کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی سەرەخۆشیی دەفتەری سیاسیی حیزب لە مەکتەبی سیاسیی یەکیەتیی نیشتمانی و بنەماڵەی خوالێخۆشبوو جەماڵ‌ئاغا

21:26 - 15 خاکەلێوه 2720

دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە پەیامێکدا بەبۆنەی کۆچی دوایی جەماڵی حەکیم‌ئاغا سەرەخۆشیی لە مەکتەبی سیاسیی یەکیەتیی نیشتمانی و بنەماڵەی خوالێخۆشبوو کردوە. دەقی پەیامەکە بەمجۆرەیە:  

بەڕێز مەکتەبی سیاسیی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان! ئەندامانی بەڕێزی بنەماڵەی خوالێخۆشبوو جەمال‌ئاغا!

دەگەڵ سڵاو و ڕێز

بە داخ ‌و کەسەرەوە هەواڵی کۆچی دوایی تێکۆشەری لەمێژینە هەڤاڵ جەمال حەکیم‌ئاغامان پێگەیشت. بەم هۆیەوە بە ناوی دەفتەری سیاسی و تێکڕای ئەندامانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانەوە بەداخبوونی خۆمان دەردەبڕین و خۆمان لە غەمی لەدەستدانیدا بە هاوبەشی ئێوە دەزانین. جێگای داخە کە بەهۆی هەلومەرجی ئێستای کوردستان و ڕووبەڕووبوونەوەی هەمووان دەگەڵ پەتای کوشندەی کۆڕۆناوە دەرەتانی ئەوە نەبوو کە ڕێوڕەسمێکی شیاوی خەبات و ڕابردووی ئەو کۆچکردووە نەمرە ڕێک‌بخرێ تا ئێمەش توانیبامان لەنیزیکەوە لەگەڵتان بین و پێکەوە خەباتگێڕێکی وەک جەمال‌ئاغا لەنێو خۆمان بەڕێ بکەین. هەربۆیە وێڕای ڕێز و حورمەت بەم هۆیەوە سەرەخۆشی و هاودەردیمان پێشکەشی ئێوە و هەموو هاوڕێ و هاوخەباتەکانی و تەواوی خزم و کەسوکار و دۆست و هاوڕێیانی دەکەین. ئاواتەخوازین جێگای مامە جەمال بەهەشتی بەرین بێ ، تەمەنی درێژی بۆ ئازیزانی بەجێ هێشتبێ و ڕێگای وەدیهێنانی ئامانجەکانی هەمیشە پڕ ڕێبوار بێ.

دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان ٠٣\٠٤\٢٠٢٠- ١٥\٠١\١٣٩٩