاتنانەوەی وەها کیانێکی سیاسی. لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش بیروباوەڕی پێشەوا قازی محەممەد و ئامانجەکانی کۆماری کوردستان هەروا ڕووناکیدەری خەباتی نەتەوەکەی بۆ ڕزگاری لە بندەستین.  ئەمڕۆکە بزووتنەوەی سیاسیی کورد لە ئێران کە میراتگری خەبات و گیانبازیی پێشەوا قازی محەممەد لەپێناو مافەکانی گەلی کوردە، بووەتە فاکتەرێکی بەهێزی خەبات و تێكۆشان بۆ ئازادی و دێموکراسی لە ئێراندا.   هاوڕێیانی خۆشەویست! ئێمە ئەمساڵ لە کاتێکدا یادی ڕێبەرانی شەهیدمان و یادی شەهیدانی سەربەرزی نیشتمانەکەمان دەکەینەوە، کە دەبینین بارودۆخی ئێران و کوردستان بە تایبەت پێی ناوەتە قۆناغێکی دژوار و لە هەمان کاتدا چارەنووسساز. بەهۆی کەڵەکەبوونی قەیرانە سیاسی و ئابوورییەکان و بێ‌کیفایەتیی کاربەدەستان ئێعتراز و نارەزایەتییەکان هەتا هاتوو بەربڵاوتر و گشتگیرتر بووە. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیش بەجێی بەخۆداهاتنەوە و هەوڵدان بۆ چارەسەری کێشەکان، هەر وەک پێشوو بە زەبری چەک و سەرکوت بەسەر ئەم ناڕەزایەتییانەدا زاڵ بووە. بەڵام هەر بەو هۆیەش نە لە نێوخۆی وڵات و نە لە دەرەوەی وڵاتیش هیچ متمانە و ئێعتبارێکی بۆ خۆی نەهێشتۆتەوە. سیاسەتی چەوتی بەڕێوەبەرانی کۆماری ئیسلامی بووەتە هۆی ئەوەی ئەم وڵاتە بخرێتە ژێر سەختترین سزا و گەمارۆ ئابوورییەکان، هەروەها بەهۆی لاساریی ئەم ڕێژیمە لە خۆبواردن و خۆدزینەوەی لە دەروەستییەکانی بە ڕێککەوتنە نێونەتەوەییەکان لە بواری گەڕانی دراو و سیستمی بانکیدا؛ چاوەڕوان دەکرێ گوشار و سزا ئابوورییەکانی سەر ڕێژیم لە داهاتوودا زیاتریش ببن. سیاسەتی دەستێوەردەرانەی ڕێژیم لە هاوکێشەکانی ناوچەش کە خۆی لە خەرجکردنی سەرچاوە و سامانە گشتییەکانی وڵات بۆ تەیارکردنی گرووپ و میلیشیا جۆراوجۆرەکانی لە وڵاتانی لوبنان، سووریە، عێڕاق و یەمەندا دەدیتەوە، ئەویش تووشی بنبەست و شکست هاتووە. ڕیسواییەکانی ڕێژیم دواتر گەیشتە بەردانەوەی بەئەنقەستی فڕۆکە ئۆکڕاینییەکە کە کوژرانی ١٧٦ کەسی لێکەوتەوە و پاشان لە هەڵبژاردنەکانی خولی یازدەی مەجلیسیشدا بینیمان کە خەڵک چ "نا"یەکی گەورە و ماناداری دیکەی بە ڕێژیم گوت و چۆن ڕێی خۆیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی جیا کردەوە. ڕێژیم لە نێوخۆی وڵاتیشدا بۆ خۆ دەرباز کردن لەو قەیرانانەی کە سەرتاپای پێکهاتەکەی داگرتوە، _وەک قەیرانە سیاسی و ئابووری و پەرەسەندنی قەیرانە کۆمەلایەتییە چارەسەرنەکراواوەکان_ دەستی لە هیچ کردەوەیەکی دژی ئینسانی نەپاراستوە و میکانیزمی دیتنەوەی ڕێگاچارەی تەنیا لە سەرکوتی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک، گرتن و کوشتن و بێسەروشوێن و زیندانی‌کردنی خەڵکی وەزاڵەهاتوو و چالاکانی مەدەنیدا دۆزیویەتەوە. بەڵام سەرباری هەموو ئەوانەدا نەیتوانیوە بەر بە پەرەسەندنی ڕەوتی مافخوازیی خەڵک بگرێ و ئەمڕۆکە دەبینین کە کارنامە و ئاکاری کۆماری ئیسلامی هێندەی دیکە خەڵکی لە سەر بڕیاری گۆڕینی هەلومەرجی ئارایی و خەبات بە دژی ئەم ڕێژیمە سوورتر و لێبڕاوتر کردوە. ناڕەزایەتییە یەک لە دوای یەکەکانی خەڵک لە هەموو چین و توێژەکان بەتایبەت لە چەند ساڵی ڕابردوودا و بە سەرنجدان بە دروشم و نێوەرۆکی خۆپیشاندانەکان پێمان دەڵێن کە خەڵک ئیدی ئەم ڕێژیمە گەندەڵە لە تەواوەتیی خۆیدا ڕەت دەکەنەوە و ئامادەن بۆ گۆڕینی ئەم ڕێژیمە و سەرخستنی ویستەکانیان هەموو تێچوویەک بدەن.   بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان! لە ڕۆژی ١٠ی خاکەلیوە، ڕۆژی شەهیدانی کوردستان سڵاو و ڕێز دەنێرین بۆ سەرجەم شەهیدانی کوردستان و جارێکی دیکە لە بەرانبەر رووحی شەهیدانی سەربەرز بەڵێن دەدەین و بنەماڵە سەربەرزەکانیان دڵنیا دەکەینەوە تاگەیشتن بە خەونە زێرینەکانیان و ئەو ڕێگا و ڕێبازەی لە پێناویدا گیانیان بەخت کرد دریژە بدەین،  تا سەرکەوتن. سەری وەفا و ڕێز و ئەمەگناسی دادەنوێنین لە بەرانبەر کەسوکاری شەهیدان و منداڵە نازلیشێواوەکانی شەهیدان. سڵاو لە گیانی پاکی ڕێبەرانی شەهید قازی، قاسملوو، شەرەفکەندی سڵاو لە شەهیدانی ڕێگای ئازادی سلاو لە بنەماڵەی شەهیدان و بنەماڵەی زیندانیانی سیاسی     کۆمیسیۆنی کۆمەڵایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان ١٠ی خاکەلێوەی ١٣٩٩ی هەتاوی