کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزب یادی شەهیدان بەرز ڕاگیرا

15:22 - 10 خاکەلێوه 2720

لە ڕێوڕەسمێکدا کە بە بەشداریی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەڕێوەچوو، یاد و بیرەوەریی شەهیدانی کوردستان بەرز ڕاگیرا. بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، ١٠ی خاکەلێوە، هەیئەتێکی حیزبێکی دێموکراتی کوردستان بە بەشداریی ئەندامانی دەفتەری سیاسی لەسەر مەزاری شەهیدان لە دەورووبەری بنکەی دەفتەری سیاسی کۆبوونەوە. لەو ڕێوڕەسمە سیمبولیکەدا کە بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا و بۆ ڕەچاوکردنی ڕێنماییە تەندروستییەکان سنووردار بەڕێوەچوو، بەشداران سەردانی گڵکۆی شەهیدانیان کرد و وێڕای ناردنی سڵاوی وەفا، پەیمانی درێژەدانی ڕێگای خەباتیان لەگەڵ نوێ کردنەوە. لەم ڕێورەسمەدا تاجەگوڵینەی بەرزڕاگرتنی یاد و بیرەوەریی شەهیدان لە لایەن بەڕێز مستەفا مەولوودی، جێگری سکرتێری گشتیی حیزبەوە لەسەر مەزاری شەهیدان داندرا. پێشتر کۆمیسیۆنی کۆمەڵایەتیی حیزبی دێموکرات پەیامێکی بەبۆنەی ١٠ی خاکەلێوە، ڕۆژی شەهیدانی کوردستان بڵاوی کردبۆوە. لە بەشێک لەو پەیامەدا هاتوە کە حیزبی دێموکرات هەموو ساڵێک لە ١٠ی خاکەلێوە، ڕۆژی شەهیدانی کوردستاندا ڕێوڕەسمی تایبەت بەم ڕۆژە بە شکۆوە بەڕێوە دەبا و بە چەپکەگوڵی وەفا و پێزانینەوە سەردانی گڵکۆی شەهیدان و بنەماڵە سەربەرزەکانیان دەکا.  بەڵام ئەمساڵ بەو جۆرەی کە پێویست بوو نەمانتوانی ڕێوڕەسمی ١٠ی خاکەلێوە لەسەر مەزاری شەهیدانی خاک و نیشتماندا بەڕێوە ببەین. هۆکارەکەشی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆڕۆنا بوو کە دەبینین لە سەرتاسەری جیهاندا هەڕەشە لە گیانی مرۆڤایەتی دەکا و بەداخەوە کوردستانیشی گرتۆتەوە. بۆیە بە ڕەچاوکردنی ئەم پەیامە گشتییە کە (هەموومان لە ماڵەکانمان دەمێنینەوە) و لەبەر پاراستنی گیانی ڕۆلەکانمان، لەگەڵ داوای لێبووردن لە ڕووحی شەهیدان و بنەماڵەی شەهیدان، خۆمان لە بەڕێوەبردنی ڕێورەسمی گەورە و سەردانی بەکۆمەڵی گڵکۆی شەهیدان پاراست. بەڵام هەموو دەتوانین لە ماڵەکانماندا بە ڕاگەیاندنی دەقیقەیەک بێدەنگی، ڕێز و حورمەتمان بۆ شەهیدان بە جێ گەیاندبێ و یادی هاوڕێ و هاوسەنگەرە شەهیدەکانمان کردبێتەوە. هەروەها دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانیش لە پەیامێکدا ڕوو بە بنەماڵەی شەهیدان ڕایگەیاندوە: " دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ڕۆژی ١٠ی خاکەلێوە، ڕۆژی "شەهیدانی کوردستان"دا وێڕای ناردنی سڵاو بۆ گیانی پاکی هەموو شەهیدانی کوردستان، قەدر لە بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان دەگرێ و سڵاو بۆ باوەڕ و خۆڕاگرییان دەنێرێ. ئێمە هەر لە ڕێبەرانی شەهیدمان فێر بووین کە باشترین پاداش بۆ شەهیدان درێژەدانی ڕێگەیانە، بۆیە لەو ڕۆژەدا وێڕای بەرزڕاگرتنەوەی یادی شەهیدان، پەیمانیان لەگەڵ نوێ دەکەینەوە کە هەتا وەدیهاتنی ئامانجەکانیان کە ئازادی و ڕزگاریی کوردستانە، لە سەنگەری ئەم خەباتە ڕەوایەدا دەمێنینەوە و، درێژەدەری ڕێگای خەباتگێرییان دەبین.